شەریفە محەمەدی: ماوەی ١٤ مانگ لە تێكەڵبوونی ژنانی زیندانیكراو دووریان خستمەوە
شەریفە محەمەدی، زیندانی سیاسی دەڵێت: ماوەی ١٤ مانگ لە تێكەڵبوونی ژنانی زیندانیكراو دووریان خستمەوە، جارێکی دیكە بەهار هاتەوە و هیچ زستانێک بۆ هەمیشە بەردەوام نابێت، دەبێت بە هیواوە بژین.

ناوەندی هەواڵ
لە ٥ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ شەریفە محەمەدی تەمەن ٤٥ ساڵی خەڵکی ورمێ و دانیشتووی شاری ڕەشت، لەلایەن کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی زانیاریی ڕەشت بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی دەوڵەت” دەستگیر کرا و لە ١٣ـی مانگی شوباتدا سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی پەسەند کرا.
شەریفە محەمەدی زیندانیی سیاسیی لە زیندانی لاکان و سزادراو بە لەسێدارەدان سەبارەت بە پرۆسەی دادگایی کردنەکەی و سەپاندنی سزاکەی پەیامێكی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، بەرپرسانی زیندانی لاکان لە ڕۆژی لەدایکبوونمدا سزای لەسێدارەدانەکەیان پێی ڕاگەیاندم. لە کاتی لێپرسینەوە لە ژێر ئەشکەنجە هەڵاتم بۆ ئەوەی دانپێدانانی زۆرەملێ واژۆ نەکەم، بەڵام بەو هۆیەوە زیاتر ئەشکەنجەدرام و دەمووچاوم زیانی پێگەشت.
وتیشی: لەدوای ئەشکەنجەدانم و شین بوونەوەی دەمووچاوم بۆ ماوەی سێ مانگ لە ژووری تاکەکەسی زیندانیی کرام و تێکەڵ بە ژنان نەکرام، لەو ماوەیەدا ١٤ کیلۆ لە کێشم دابەزی، هۆکاری سزادانم ئەوەیەو کە زیاتر لە ١٠ ساڵە ئەندامی کۆمیتەی هەماهەنگی یارمەتیدان لە دامەزراندنی ڕێکخراوە کرێکارییەکان بووم و بە ئاشکرا چالاکییەکانم ئەنجامداوە.
لە کۆتاییدا وتوویەتی: هێشتا نازانم چ تاوانێکم ئەنجامداوە، کە شایەنی سزایەکی نادادپەروەرانە بم، بەڵام جارێکی دیكە بەهار هاتەوە و هیچ زستانێک بۆ هەمیشە بەردەوام نابێت، نابێت مرۆڤ لە خەم و پەژارەدا بژی و چۆک دابدات، دەبێت بە هیواوە بژیت بژین.