دوو هاوڵاتی بەهۆى بە کۆیلە کردنى دوو منداڵی ئێزدی دەستگیرکران

دوو هاوسەری عێراقی بە گومانی دەستدرێژی و بە کۆیلە کردنى دوو منداڵی کچی ئێزدی لە باشووری ئەڵمانیا دەستگیرکران.

ناوەندی هەواڵ

 

داواکاری گشتی لە کارلسروهی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، دوو هاوسەرى عێراقى دەستگیر کراون، کە لە ساڵانی نێوان تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ تا کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ لە عێراق و سووریا ئەندامی چەتەکانى داعش بوون.

 

دەشڵێن، ئەو کەسە بەتۆمەتى دەستدرێژی و بە کۆیلە کردنى دوو کچی ئێزدی لە باشووری وڵاتەکە دەستگیر کراون، ئەو دوو هاوسەرە بەردەوام کارەکانی ماڵ و گەورەکردنی منداڵەکانیان بەو دوو منداڵە ئەنجامداوە و هەردوو منداڵەکە ناچارکراون بە زۆرەملێ دەست لە ئایینی خۆیان هەڵبگرن.

 

ئەو دوو منداڵە چەندین جار ڕووبەڕووی توندوتیژی جەستەیی بوونەتەوە، بەجۆرێک زۆر جار ناچار کراون، کە نیو کاتژمێر لە سەر یەک قاچ بوەستن، ئاماژە بەوەشکراوە، هەردوو هاوسەرەکە لە تشرینی دووەمی ٢٠١٧دا بەر لەوەی سووریا جێبهێڵن ئەو دوو منداڵە کچە ئێزدییان ڕادەستی ئەندامانی دیکەی داعش کردووە و لە ئێستاشدا بە بڕیاری دادگا بەندکراون.

 

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەنجوومەنی فیدراڵی ئەڵمانیا لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٣دا تاوانەکانى بەرامبەر بە ئێزدییەکان بە جینۆساید ناساند، هەر لە ئابی ٢٠٢٣دا ژنێکی ئەڵمانی، کە ئەندامی چەتەکانى داعش بوو، بە هۆی کوشتنی کچێکی ئێزدی لە عێراق سزای ١٤ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.