گۆڕانی کەشوهەوا ناکۆکییەکانی ئێران و ئەفغانستان قووڵتر دەکاتەوە

بەهۆی کەمی ئاو و قەیرانەکانی کەشوهەوا لە نێوان وڵاتی ئەفغانستان و ئێران گرژی درووستبوو، لە کاتێکدا ئاوی ڕووباری هێلمەند گرنگی بۆ هەردوو وڵاتەکە هەیە و لەسەر خاوەندارێتی کردنی ململانێ دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕووباری هێلمەند بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمی ئاو، گرنگییەکەی بۆ ئێران و ئەفغانستان زیاد دەکات، ئێران بۆ ئاودێریکردنی زەوییە وشکەکانی باشووری وڵاتەکەی پشت بەم ڕووبارە دەبەستێت، لە کاتێکدا دروستکردنی بەنداو لە لایەنی ئەفغانستان لە ساڵانی ڕابردوودا دۆخەکەی قورستر کردووە.

 

ئێران و ئەفغانستان لە مانگی ڕابردوودا هێرشیان کردووەتە سەر یەکتر لەسەر سنوورەکان، ئەمەش بەهۆی گرژییە پەرەسەندووەکان لەسەر خاوەندارێتی کردنی ئاوی ڕووباری هێلمەند کە دەیان ساڵە ململانێکانی نێوانیان بەردەوامی هەیە.

 

لەسەرەتای مانگی حوزەیران هێزەکانی ئێران و تاڵیبان لە ئەفغانستان لەسەر سنوور تێکهەڵچوون و لە ئەنجامدا کوژراو و برینداربوونی لێکەوتەوە، لە کاتێکدا گرژییەکان بەهۆی خاوەندارێتی کردنی مافی ئاو لە نێوان تاران و کابول بەردەوامی هەیە.

 

ئێران بۆ ئاودێریکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان لە پارێزگای سیستان-بەلوچستان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی بەڕێژەیەکی بەرز پشت بەو ئاوە دەبەستێت.

 

هەروەها ئەفغانستان بەهۆی پەرەسەندنی نا ئاسایشی خۆراک لە وڵاتەکەی پێویستییەکی زیاتری بە ئاو هەیە بۆ چاندن و زیادکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، لە ماوەی دەیەکانی ڕابردووی شەڕدا کە وڵاتەکەی وێران کرد، بووەتە هۆی پشتگوێخستنی ژێرخانی هایدرۆلیکی ئەفغانستان.

 

 ئاو لە چیای هیندۆس کوش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەفغانستانەوە ڕێڕەو وەردەگرن و بەرەو باشووری ڕۆژئاوا بە زیاتر لە نیوەی درێژی وڵاتەکەدا تێدەپەڕێت پێش ئەوەی بڕژێتە ڕووباری هێلمەند لەسەر سنووری ئێران، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی ئاوی ڕووبارەکە لە هەمان کاتدا زیادبوونی پێویستی هەردوو وڵات بە ئاو وایکردووە گرژییەکان زیاد بکات.

 

لە مانگی ئایاردا تاران کابوڵی بە پێشێلکردنی پەیماننامەیەکی ساڵی ١٩٧٣ تۆمەتبار کرد، کە مافی بەکارهێنانی ٢٢ مەتر سێجا ئاوی لە چرکەیەکدا بە ئێرانییەکان داوە لەگەڵ ئەگەری زیادکردنی چوار مەتر سێجا ئاو.

 

 حکومەتی پێشووی ئەفغانستان تارانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە هانی ناسەقامگیری دەدات لە ناوچەکانی دەوروبەری بەنداوەکانی ئەفغانستان بە پشتیوانیکردنی گروپە چەکدارەکان، بە ئامانجی سوود وەرگرتن لە ئاوی ڕووباری هێلمەند.

 

جۆناسان پیرۆن، مێژوونووسێکی پسپۆڕ لە ئێران بۆ ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئیتۆپیا لە برۆکسل وتی، هێلمەند ڕووبارێکە گرنگی زۆری هەیە بۆ ئێران و یارمەتی بوژانەوە و گەشەکردنی ناوچە کشتوکاڵییەکانی سیستان و بەلووچستان دەدات و ئەمەش گرنگی ئاوی ڕووبارەکەی بۆ ئێران زیاد کردووە، چونکە زیادبوونی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی بارانبارین ئەم ناوچە کشتوکاڵییانە دەخاتە مەترسییەوە.