لە کانی ماسێ دەوڵەتی تورکیا گوندنشینان هەراسان دەکات
دوای ئەوەی لەشکرکێشی دەوڵەتی تورکیا بۆ شارەدێی کانی ماسێی سەر بە ئامێدی پەلی هاویشت، گوندی دەرگەلێ میسا بەگی لە بناری چیای مەتینا بە خەڵکەکەی چۆڵکرد و دوای ئەویش خەڵکی گوندی دەرگەلێیان هەراسان کردووە.
ناوەندی هەواڵ
بە گوێرەی زانیاری سەرچاوە هەرێمییەکان، کە ڕۆژنیوز بڵاوی کردووەتەوە، شەوی ڕابردوو سوپای داگیرکەری تورک، داویانە بەسر گوندی دەرگەڵێی سەر بە کانی ماسێ لە سنووری پاریزگای دهۆک، هەڕەشەیان لە گوندنشینان کردووە کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا گوندەکە چۆڵ بکەن.
بە گوێرەی دوایین زانیاریی لە سنوورەکەوە، سوپای داگیرکەری تورک بە هاوکاری پەدەکە، هەوڵ دەدەن سنوورەکانی باشووری کوردستان بە تەواوی داگیر بکەن، بە ناو ڕەز و باخی گوندنشیناندا دەگەڕێن و هەراسانیان دەکەن.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی، لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا دەوڵەتی داگیرکەری تورک زیاتر لە ٣٠٠ زرێپۆش و تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازییان هێناوەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە.