شاندی شەنگال سەردانی یەپەژەیان کرد
ئەمڕۆ یەکینەکانی پاراستنی ژنان-یەپەژە پێشوازی لە شاندی شەنگال کرد کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان لە ناوچەکە ئەنجامداوە، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوو ژنی ئێزیدی تەواف و عەزیزە کە لەلایەن یەپەژە ڕزگارکراون ئامادەبوون.
ناوەندی هەواڵ
سەردانی شاندی شەنگال بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەندامی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شەنگال بە تایبەتی سوپاسی یەپەژەی کرد بۆ ڕزگارکردنی ژنانی ئێزیدی و ڕایگەیاند، ئەوان سوپاسگوزارن بۆ کارەکانی شەڕڤانانی یەپەژە-یەپەگە.
ڕوکسەن محەمەد، وتەبێژی یەپەژە ڕایگەیاند، خەباتیان بۆ ڕزگاری ژنانی ئێزدی بەردەوام دەبێت، بۆ ڕێگریکردن لە فەرمانی نوێ پێویستە دان بە پێگەی خۆبەڕێوەبەری شەنگالدا بنرێت.
"سیستمی بەڕێوەبردن و هێزی پاراستنمان هەیە"
دەخیل موراد، ئەندامی ئەنجومەنی گەلی شەنگال، سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی و وتی: ئەمڕۆ چەند سەختە ئەگەر ژنێکی ئێزیدی دوای ١٠ ساڵ ڕزگاری بێت و بڵێت زمانی خۆم نازانم، هەر بەو هۆیەشەوە ئەگەر ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر بیری ڕێبەر ئاپۆمان هەبوایە ئێمە دەمانزانی چۆن خۆمان بپارێزین، بەڵام هەرچەندە ئازارمان چەشتووە و باجی قورسمان داوە، بەڵام ئەمڕۆ لە جاران بەهێزترین سیستمی بەڕێوەبردن و هێزی پاراستنمان هەیە، بێگومان ئەمەش لە سایەی ڕێبەر ئاپۆوە هاتووەتە بوون، لە سایەی گەریلا و شەڕڤانانی یەپەژە-یەپەگە بەرهەم هاتووە.
هەردوو ژنە ئێزیدی تەواف و عەزیزە خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی و وتیان: هەرگیز لەبیرمان ناچێت ئەوەی بەسەرمان هاتووە و هەرگیز لەبیرمان ناچێت پێشمەرگەی پەدەکە چۆن ئێمەی بۆ داعش بەجێی هێشت و هەڵاتن.