عێراق پاڵپشتیی دارایی لە سندوقی سەوزی نێودەوڵەتی بەدەستدەهێنێت

عێراق لەڕێگەی بەشداریکردنی لە کۆنگرەی ٢٨ هەمینی رێککەوتنی نەتەوە یەکگرتووەکان دەیەوێت پاڵپشتیی دارایی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانەکانی کەشوهەوا بەدەستبهێنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

عێراق بەشداری کۆنگرەی ٢٨ هەمینی رێککەوتنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانەکانی کەشوهەوا دەکات، دەیەوێت پاڵپشتیی دارایی نێودەوڵەتی بەدەستبهێنێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی کاریگەری گۆڕانەکانی کەشوهەوا.

 

ئەمیرعەلی حەسون بەڕێوەبەری گشتیی بەشی هۆشیاری و زانیاری لە وەزارەتی ژینگەی عێراق، ڕاگەیاندووە، "عێراق بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا دەکات، کە لە وڵاتی ئیمارات بەڕێوەدەچێت، لەگەڵ شاندێک بە سەرۆکایەتی سەرۆکی حکومەت".

 

باسی لەوەکرد، شاندەکە هەڵوێستەکانی عێراق دەخاتەڕوو بەرامبەر بە کێشە ژینگەییەکان کە لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا دروست بوون لە وڵاتدا، ئەمە جگە لەوەی کارنامەیەکی گەورە لەسەر پڕۆژەکانی کەمکردنەوە و گونجاندن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی ئەم گۆڕانکاریانە دەخاتەڕوو.

 

بەڕێوەبەری گشتیی بەشی هۆشیاری و زانیاری لە وەزارەتی ژینگەی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد کە "عێراق دەیەوێت پشتگیری دارایی لە ڕێگەی سندوقی سەوزی کەشوهەواوە بەدەستبهێنێت، ئەو سندوقە تەرخانکراوە بۆ  هاوکاری و پاڵپشتی ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین کاریگەری و لاوازییان هەیە بۆ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بەدەستبهێنێت".