خەونی غادە سەلامەتی و گەڕانەوەیە بۆ ژیانێکی شکۆمەندانە

غادە حیجازی لە غەززەوە دەڵێت: تەنها دەمەوێت منداڵەکانم بە سەلامەتی بژین، با بگەڕێینەوە بۆ ماڵەکەمان کە وێران بوو، خانوویەکی نوێ لە گۆشەیەکیدا دروست بکەین و درێژە بە ژیانمان بدەین.

نەغم کەراجە

 

غەززە- ئەو ژنانەی لە غەززە لەژێر گەمارۆ و بۆردوماندان، بەدەست ئازاری سەختی شەڕەوە دەناڵێنن و ڕۆژانە شایەتحاڵی گیان لەدەستدانی خەڵکن، بەهۆی بەردەوامی هێرشەکان، ژنان لە ناوەڕاستی هەست و بیرکردنەوە بۆ داهاتوویەکی نادیار دەژین، ئەو ژنانەی زۆرجار بارگرانی ژیان بە تەنیا هەڵدەگرن، خەبات دەکەن بۆ دابینکردنی بژێوی خێزانەکەیان و دۆزینەوەی شوێنێکی سەلامەت بۆ خۆیان، غادە حیجازی کە هاوژینەکەی کاتێک شەڕ دەستی پێکرد بۆ وەرگرتنی یارمەتی چووە باشووری غەززە و هەرگیز نەگەڕاوەتەوە، بۆیە لەو کاتەوە بەتەنها چاودێری ٥ منداڵەکەی دەکات.

 

ئێستا گیای بیانی بۆ خواردن دروست دەکرێت

غادە حیجازی ڕایگەیاند، ئەو ناوچەیەی کە تێیدا دەژین بەردەوام بۆردومان دەکرێت، خواردنی تێدا نییە، هەروەها وتی: یارمەتییە مرۆییەکان بە بەردەوامی ناگاتە دەستمان، هەر بۆیە سەرەڕای مەترسییەکان، دەچمە کێڵگەکانی لای ڕۆژهەڵاتی شارەکە، بۆ کۆکردنەوەی گیای بیانی و خواردنی پێ ئامادە دەکەم، ڕێگەیەکم بۆ بژێوی ژیان دۆزیوەتەوە ئەویش کۆکردنەوە و کوڵاندنی گیای بیانییە لە هەلومەرجی سەختدا، پەناگە بەجێدەهێڵم، دەچمە ژێر بۆردومانی فڕۆکەکان بۆ کۆکردنەوەی گیا بۆ منداڵەکانم، خواردنیان بۆ ئامادە دەکەم و ئەوەی دەمێنێتەوە لەناو دەفری پلاستیکی لەبەردەم پەناگەدا دەیفرۆشم.

 

منداڵەکانی و نەوەکانی بەخێودەکات

غادە حیجازی ئاماژەی بەوەشکرد، زاوا تەمەن ٢٠ ساڵانەکەی لە بۆردومانەکەدا گیانی لەدەستدا، بۆیە بژێوی ژیانی کچەکەی و نەوە ٧مانگانەکەی کەوتە سەرشانی، وتیشی: ئێستا نەک تەنها ئاگاداری منداڵەکانمم، بەڵکو ئاگاداری کچ و نەوەکەم دەبم، دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان و ئاو زۆر قورسە، دۆخی باکووری غەززە لەگەڵ زیادبوونی هێرشەکان خراپتر بوو،  لەوێ ژیان نییە، هەمیشە بۆردومان و کەمی خۆراک و کەمی ئاو و کارەبا هەیە. خەباتمان بۆ ژیان بووەتە شەڕێک کە ڕۆژانە دژی گەمارۆدان دەیکەین.

 

هەرچەندە مەترسیدارە، بەڵام دەبێت هەموو ڕۆژێک گیا کۆبکاتەوە

غادە حیجازی ئاماژەی بەوەشکرد، کۆکردنەوەی گیای بیانی مەترسیدارەو دەبێت بەردەوام بێت بۆ ئەوەی بژێوی ژیانی دابین بکات وتیشی: دەزانم بەم شێوەیە مردن هەیە، بەڵام بەهۆی پێویستییەوە ناچارم ئەم کارە بکەم، هیچ بەدیلێکی تر نییە، دەبێت بەهێز بم بۆ منداڵەکانم.

 

"سەلامەتی و گەڕانەوە و ژیانی شکۆمەندانە"

غادە حیجازی وتی: تەنها دەمەوێت منداڵەکانم بە سەلامەتی بژین، با بگەڕێینەوە بۆ ماڵە وێرانەکەمان و خانوویەکی بچووک بۆ خۆمان لەسەر وێرانەکانی دروست بکەین.

 

سەرەڕای کاریگەرییە خراپەکانی شەڕەکە، ژنانی فەلەستینی لە خەباتدان بۆ پاراستنی بنەماڵەکانیان و هەبوونی داهاتوو، بە خۆشەویستی و پاڵپشتی، تەنانەت لە سەختترین هەلومەرجیشدا بوونەتە هێمای بەرخۆدان، ئەو سەختییانەی کە ڕووبەڕووی ئەم ژنانە دەبنەوە تەنها ئەزموونی کەسی نین، بەڵکو وەک ئەزموونێکی کۆمەڵایەتی گرنگن و جێگەی خۆی لە مێژوودا دەگرێتەوە.