چڕکردنەوەی سەرکوتکارییەکان بێ ڕێزیکردنە بە کەرامەتی مرۆڤ

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەبارەی گەڕانەوەی دەوریەی ئەرشاد و چڕتربوونی سەرکوتەکان لە ئێران، ڕایگەیاند: "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت پاڵپشتی ئەو ژن و کچانە بکات کە بەدەست ستەمەوە دەناڵێنن."

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند کە دەسەڵاتدارانی ئێران شێوازی چەپەڵانەی پۆلیس و چەوساندنەوەی توندی ژنان و کچانی ئێرانی بەکاردەهێنن، بەهۆی سەرپێچیکردنیان لە یاسا زەلیلکەرەکانی حیجابی زۆرەملێ.

 

بە پێی ڕاپۆرتێک کە ئەم ڕێکخراوە بڵاوی کردۆتەوە: لە ١٥ی نیسانی ٢٠٢٣ەوە زیاتر لە ملیۆنێک ژن کورتە نامەیان پێگەیشتووە کە ئاگاداریان دەکەنەوە لەوەی بەهۆی پێشێلکردنی حیجابی زۆرەملێ دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکانیاندا دەگیرێت، جگە لەوەش ژمارەیەکی بەرچاوی ژنان خوێندنیان ڕاگیراوە یاخود لە زانکۆ دەرکراو، لە خزمەتگوزاری بانکی و گواستنەوەی گشتی قەدەغەکراون و سەدان شوێنی بازرگانیش بەهەمان هۆکار ناچاربوون دابخرێن.

 

ئەم ڕاپۆرتە جەختی لەوە کردەوە: چڕبوونەوەی سەرکوتکارییەکان، گومان دەخاتە سەر بانگەشەکانی پێشووی بەرپرسانی ئێران ئاشکرا دەکات کە ڕایانگەیاندبوو پۆلیسی "ئەخلاقی" هەڵوەشێنراوەتەوە لە نێوان لێدوانە فەرمییە دژبەیەکەکان سەبارەت بە گەڕانەوەی پۆلیس بۆ سەر شەقامەکانی ئێران.

 

لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی پێکراوە: "چڕبوونەوەی سەرکوتکردن، بێڕیزیکردن بە کەرامەتی مرۆڤ لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێران، ئازادیی قسەکردن، ئایین و باوەڕ سنووردار دەکات.

 

هەروەها جەخت لەسەر هەوڵی بێئەنجامی دەسەڵاتداران دەکاتەوە بۆ سەپاندنی هەژموون و دەسەڵاتی خۆیان بەسەر ئەو کەسانەی کە بوێری وەستانەوەیان بەرامبەر دەیان ساڵ لە چەوساندنەوە و نایەکسانی لە ماوەی "ژیانێکی ئازادیدا" هەبووە.

 

ئەم ڕاپۆرتە ئاماژە بەوە دەکات کە هەوڵەکان بۆ داڕشتن و چڕکردنەوەی سەرکوتکارییەکان، دەسەڵاتی دادوەری و جێبەجێکردن "پڕۆژە یاسای پشتیوانی لە کولتوری پاکیزەیی و حیجاب"یان خستە بەردەم پەرلەمان، ئەو ژن و کچانەی کە ئارەزوومەندانە جلدەپۆشن و لە شوێنە گشتیەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەردەکەون، ڕووبەڕووی سزادان دەبنەوە بە غەرامەکردنی پارە، دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێل و ئامرازەکانی پەیوەندیکردن، قەدەغەکردنی شۆفێری، لێبڕینی مووچە و دامەزراندن، دەرکردن لە کار و قەدەغەکردنی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی بانکی.

 

 تیایدا هاتووە: " پڕۆژە یاساکە پێشنیاری سزادانی ئەو ژنان و کچانەی تێدایە کە سەرپێچی یاساکانی حیجاب دەکەن "بە شێوەیەکی سیستماتیکی یان بە هاوکاری لەگەڵ دەزگا هەواڵگری و ئەمنییە بیانییەکان" سزای دوو بۆ پێنج ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا دەسەپێندرێت، هەروەها گەشتکردنیان لێ قەدەغەدەکرێت و ناچاردەکرێن بە مانەوەیان لە شوێنێکی دیاریکراو.

 

بەڕێوەبەرانی دامەزراوە حکومییەکان و بازرگانییە تایبەتەکان کە ڕێگە بە کارمەند و کڕیارانی جل و بەرگی کراوە دەدەن بچنە ناو شوێنەکانیانەوە، ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە لە غەرامەکردنەوە تا زیندانیکردنی درێژخایەن و قەدەغەکردنی گەشتکردن.

 

هەروەها ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی جەختی لەوە کردووەتەوە: " لە پڕۆژە یاساکەدا کۆمەڵێک سزای بەرفراوان لە دژی وەرزشوانان و هونەرمەندان و کەسایەتییە گشتییەکانی دیکەی تێدایە کە یاساکانی حیجاب پێشێل دەکەن، لەوانە قەدەغەکردنی پیشەیی، زیندانیکردن، شەق لێدان و غەرامەکردن پێشنیار دەکات، لە ساڵی ٢٠٢٣، لیژنەیەکی پەرلەمانی ڕایگەیاند کە هەموارکراوەی یاساکە کە ٧٠ ماددەی تێدایە ڕەوانەی پەرلەمانی ئێرانی کردووە بۆ ئەوەی تاوتوێی بکات.

 

هەروەها لەم ڕاپۆرتەدا باس لەو بڕیارانە کراوە کە لە دژی ئەو ژنانە دەرکراون کە دژایەتی حیجابی زۆرەملێ دەکەن و باس لەوە کراوە: " ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی پێداچوونەوەی بەو سزایانە کرد کە لە مانگی حوزەیران یان تەمموزی ٢٠٢٣دا بەسەر شەش ژندا سەپێندرابوون."

 

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: " ئەم پێشێلکارییەی مافی ژنان و کچان لەناو لێدوانی ڕق ئامێزی دەسەڵات و میدیای دەوڵەتیدا ڕوودەدات، کە بێ حیجابی بە "ڤایرۆس"، "نەخۆشی کۆمەڵایەتی" یان "پشێوی" ئاماژە پێدەکەن و جلوبەرگی ئارەزوومەندانە وەک "سێکسی" لەبەرچاو دەگرن.

 

دەسەڵاتدارانی ئێران دەبێت حیجابی زۆرەملێ و هەموو یاساکان هەڵوەشێننەوە و هەموو تۆمەتەکانی دژ بە داواکراوەکان لاببەن و هەر کەسێک بە تاوانی سەرپێچیکردن لە حیجابی زۆرەملێ دەستبەسەر بکرێت بێ شەرت ئازاد بکات.

 

پێویستە دەسەڵاتداران خۆیان لە پلانی سزادانی ژنان و کچان بەدوور بگرن، مافەکانیان بۆ یەکسانی و تایبەتمەندی و ئازادی ڕادەربڕین و ئایین و باوەڕ بپارێزن.

 

ئەم ڕێکخراوە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پرسیووە: " لەگەڵ چڕبوونەوەی زوڵم و چەوساندنەوەی دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ سەر ژنان و کچان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نابێت بێ هەڵوێست بمێنێتەوە."

 

وەڵامدانەوەی حکومەتەکان نابێت تەنها بە لێدوانی گشتی و دەستێوەردانەکانی دیپلۆماسی سنووردار بێت، بەڵکو پێویستە بەدواداچوون بۆ ڕێگەی یاسایی بۆ لێپرسینەوە لە دەسەڵاتدارانی ئێران لە فەرمان، پلاندانان و ئەنجامدانی پێشێلکاری بەربڵاو و سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە دژی ژنان و کچان لەخۆ بگرێت.

 

هەموو حکومەتەکان پێویستە هەموو هەوڵێکیان بدەن بۆ پشتیوانی لە ژنان و کچانی دەستدرێژیکراو لە ئێران.