شاردنەوەی هەواڵەکانی توندو تیژی و خۆکوشتن زیان گەیاندنە بە ژنان

لە پاش ئەوەی لە ماوەی یەک مانگدا زیاتر لە ٢٣ هاوڵاتی لە شارەکانی باشووری کوردستان کوژران و کاریگەری دەرونی لە سەر هاوڵاتیان دروست کرد, توێژەرانی باری دەروونی چالاکوانانی بواری ژنان , ئاشکرا نەکردنی ئەو جۆرە هەڤاڵانە بە بڕیارێکی هەڵەی دەزانن.

ڕێژنە سەلام

 

هەڵەبجە- لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و داواکاری گشتیی سلێمانی ڕایانگەیاند، هەر کەناڵ و میدیایەک هەواڵی کوشتن ڕووماڵ بکات ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە، دەشڵێت، زۆرێک لە کەناڵەکان لەکاتی ڕووماڵکردنی ڕووداوێک بەتایبەت کوشتن بەبێ ڕەچاوکردنی ئیتیکی کاری ڕۆژنامەوانی و یاسا کارپێکراوەکان زانیاریی ناڕاست بڵاودەکەنەوە.

 

داواکاری گشتیی سلێمانی، سەبارەت بە ڕووماڵکردنی هەواڵی کوشتن لەلایەن میدیا و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە نووسراوێکی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری کرد.

 

داواکاری گشتیی سلێمانی بڵاوی کردەوە، هەر کەناڵ و میدیایەک هەواڵی کوشتن ڕووماڵ بکات ڕووبەڕووی ڕێککاری یاسایی دەبێتەوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، زۆرێک لە کەناڵەکان لەکاتی ڕووماڵکردنی ڕووداوێک بەتایبەت کوشتن بەبێ ڕەچاوکردنی ئیتیکی کاری ڕۆژنامەوانی و یاسا کارپێکراوەکان زانیاریی ناڕاست بڵاودەکەنەوە.

 

هەروەها باس لەوەشکراوە، ئەم کارە کاریگەری لەسەر دەروونی هاوڵاتییان و ڕەوتی لێکۆڵینەوەکان و ئاڕاستەکردنی ڕای گشتیی دەبێت.

 

دەشڵێن، پێویستە دەزگاکانی ڕاگەیاندن پابەندبن بە خۆبەدوورگرتن لەو جۆرە هەواڵانە، بە پێچەوانەوە ڕێککاری یاساییان لە دژ دەگیرێتەبەر.

 

شەهێن عومەر هەڵەبجەیی توێژەری دەروونی وتی:"شاردنەوەی ڕووداوەکانی کوشتن دوو دیوی هەیە دیویکی باش و دیویکی خراپە. دیوە خراپەکەیی هەندێک پەیج و ئەکاونت بۆ بەرز کردنەوەی لایک و قیووی خۆیان ئەوانە ئەیانەوی زیان بە کۆمەڵگە بگەیێنن. بەڵام شاردنەوەی بابەتەکە زیان بە ژنان دەگەیێنێت و چونکە تۆمەتبار دەشاردرێتەوە و پێویستە کۆمەڵگە هۆشیار بکرێتەوە و ڕێژەی توندو تیژی دیاری بکریت و  پێویستە بە هیچ شێوەیەک ئەو توند و تیژیانەی بەرامبەر ژنان دەکرێن نەشاردرێتەوە."

 

پێویستە کەناڵەکان بەشێوەیەکی دروست هەواڵەکان بگوازنەوە

شەهێن عومەر توێژەری دەروونی وتی:"پێویستە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ڕۆڵی باش بگێرن لە گواستنەوەی هەواڵەکان بۆ نموونە؛(ئەکرێت لە رێگەی کەناڵەکانەوە  بۆ گواستنەوەی ئەم هەواڵانە رۆلی باش بگێڕدرێت).  لە کاتی باسکردنی بابەتەکان،  ڕێگە بدەن بابەتەکە باس لە ئەو لایەنانە بکەن کە بە کارەکە هەستاون.   لە ڕووی یاسایی و لە ڕووی دینی و کۆمەڵایەتی و لە رێگەری کەسانی پسپۆرەوە کۆملگە هۆشیار بکرێتەوە و تەنیا لە ڕووی لایک و کۆمێنتەوە نەبێت.

ئەم توێژەرە پێ وایە دەبێت، ئەم بابەتە  باس بکرێ و جارێکی تر مافی ژنان  پێشل نەکرێت، چونکە هەندێ دۆسیە هەیە لە ڕیگەی راگەیاندنەوە دەستمان پێی گەشتوە و بەڵام دەبێ ڕاگەیاندنیش لە ڕێگەی ڕاستیەکاینەوە کار لەسەر ئەم دۆسیە بکات نەوەکو بڕیاری شاردنەوەی بۆ بدەن.