ئاژانسی هەواڵی میزان ژنانی یاریزانی ئێران تۆمەتبار دەکات

بەهۆی نەوتنەوەی سوردی نەتەوەی ئێران لەلایەن ژنانی یاریزانی تۆپی باسکە، ئاژانسی هەواڵی میزان ئەو یاریزانانەی بە خائین ناوبردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی بێدەنگی یاریزانانی تۆپی باسکەی ژنان بەرامبەر بە سروودی نەتەوەیی ئێران لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی دیداری نێوان هەڵبژاردەکانی ئێران و مەنگۆلیا، ئاژانسی هەواڵی میزان بە خائین ناوی بردن و نووسی: بێدەنگی خیانەتکارانەی ژنە یاریزانانی باسکە لە نەوتنەوەی سروودی نەتەوەیی ئێران، دوژمنی هەلپەرستی وروژاندووە.

 

ئاژانسی هەواڵی میزان بە هەڕەشە و سزای ئاگادارکردنەوە بۆ یاریزانەکان نووسیویەتی: وێڕای داوای لێبووردنی کاربەدەستانی فیدراسیۆنی باسکە لە خەڵکی ئێران، دەبێت تاوانبارانی ئەم کارە بناسێنرێن و تەنانەت پێویستە ڕێگری لە چالاکییەکانیان بکرێت.

 

پێویستە باس لەوە بکرێت کە دوای تیرۆرکردنی ژینا ئەمینی و بڵاوبوونەوەی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لە کوردستانەوە بۆ شارەکانی ئێران، وەرزشوانانیش بە شێوەی جۆراوجۆر، لەوانە؛ نەگونجان لەگەڵ سروودی نیشتمانی، بەشدارینەکردن لە پێشبڕکێکان یان پۆشینی جلوبەرگی ئارەزوومەندا بە مەبەستی دەربڕینی پشتیوانی خۆیان بۆ ئازادیخوازان ڕاگەیاند.