سەدان ئاوارەی دیکەی لوبنانی ڕوویان لە عێراق کرد

لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی قائیمەوە كۆمەڵەی چوارەمی ئاوارەكانی لوبنان، كە لە ٤٥٢ كەس پێكهاتوون گەیشتنە عێراق.

ناوەندی هەواڵ

 

ئیسرائیل ماوەی چەند ڕۆژێكە هێرشەكانی لە لوبنان و سووریا و فەڵەستین چڕ كردووەتەوە و سەدان هاوڵاتی مەدەنیی و چەندین سەركردەی گرووپە چەكدارەكانی كوشتووە، هەروەها بە هۆی هێرشەكانی ئەم دواییانەی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان ٢٥٠ هەزار هاوڵاتیی ئاوارە بوون و پێویستیان بە هاوكاریی مرۆیی هەیە.

 

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق سەبارەت بە وەرگرتنی بەشێكی دیكەی ئاوارەكانی لوبنان ڕاگەیە ندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە: بە پشتبەستن بە ڕێنماییەكانی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەردەوامن لە پێشوازیكردن لە ئاوارەكانی لوبنان، كە بەهۆی هێرشەکانى ئیسرائیلەوە ئاوارە بوون.

 

ئاماژە بەوەشكراوە، ئەمڕۆ لە ڕێگەی دەروازەی سنووری قائیمەوە كۆمەڵەی چوارەمی ئاوارەكانی لوبنانیان وەرگرت، كە لە ٤٥٢ هاوڵاتی پێكهاتبوون.