پلەکانی گەرما دەگەنە سەروو ٥٠ پلەی سیلیزی

هۆشداری بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەدرێت، لەگەڵ بەرزبوونەوەی زیاتری پلەکانی گەرما بۆ سەروو ٥٠ پلەی سلیزی بۆ کاری پێویست نەبێت نەچنە دەرەوەی ماڵەکانیان.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ کەشناسی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سبەینێ پلەی گەرما لە گەرمیان دەگاتە ٥١ پلەی سیلیزی، داوا لە هاووڵاتیان دەکرێتبۆ کاری پێویست نەبێت نەچنە دەرەوەی ماڵەکانیان.

 

کەشی پێشبینیکراوی ڕۆژی ٥ شەممەی بڵاوکردەوە، ئاسمان ساماڵ و گەرم دەبێت، بەرزترین پلەی گەرما لە گەرمیان تۆمار دەکرێت و دەگاتە ٥١ پلەی سیلیزی و نزمترین پلەش لە حاجی ئۆمەرانە دەبێت و ٣٣ پلەی سیلیزی دەبێت.

 

پسپۆڕانی تەندروستی هۆشداری بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەدەن کە لە کاتی چوونە دەرەوە لە ماڵەکانیان خۆیان بپارێزن، چونکە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما کاریگەری لەسەر تەندروستیی مرۆڤ دەبێت.

 

لە دوای کاتژمێر ١٠ بەیانی بۆ ٤ پاش نیوەڕۆ تیشکی خۆر لەسەر زەوی ئاراستەی ستوونییە، مانەوە لە ژێر تیشکی خۆر لەو کاتانەدا  مەترسی تووشبوونی بە هەندێک نەخۆشیی زیاد دەکات، لەوانە شێرپەنجەی پێست یان گەرمابردە کە نیشانەکانیشی بریتییە لە هۆشخۆچوون، بێهێزی، نەمانی بیر و لاوازی بیرکردنەوە.

 

بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ رۆژی پێنجشەممە بەمشێوەیەیە:

هەولێر: ٤٧ پلەى سیلیزى

سلێمانی: ٤٤ پلەى سیلیزى

دهۆک: ٤٦ پلەى سیلیزى

کەرکووک: ٤٩ پلەى سیلیزى

هەڵەبجە: ٤٦ پلەى سیلیزى

زاخۆ: ٤٧ پلەى سیلیزى

سۆران: ٤٤  پلەى سیلیزى

حاجی ئۆمەران: ٣٣ پلەى سیلیزى

گەرمیان: ٥١ پلەى سیلیزى