شاندی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ کوردان کۆبوونەوە

شاندی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە بەرلین لەگەڵ کوردان کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە ڕێککەوتنی ١٠ـی ئادار گفتووگۆ کرا، کە بنەمای دیالۆگ و دامەزراندنی سیستمی دیموکراتیکی لامەرکەزییە کە بەشداریی تەواوی سوورییەکان مسۆگەر بکات.

ناوەندی هەواڵ

 

شاندی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ناوەندی کۆمەڵەی کوردستان لەگەڵ کوردان لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی باس لە پێشهاتە سیاسییەکانی سەرتاسەری سووریا و بەتایبەتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرا.

 

شاندەکە لە کۆبوونەوەکەدا ڕایانگەیاند، ڕێککەوتنی ١٠ـی ئادار کە لە نێوان فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک- قەسەدە و سەرۆکی حکومەتی کاتی سووریا، ئەحمەد شەرعدا واژۆ کراوە، بنەمای دایالۆگە.

 

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە گرنگی بنیاتنانی سیستەمێکی سیاسی لامەرکەزی و فرە ڕەنگی کرا، کە بەشداریی هەموو پێکهاتەکانی سووریا مسۆگەر بکات، جگە لەوەش گرنگی بە پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا درا.

 

ئەم دیدارە لە چوارچێوەی ئەو تۆڕی دیپلۆماسی و ئەوروپی دایە کە شاندی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ٦ـی ئەیلول دەستیپێکرد، لە میانی گەشتەکەیدا شاندەکە لەگەڵ زۆرێک لە لایەنە یاسایی، ژنان و پەرلەمانتارانی فەرەنسا کۆبووەوە و بەشدارییان لە سیمینار و فێستیڤاڵە ڕۆشنبیری و هونەرییەکان کرد.

 

شاندی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پێکدێت لە ئەمینە عومەر بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، مونا یوسف وتەبێژی ئەنجوومەنی ژنانی سووریا و شەهرزاد جاسم وتەبێژی کۆمەڵەی ژنانی زنۆبیا، ئەندامی کۆردیناسیۆن.