هەڕەشە لەسەر ژیانی ٧٥٠ هەزار منداڵی سوودان هەیە

لە شاری فاشری ڕۆژئاوای سوودان برسێتی و کەمی خۆراک و ئاوی خواردنەوە و نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوون بووەتە هەڕەشە لەسەر ژیانی ملیۆنیک و ٢٥٠ هەزار کەس لە شارەکە، لەو ژمارەیە ٧٥٠ هەزاریان منداڵن.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ساڵی ڕابردووەوە جەنگ لە نێوان هێزەکانی سوپای سوودان و چەکدارانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵداوە و تا ئێستاش بەردەوامی هەیە، بەهۆیەوە سێ ملیۆن کەس ئاوارەبوون و ٥٢ هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە یاخود برینداربوون.

 

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ سەبارەت بە دۆخی ئاوارەکانی شاری فاشر لە ڕۆژئاوای سوودان ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، شاری فاشری ڕۆژئاوای سوودان لە ئێستادا بەهۆی پێکدادنی بەردەوامی نێوان سوپای سوودان و چەکدارانی پشتیوانی خێراوە بووەتە کامپێکی گەورەی ئەو ئاوارانەی لە ترسی جەنگ شوێنی نیشتەجی بوونی خۆیان بەجێهێشتووە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لە شارەکەدا برسێتی و کەمی خۆراک و ئاوی خواردنەوە و نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوون، بووەتە هەڕەشە لەسەر ژیانی ملیۆنیک و ٢٥٠ هەزار کەس لە شارەکە، ئەوەش خراوەتەڕوو، لەو ژمارەیە ٧٥٠ هەزاریان منداڵن.