"شەرەف لە پاراستنی خاکدایە نەک لە جەستەی ژن"

ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ناڕەزایی خۆیان لە کوشتنی دوو منداڵی کچ لە کانتۆنی مەنبەج بە بیانووی 'شەرەف' دەربڕی و ڕایانگەیاند، شەرەف لە جەستەی ژناندا نییە، لە پاراستنی خاک و نیشتماندایە.

سیلڤا ئیبراهیم  

 

ڕەققە-دوو منداڵی کچ کە لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتی تورکەوە لە مەنبەج ڕفێندرابوون، دوای ئازادبوونیان لەلایەن بنەماڵەکانیانەوە کوژران، ژنان لە کۆمەڵکوژی کچان لە مەنبەجی داگیرکراو توڕەن، ژنانی ناوچە جیاجیاکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا خوازیاری سزادانی ئەو کەسانە بوون کە بەرپرسیارن و چەتەکان لە خاکی خۆیان دەربکرێن. 

  

"ژنان دەتوانن لەڕێگەی پەروەردەی خۆیانەوە خۆیان لە کۆمەڵکوژییەکان ڕزگار بکەن" 

ئاسیا حیسن، ئاوارەی شاری داگیرکراوی سەرێکانییە، ڕایگەیاند کە ژنان لە ڕێگەی بەرخۆدان و ڕێکخستنی خۆیانەوە بەرەنگاری ئەو دڕندەیانە دەبنەوە و وتی: ڕاستگۆیی ژنان و بەرخۆدانیان بەرامبەر بە پێشێلکارییەکان پەیوەستە بە ئاستی هۆشیاری و پەروەردەیانەوە، دۆخی ئەوان لەگەڵ پەروەردە و هۆشیاریدا گۆڕانی بەسەردا هات، ژنانی عەلەوییش کاتێک لە خوێندن بێبەش دەکران، خۆیان لە کۆمەڵکوژییەکان دەپاراست، چونکە بناغەیەکی پەروەردەیی باشیان هەبوو. 

 

"شەرەف خاک و نیشتمانە" 

دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٩ شاری سەرێکانی لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتی تورکەوە داگیرکرا، ئاسیا حسێن ناچار بوو لەگەڵ خێزانەکەی ڕوو لە کانتۆنی مەنبەج بکات، هەروەها دوای داگیرکردنی مەنبەج ڕووی لە ڕەققە کرد و وتی: ماوەی ٦ ساڵە لەگەڵ خەڵکی مەنبەج کار و گەڕانم کردووە، ئێمە ڕاستی ژن و سروشتی ئەوانمان بینیوە، ژنانی مەنبەج کە بەدوای ئازادی لە خوێندندا دەگەڕان، کردەوەی داگیرکەریەکەیان قبوڵ نەکرد، بەداخەوە ئەو ژنانەی لە خوێندن دوور خرانەوە ئێستا ڕووبەڕووی مردن و کوشتن دەبنەوە، لەجیاتی ئەوەی خێزانەکان دۆسیەی ڕفاندنی منداڵەکانیان لەلایەن باندەکانەوە بۆ جیهان ئاشکرا بکەن، بەناوی شەرەفەوە دەیانکوژن. " شەرەف پاراستنی خاکە نەک جەستەی ژنان. 

 

"ژنان داوای خۆبەڕێوەبەری دەکەن" 

ئاسیا ئاماژەی بەوەشکردووە، پێش داگیرکردنی مەنبەج ٥٥ دامەزراوە هەبووە کە مەنبەجیان بەڕێوەبردووە و٥٠٪ی خەڵکی ئەو دامەزراوانەش ژن بوون، سەرەڕای ئەوەی کە ژنانی مەنبەج پێشەنگن لە خزمەتکردنی کۆمەڵگەکەیان و بەڕێوەبردنی کاروباری کۆمەڵگاکەیان، ئێستا ڕووبەڕووی نادادپەروەری و کوشتن و ڕفاندن و پێشێلکاری بوونەتەوە و وتی: ژنانی مەنبەج داوای گەڕانەوەی خۆبەڕێوەبەری دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بەو کابوسە کە ژیانیانی تێکداوە. 

  

"کردەوەکان جیاوازن بەڵام داگیرکاری وەک یەکە" 

ئاسیا حسێن ئاشکرای کرد، ئەو کردەوانەی لە سەرێکانی، گیرێ سپی، عەفرین و مەنبەج ڕوودەدەن، لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانییەوە ئەنجامدەدرێن و وتی: پێشێلکارییەکانی مەنبەج هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ ناوچە داگیرکراوەکانی دیکە نییە. چونکە داگیرکارییەکە وەک یەکە و عەقڵییەتی دڕندانە لە هەموو بوارەکاندا زاڵە، زیندانە داگیرکراوەکانی عەفرین پڕن لە ژنە ڕفێنراوەکان، ئەمڕۆش ژنانی مەنبەج بە دیل گیراون، جگە لەوەش دابەشکردنی ماددە هۆشبەرەکان و تاوانەکان دژی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بەردەوامە. 

"ژنانی گەنج پایەی کۆمەڵگەن و بەو هۆیەوە دەکرێنە ئامانج" 

لەتیفە حەسەن، هاوسەرۆکی تەڤگەری ژنانی شۆڕشگێر ڕایگەیاند کە لەو ڕۆژەوە کە مەنبەج لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتی تورکیاوە داگیرکرا، خەڵک ڕووبەڕووی کردەوە و پێشێلکاریی دڕندانە بووەتەوە، و وتی:  ئەو خەڵکە ڕووبەڕووی کردەوەی دڕندانە و پێشێلکاری دەبنەوە، ڕووبەڕووی کوشتن و ڕفاندن و دزی و وێرانکاری دەبنەوە، ژنان زۆرترین کاریگەرییان لەسەر ئەو کردەوانە هەیە، لەم دواییانەشدا کوشتنی دوو منداڵی لەلایەن خێزانەکانیانەوە ڕوویدا، ئەو منداڵانەی کە لەلایەن چەتەکانەوە ڕفێندراون، دوای ئازادبوونیان لەلایەن خێزانەکانیانەوە کوژراون. ژنانی گەنج هەوێنی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئازادن، هەر بۆیەش دەکرێنە ئامانج، داوا لە ژنان دەکەین هێزەکانیان یەکبخەن و پشتگیری یەکتر بکەن بۆ ئەوەی دژی ئەم تاوانانە بوەستنەوە. 

 

"دەبێت ژنان دەنگی خۆیان لە دژی دەستدرێژیکاران بەرز بکەنەوە" 

مونا ئەحمەد، خوێندکاری یاسا کوشتنی ئەو دوو کچەی بە بیانووی 'شەرەف' ئیدانە کرد و ڕووداوەکەی بەم شێوەیە وەسف کرد: "ئەم ڕووداوە بێ ئەخلاقی و نایاساییە بەناوی شەرەفەوە ئەنجامدراوە، ژنان بە بیانووی شەرەف دەکوژرێن تەنها بۆ شاردنەوەی ئەو ڕاستی و ڕووداوانەی کە ڕوودەدەن. گرنگە ژنان دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە دژی ئەو کارانەی کە بەرامبەریان دەکرێت.