فێنک شەفیق: ٤ هەزار حاڵەتی توندوتیژیی و گێچەڵ پێکردن بە ژنان تۆمار کراوە

بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان و ژنان ئامارێکی توندوتیژییەکانی دژی ژنانی خستەڕوو، کە ٤ هەزار حاڵەتی توندوتیژیی و گێچەڵ پێکردن بە ژنان و کچان تۆمار کراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە لێدوانێکی میدیایدا فێنک شەفیق، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان و ژنان، ئاماژەی بەوەدا، لە ١٠ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، لە هەرێمی کوردستان ٤ هەزار حاڵەتی توندوتیژیی و گێچەڵ پێکردن بە ژنان و کچان تۆمار کراوە، هەروەها لە نوسینگەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان و ژنان ١٣ هەزار کەیسی ژنان و کچان ئاڕاستەی دادگاکان کراون.

 

لەبارەی هۆکاری بەردەوام زیادبوونی توندوتیژیی دژی ژنان فێنک شەفیق ئەوەی خستووەتەڕوو، کە پیاوسالاری کۆمەڵگە و ئەو زهنییەتە لە ئاستێکی بەرز دایە و توندوتیژییەکانی زیاد کردووە، دەربارەی جۆری توندوتیژییەکانیش، وتی:  جۆری توندوتیژییەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، بە جۆرێک توندوتیژیی ئەلیکترۆنی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە هەڕەشەکردن و گێچەڵ پێکردن، ڕووی لە زیادبوون کردووە.