لە پاکستان ژنان ڕووبەڕووی خراپتربوونی قەیرانی تەندروستی دەبنەوە

بەهۆی لافاو و بارانبارینی بە خوڕەوە بەشێکی زۆری هاوڵاتیانی پاکستان ئامڕاز و کەلوپەلەکانی ژیانکردنیان لەدەستداوە، ژنان بەهۆی ئەو زەبرانەی بەریان کەوتووە لە دۆخێکی سەخت دەژین و بەشێکی زۆریان لە کاتی دووگیانبوونیان بوون و کۆرپەکانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

بەهۆی گۆڕانی کەشوهوا پاکستان ڕووبەڕووی لافاوێکی سەخت بوەوە و بەوهۆیەوە بەشێکی زۆری گوندنشینەکان ناچاربوون گوندەکانیان بەجێبهێڵن و لە پەناگەکاندا ماونەتەوە بۆئەوەی سەلامت بن بەڵام بەشێکی زۆری ژنان دۆخی تەندروستیان تێکچووە و ئەو ژنانەی دووگیانبوون بەهۆی بە پێ ڕۆشتن و خراپی کەشوهەواوە منداڵەکانیان لەدەستداوە.

 

پێنج ملیۆن ژن  لە ئێستادا لە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی پاکستان لە دۆخێکی سەخت دەژین و زۆرینەیان لە پارێزگای سندن کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە.

 

بەپێی ئامارەکانی سندوقی دانیشتوانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNFPA)، تا ١٠ی ئەم مانگە، لە ئێستادا زیاتر لە ٤٠٠ هەزار ژن لە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی پاکستان دووگیانن و پێشبینی دەکرێت لە سێ مانگی داهاتوودا ١٣٦ هەزار ژنی دیکە منداڵیان ببێت.

 

لە ئێستاشدا چەندین ژن لە ناو کەمپەکاندا ئاوارەبوون و دۆخی تەندروستیان ناجێگیرە بەهۆی ئەو زەبرانەی بەریان کەوتووە، لەگەڵ ئەوەی لە ئێستادا لافاوەکە تەواوبووە بەڵام هاوڵاتیان لە دۆخێکی هەژاری توندا دەژین و سەرجەم کەلوپەل و ئامڕازەکانی ژیانکردنیان لەدەستداوە

 

بەپێی ئامارەکانی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی وڵاتەکە، لانیکەم 1739 کەس گیانیان لەدەستداوە کە 647یان منداڵن و 33 ملیۆن کەسیش زیانیان بەرکەوتووە، دوای ئەوەی لە مانگی حوزەیراندا بارانبارینی ژمارەیەکی پێوانەیی دەستیکرد بە بارانبارین لە پاکستان.

 

سند و پارێزگای بەلوچستانی تەنیشت ئەو وڵاتە تا ئێستاش زۆرترین زیانی بەرکەوتووە و زیاتر لە ٧٩٩ کەس  گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە یەک لەسەر سێی وڵاتەکەی ژێرئاوکەوتووە.

 

لە ئەنجامدا زیان بە زیاتر لە ١٣ هەزار کیلۆمەتر لە تۆڕەکانی ڕێگاوبان و هەروەها زیاتر لە دوو ملیۆن خانوو کەوتووە، کە  بەشێکی یان بە تەواوی وێران بوون، ملیۆنێک ئاژەڵ لەدەستچووە هەروەها هەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵی لەدەستچووە.

 

بەپێی ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی پێداویستییەکانی دوای کارەسات کە لەلایەن حکومەتەوە ئامادەکراوە، بە هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە، کۆی زیانەکان بە ١٤.٩ ملیار دۆلار زیاتر دەخەمڵێندرێت، کۆی زیانەکانی ئابووریش دەگاتە نزیکەی ١٥.٢ ملیار دۆلار.