شاری ژنان جزیرەی بۆتان: شارێک بە ڕەنگی ژنان بونیاد دەنێین
گولەر تونچ یەرباسان، هاوشارەوانی جزیری بۆتان ڕایگەیاند کە ئەو دامەزراوەی ژنانەی کە لەلایەن قەیومەکانەوە داخرابوون، دووبارە کردوویاننەتەوە و بۆ ئەنجامدانی کارەکانی تایبەت بە شاری ژنان کۆبوونەوە ساز دەکەن، شاری ژنان، مۆدێلی ژیانی یەکسانە.
ئەکین ستێرک
ئامەد –لیژنەی ژنانی بەڕێوبەرایەتییە خۆجێییەکانی پارتی دیموکراتی و یەکسانی "دەم پارتی"، لە مانگەکانی ڕابردوودا بە دروشمی "بە ئیرادەی ژنان دەبینە کۆمۆن، بە بەڕێوبەرایەتییە خۆجێییەکان کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک بنیاد دەنێین" دەستی بە ئامادەکارییەکانی ئەم کۆنفرانسە کردبوو. کۆنفرانسی کۆتایی لە شەش و حەوتی حوزەیراندا لە ئامەد سازکرا. لەو کۆنفرانسە گشتییەشدا کە لە هەشت و نۆی حوزەیراندا بەڕێوەدەچێت، گفتوگۆ لەسەر کارەکانی دوو ساڵی ڕابردووی شارەوانییەکان، ئەو بوارانەی کە کەمکوڕییان تێدابووە و بوارە نوێیەکانی کارکردن دەکرێت.
گولەر تونچ یەرباسان، هاوشارەوانی جزیرەی بۆتان سەبارەت بە ئامانجەکان و کۆمۆنەکان هەڵسەنگاندنی کرد و ئاوڕی لەوە دایەوە کە بۆ هەڵسەنگاندنی کارە ئەنجامدراوەکان و گفتوگۆکردن لەسەر ڕێگاکانی چارەسەری کۆبوونەتەوە و وتی: ئەم کۆنفرانسە چوار ڕۆژ دەخایەنێت؛ دوو ڕۆژی تایبەت بۆ ژنان و دوو ڕۆژەکەی تریش بە تێکەڵاوی دەبێت. ئێمە لێرە کۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر کارەکانی دوو ساڵی ڕابردوو، ئەو ناوچانەی کەمکوڕیمان تێیاندا هەیە، پڕۆژەکان و بوارە جیاوازەکان بکەین و چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزینەوە.

'ژنان بێ بەدیل هێڵدرانەوە'
گولەر تونچ یەرباسان ئاماژەی بەوەدا کە لە سەردەمی قەیومەکاندا وێرانکاری گەورە لە دژی دامەزراوەکانی ژنان ئەنجامدراوە، و ڕایگەیاند کە دوای هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ساڵی ٢٠٢٤، شارەوانییەکان دووبارە دەستیان بە کردنەوەی دامەزراوەکانی ژنان کردووەتەوە.
گولەر تونچ یەرباسان بەم شێوەیە بەردەوام بوو: زۆرێک لە هاوشارەوانییەکان و لە هەمان کاتدا ئەندامانی ئەنجومەن کە ببوونە نوێنەر بەشدارییان لە کۆنفرانسەکەدا کردووە. بێگومان لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٩-٢٠١٤ دا کاروچالاکی گرنگی ژنان هەبوون، بەڵام مەخابن لە ساڵی ٢٠١٦دا قەیومەکان داسەپێنران و ئەم دۆخە بۆ ماوەی دە ساڵ بەردەوام بوو. لەم ساڵانەدا دەست بەسەر شارەوانییەکاندا گیرا؛ ناوەند و گۆڕەپانەکانی تایبەت بە ژنان یان بە تەواوی داخران، یان ڕادەستی دامەزراوەکانی تر کران. ژنان بە هەموو شێوەیەک بێ بەدیلهێڵدرانەوە، بەڵام دوای هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ساڵی ٢٠٢٤ و دوای ئەوەی شارەوانییەکانمان گرتەوە دەست، دووبارە دەستمان بە کردنەوەی دامەزراوەکانی ژنان کردەوە.
'شاری ژنان پەیامێکە'
گولەر تونچ یەرباسان وتی کە شاری جزیری یەکێکە لەو ناوچانەی کە وەک شاری ژنان ڕاگەیەندراون، ئەمەش بەو مانایەیە کە لەو شارانەی کە سیاسەتی شەڕی تایبەتیان تێدا زۆر بەهێزە، تێکۆشانی ژنان لێیاندا گەورەتر دەبێت. جزیریش یەکێکە لەو شارانە کە لە بەڕێوبەرایەتییە خۆجێییەکاندا وەک شاری ژنان ڕاگەیەندران و وەک شاری نموونەیی پایڵۆت هەڵبژێردران. شارەکانی ئامەد، نسێبین، جزیری، گەوەر و ئارتەمێتی وان هەڵبژێردران. ئێمە ئەم شوێنانەمان وەک شاری ژنان ڕاگەیاند، ئێستاش لەسەر مانا، بەرپرسیارێتی و قورسایی ئەم بڕیارە قسان دەکەین. لە ماوەی ١٠ بۆ ١٥ ساڵی ڕابردوودا و لەگەڵ سەردەمی قەیومەکاندا، بینیمان کە عەقڵییەتی پیاوسالارانەی چەقبەستوو باڵادەست بوو. لەبەر ئەوە، بە تایبەتی لە کوردستان، هەڵبژاردنی ئەم ناوچە نموونەییانە لە هەمان کاتدا بە واتای پەیامێکی گەورە دێت.
گرنگی شاری ژنان
گولەر تونچ یەرباسان سەبارەت بە هۆکاری گرنگی کارکردن بۆ شاری ژنان وتی: لەو شوێنانەی کە سیاسەتی شەڕی تایبەت زۆرە، ڕووداوەکانی کوشتنی ژنان زیاد دەکەن، ژنان دەبنە ئامانجی سیاسەتی ماددە هۆشبەرەکان و لەشفرۆشی؛ ڕاگەیاندنی شاری ژنان دەبێتە هۆی ئەوەی کێشە هەیەکان و بارگرانییە قورسەکان زیاتر بەدیار بکەون و ببینرێن. شاری ژنان بەو مانایەیە کە ئەو شارە بە ڕەنگ، زمان و دیدگای ژنانەوە دووبارە دابڕێژرێتەوە. ئەمە بەو مانایە نییە کە تەنیا ژنان بەڕێوبەر بن یان مۆدێلێک بێت کە تەنیا لە ژنان پێکهاتبێت. لێرەدا ئامانجەکە ئەوەیە کە سیستمێک کە بنەمای یەکسانی و نوێنەرایەتی یەکسان دەکاتە بنەما، بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئێستاش لەسەر ئەم بنەمایە کارەکان بەڕێوەدەچن.
گەڕەک بە گەڕەک لەگەڵ ژنان کۆبوونەوە
گولەر تونچ یەرباسان ئاماژەی بەوەدا کە پێش ڕاگەیاندنی شاری ژنان، لە گەڕەکەکاندا لەگەڵ ژنان کۆبوونەتەوە و گوێیان لە داواکاری و پێشنیارەکانیان گرتووە و وتی: نزیکەی سێ-چوار مانگ لەمەوبەر دەستمان بەم کارە کرد و جزیریمان وەک شاری ژنان ڕاگەیاند، بەڵام پێش ئەمە لە ١٠ بۆ ١٥ گەڕەکدا کۆبوونەوەی ژنانمان ساز کرد. لە ژنانمان پرسی: ئایا ئێوە شاری ژنانتان دەوێت؟ دەتانەوێت شارەکە چۆن بێت؟ بۆچی شاری ژنان؟ و گوێمان لە داواکاری و پێشنیارەکانیان گرت. لەم دیدار گۆڕینەوانەدا بینیمان کە لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا و تەنانەت زیاتریش، ژنان لە ناو ماڵەکاندا بەند کرابوون، هیچ شوێنێکی ژیانی یەکسان بۆ ژنان و تەنانەت شوێنی گونجاو بۆ منداڵانیش بوونی نەبوو. لەسەر بنەمای ئەم پێداویستییانە، شاری ژنان ڕاگەیاندرا.
پەیوەندییەکان لە شارەوە تا گوندەکان
گولەر تونچ یەرباسان ڕایگەیاند کە لە گوندەکانیشدا کار و چالاکییان ئەنجامداوە و بەم شێوەیە بەردەوام بوو: ئێمە ئەم کارانە لە گوندەکانیشدا دەکەین و پڕۆژەی جیاواز دەخەینە بواری جێبەجێکردنەوە. تا ئێستا لە دوو سێ گوند دەستمان بە کارەکان کردووە و ئەمەش بەردەوام دەبێت. سەردانی گەڕەک و ماڵەکان دەکەین و خۆمان دەگەیەنینە ئەو ژنانەی لە ماڵەوەن. لەسەر بابەتی توندوتیژی قسە دەکەین، پێداویستییەکانی پاڵپشتی دەروونی هەڵدەسەنگێنین و تێبینی لەسەر هەموو ئەمانە تۆمار دەکەین.

بەڕێوبەرایەتییەکانی سیاسەتی ژنان دووبارە کرانەوە
گولەر تونچ یەرباسان وتی، کاتێک هاتوونەتە سەر کار، بەڕێوبەرایەتی سیاسەتی ژنان بوونی نەبووە و ئەم بەشەی کە لەلایەن قەیومەوە داخرابوو، دووبارە کردوویانەتەوە: کاتێک هاتینە سەر کار، بەڕێوبەرایەتی سیاسەتی ژنان بوونی نەبوو، چونکە قەیوم لە ساڵی ٢٠١٦دا دایخستبوو. ئێمە دووبارە بەڕێوبەرایەتی سیاسەتی ژنانمان کردەوە، دواتریش ئەو ژنانەی کە لە سەردەمی قەیومەکاندا لەو بەشەدا کاریان دەکرد و لەسەر کار لادرابوون، گەڕاندماننەوە سەر کار و بە خێرایی دەستمان بە کارەکانمان کردەوە.
گولەر تونچ یەرباسان ئاماژەی بەوەدا کە لەژێر چەتری ئەم بەڕێوبەرایەتییەدا، سێ یەکەی سەرەکی هەن: یەکەی ئابووری، یەکەی توندوتیژی، و یەکەی پەروەردە. لە ئێستادا سەرجەم یەکەکانمان لە بوارەکانی خۆیاندا بەردەوامن لە کارەکانیان. بێگومان کات بە کات ڕووداو دەدەن؛ ڕاگەیاندنی شاری ژنان یان گرتنەدەستی شارەوانی بەو مانایە نییە کە ڕووداوەکانی کوشتنی ژنان کۆتاییان هاتووە. سیاسەتەکانی ماددەی هۆشبەر و لەشفرۆشیش هێشتا بەردەوامن. تێکۆشانی ئێمە دژی ئەمانە بەردەوام دەبێت.
"ئێمە بە ئامانجی کۆمۆنکردنی شارەوانی دەجووڵێینەوە"
گوڵەر تونچ یەرباسان ئاماژەی بەوەدا کە کۆنفرانسەکە لە هەمان کاتدا ڕێگەی لەبەردەم گەنگەشەکردنی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و ڕۆڵی بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێییەکان کردووەتەوە و ڕایگەیاند کە ئەوان خۆیان بۆ قۆناغێکی نوێ ئامادە دەکەن. گوڵەر تونچ یەرباسان وتی: ئامانجی کۆنفرانسی ئەمڕۆمان ئەوەیە کە شارەوانییەکان بە تەواوی بکەینە کۆمۆن و شوێنی گەل. ئێمە ئەم کۆنفرانسانە بەو ئامانجە ڕێکدەخەین کە لە لایەن ژنان، منداڵان, گەنجان، گەل و کۆمەڵگەوە زیاتر متمانەی پێبکرێت و ببینرێت. لەبەردەمماندا قۆناغێکی کارکردن هەیە؛ قۆناغی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و لە هەمان کاتدا قۆناغی ئاشتی. لەگەڵ ئەم قۆناغەدا، سەردەمێک دەستپێدەکات کە تێیدا ڕۆڵ و ئەرکی بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێییەکان زیاتر دەبێت. ئێمە دەتوانین بەمە بڵێین قۆناغی نوێ.
پڕۆژەکان بۆ ڕەخساندنی هەلی کار بۆ ژنان
گولەر تونچ یەرباسان ڕایگەیاند کە بۆ ئەوەی ژنان لە بواری ئابووریدا زیاتر جێگەیان ببێتەوە، پڕۆژەی نوێیان پەرەپێداوە و وتی کە 'بۆستانی شاری ژنان'یان کردووەتەوە. ئەو بەم شێوەیە بەردەوام بوو: ئێمە بۆستانی شاری ژنانمان دامەزراند. نزیکەی ١٠ ڕۆژ لەمەوبەر بە مەراسیمێک بۆستانەکمان کردەوە. لە ئێستادا ٦ بۆ ٧ هاوڕێی ژنمان تێیدا کار دەکەن. کارەکانمان لە مەیداندا بەردەوامن بۆ ئەوەی ژمارەیان زیاد بکەین. ئەو سەوزەوات و بەرهەمانەی لە بۆستانەکەوە بەرهەم دێن، لەلایەن ژنان خۆیانەوە دەفرۆشرێن، بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵ دەدەین شوێنێکی تایبەت بە فرۆشتنیان بۆ دروست بکەین.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە 'ناوەندی بەرهەمهێنان و دەستڕەنگینی ژنان'یشیان کردووەتەوە و سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا کە ئەم ناوەندە دەکرێت وەک شوێنێکی کۆمەڵایەتی بۆ ژنان و گەنجان بەکاربێت و وتی: لەو ناوەندەدا ٦ بۆ ٧ کارمەندی ژن هەن. لێرەدا ژنان دەتوانن بێن و بحەسێنەوە، کتێب بخوێننەوە و وانەکانیان بخوێنن.
باخچەیەکی مزرەمەنییەکان دروست دەکرێت
گولەر تونچ یەرباسان ڕایگەیاند کە لە نێو پڕۆژە نوێیەکانیاندا، کارکردن بۆ دروستکردنی باخی مزرەمەنییەکانیش هەیە و وتی: نزیکەی دوو هەزار دارەمەزڕەنی وەک لیمۆ و پرتەقاڵمان لەبەردەستە. لەسەر زەوییەک بە ڕووبەری هەشت دۆنم باخچەی مزرەمەنییەکان دروست دەکەین. لەم زەوییەشدا هەلی کار بۆ ژنان دەڕەخسێنرێت. ئەو لیمۆ و مەندەلیانەی لە باخچەکەدا پێدەگەن، لە شوێنە دیاریکراوەکاندا لەلایەن ژنان خۆیانەوە دەفرۆشرێن.
'هەوڵ دەدەین کۆتایی بە نایەکسانییەکان بهێنین'
گولەر تونچ یەرباسان وتی، کە پڕۆژەکانی وەک 'هێڵی گەرمی توندوتیژی'، 'ژن کارت' - کارت تایبەت بە ژنان،چالاکییە تەندروستییەکان و فرۆشگاکانی هاوکاری بەردەوامن و وتی کە ئەوان هەوڵ دەدەن ئەو نایەکسانییانە لەناو بەرن کە لە سەردەمی قەیومەکاندا لە شارەکەدا قووڵتر ببووونەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە بەهۆی سیاسەتەکانی قەیومەوە لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا بۆشایی گەورە لە بەڕێوبەرایەتییە خۆجێییەکاندا دروست بووە و وتی: بارودۆخی نایەکسانی لە شارەکاندا زیادی کردووە. ئێمەش لە ماوەی پێنج ساڵدا هەوڵ دەدەین کۆتایی بەو نایەکسانییە بهێنین کە لە شار و لە بواری کۆمەڵگەی مەدەنییدا دروست بووە. هەوڵ دەدەین شوێن و گۆڕەپانێک بنیاد بنێین کە ڕەنگ، ئیرادە و ناسنامەی ژنانی پێوە دیار بێت و نوێنەرایەتییەکی یەکسان بکاتە بنەما.
"ئێمە بە میراسی بەرخۆدانی ژنانەوە دەجووڵێینەوە"
گولەر تونچ یەرباسان سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا کە جزیری هەمیشە بە مێژووی بەرخۆدانی ژنانەوە ناسراوە و کارەکانی شاری ژنانیش پشت بەم میراتی تێکۆشانە دەبەستن، و وتەکانی بەم شێوەیە کۆتایی پێهێنا: جزیری هەمیشە بە مێژوو و بەرخۆدانەکەی یاد دەکرێتەوە و دەناسرێت. لە ساڵانی ١٩٩٠دا بە پێشەنگایەتی 'بێریڤان'ەکان ڕاپەڕین دروست بوو. کاتێک سەیری ساڵانی ٢٠١٥-٢٠١٦ش دەکەین، تێکۆشان و بەرخۆدان بە پێشەنگایەتی 'سێڤێ'، 'پاکیزە'، 'ئاسیا'، 'بەرژین' و 'فەریدە'کان دەبینین. ئەو ئەرکەی ئەمڕۆ گرتوومانەتە ئەستۆ، پشت بەو بەرخۆدانەی ژنان دەبەستێت کە لە مێژووەوە تا ئێستا بەردەوامە. ئەو سیاسەتە تایبەتانەی دەوڵەتیش کە لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا بەڕێوەچوون، بەهۆی ڕۆڵ و پێگەی ئەم شارەوە بوو. ڕاگەیاندنی شاری ژنان لەسەر بنەمای ئەم ڕاستییە بوو. شاری ژنان واتە بنیادنانی شارێک کە ڕەنگی ژنان، ڕۆحیان، بەرخۆدان، تێکۆشان، ناسنامە و دەنگی ئەوان ڕەنگ بداتەوە.
کاتێک ئەمە دەڵێین، بەو مانایە نییە کە هیچ ڕۆڵ و بەرپرسیارێتییەک ناکەوێتە سەر شانی پیاوان. لەگەڵ هاوشارەوانی و هاوڕێکانی تریشماندا، لە شارەکەدا بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ لەگەڵ ژنان کار دەکەین؛ هەوڵ دەدەین شارێک بنیاد بنێین کە یەکسانی ژنان، ئیرادە و ڕۆحی ئەوان نیشان بدات. ئێمە بەم عەقڵییەت و تێگەیشتنەوە شاری ژنانمان ڕاگەیاند.