ساڵی ڕابردوودا ٤٨ ژن لە باشووری کوردستان کوژراون
کامپینی دژ بە کوشتنی ژنان، لە ساڵی ٢٠٢٤ـدا، ٤٨ حاڵەتی کوشتنی ژنان تۆمار کراوە، هەروەها بەرزترین ڕێژەی کوشتنی ژنان لە پارێزگای هەولێر تۆمار کراوە کە ١٨ حاڵەتە.
![](https://test.jinhaagency.com/uploads/so/articles/2025/02/20250208-kampin-jpg00f355-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ ٨ی شوبات، کامپینی دژ بە کوشتنی ژنان ئاماری نافەرمی کوشتنی ژنانی باشووری کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٤ـدا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا بڵاوکردەوە.
بە پێی ئاماری نافەرمی کامپینی دژ بە کوشتنی ژنان، لە ساڵی ڕابردوودا ٤٨ حاڵەتی کوشتنی ژنان تۆمار کراوە و بەرزترین ڕێژە لە پارێزگای هەولێر تۆمار کراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ڕێژەی کوشتنی ژنان بە پێی ناوچەکانی باشووری کوردستان بەمشێوەیەیە، ١٨ حاڵەت لە پارێزگای هەولێر، ١٣ حاڵەت لە پارێزگای سلێمانی، شەش حاڵەت لە پارێزگای دهۆک، سێ حاڵەت لە پارێزگای کەرکووک، یەک حاڵەت لە ئیدارەی زاخۆ، سێ حاڵەت لە ئیدارەی ڕاپەرین، دوو حاڵەت لە گەرمیان، یەک حاڵەت لە شارۆچکەی کۆیە، یەک حاڵەت شارۆچکەی خورماتوو.
ئەوەشخرایەڕوو: لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ تا ٨ی شوبات، هەشت حاڵەتی ژن کوشتن تۆمار کراوە، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە تۆمەتبارانی دۆسییەکانی ژنان دەستگیر نەکراون کە زۆرینەیان بکوژانی ژنانن.
کامپینی دژ بە کوشتنی ژنان لە ١٢ ڕێکخراوی ژنان پێکهاتووە بە ناوەکانی، ڕێکخراوی ڕووناکبیری ڕاگەیاندن و ڕووناکبیری ژنان، ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان، ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان، ڕێکخراوی ئاسوودە، ڕێکخراوی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی خانزاد، ڕێکخراوی ستێپ، ڕێکخراوی سید، سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی مافی مرۆڤ، ڕێکخراوی لیانا، ڕێکخراوی دابین، ڕێکخراوی ئاماژە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی، یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان.