شلێر مودیرزادە لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە بێسەروشوێن کراو نەدا دەدەجانی سزا درا

کۆڵبەرنیوز بڵاوی کردەوە،شلێر مودیرزادە لە پاوە دوای دەستبەسەرکردنی بێسەروشوێنکراوە و هەروەها نەدا دەدەجانی، هونەرمەندی شانۆکار لەلایەن دادگاوە سزا درا.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆڵبەرنیوز سەبارەت بە دەستبەسەرکردن و سزادانی دوو ژنی کورد لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە ئاماژەی بەوەکرد، شلێر مودیرزادە لە دوای هێرشی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران جارێکی دیکە دەستبەسەر کراو بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، شلێر مودیرادە بەبێ بەڵگەنامەی دادوەری و بە فشار و هەڵسوکەوتی ئەمنیدا دەستبەسەر مراوە، تاکوو ئەم ساتە، بەدواداچوونەکانی بنەماڵە و کەسوکاری ئەم دوو هاوژینە بۆ ئاگاداربوون لە دۆخیان، شوێنی ڕاگرتنیان و تۆمەتەکانی دژیان بێوەڵامە.

 

باس لەوەشکراوە، نەدا دەدەجانی هونەرمەند و خەڵکی قوروە و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەیی گەلانی ئێران لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای سێ ساڵ زیندانیی و دوو ساڵ دوورخستنەوەی بۆ شاری نێکشار لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان بەسەردا سەپێندرا.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، نەدا بە تۆمەتی ” گردبوونەوە و پشتیوانی دژی ئاسایشی ناوخۆیی وڵات و تێکدانی ئاسایشی گشتی” سزا دراوە.

 

نەدا دەدەجانی یەکێکە لە هونەرمەندە ناسراوەکانی بواری شانۆ، کە پێشتر لە هەشتەمین فێستیڤاڵی شانۆی ناوچەیی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکاندا، سەرکەوتووبووە لە بەدەستهێنانی خەڵاتی هەڵبژێردراوی بووکەڵەگرتنی شانۆیی و خەڵاتی یەکەمی دیزاین و درووستکردنی بووکەڵە، هەروەها خاوەنی ئەزموونی چالاکییە وەک دیزاینەری جلوبەرگ و گریمی تابلۆ و بەرهەمە شانۆییەکانە.