پاڵپشتی چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی لە کەمپەینی "نا"ی خوێندکارانەوە

چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ کەمپەینی "نا" دەربڕی کە لە لایەن خوێندکارانی هونەری زانکۆی تاران بە شێوەی جیاواز دەستی پێکرد.

ناوەندی هەواڵ

 

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی لێدوانی جیا لەلایەن خوێندکارانی زیاتر لە ١٧ ناوەندی خوێندنی باڵا لە ئێران بۆ پشتیوانی لە خوێندکارانی هونەر، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هاشتاگی "نا" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەکارهێنەران، چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی، هونەرمەندان و گۆرانیبێژانیش هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ خوێندکاران دەربڕی و بەرپرسانی ڕژێمی ئێرانیش لە دەرئەنجامەکانی دروستکردنی کەشوهەوای سەربازی توند لە ناوەندەکانی پەروەردەدا هۆشداری دا.

 

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، خوێندکارانی زانکۆی هونەری تاران، چالاکییەکانی ڕژێمی ئێرانیان بە هۆی ڕەفتاری توندوتیژیی هێزە ئەمنییەکان و ناچارکردنی خوێندکاران بۆ حیجابی زۆرەملێی بە شکستخواردوو وەسف کرد، وە ئامۆژگاری دەسەڵاتدارانیان کرد کە ئەزموونە شکستخواردووەکانی ڕابردوویان لەبیر بێت و بیانکەن بە ئاوێنە بۆ وانەکانیان و بزانن کە قوتابیان بە یەکڕیزی و تەبایی یەکدەگرن و بێدەنگ نابن و بەردەوام دەبن لە وەستانەوە دژی ئەم بەرنامە سیستماتیک و پلان بۆ داڕێژراوانە.

 

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە خوێندکارانی زانکۆی هونەر ڕۆژی یەکشەممە بەیاننامەیەکیان بۆ بەرپرسانی حکومەت بڵاوکردەوە، "دەریایەک خوێن لە نێوان ئێمە و تۆدا هەیە" و "هیچ شتێکمان نییە پێت بڵێین، تەنها یەک وشە نەبێت: نەخێر!"

هەر هێرشێک بۆ سەر جەستەی خوێندکارانی هونەر و خوێندکارانی دیکە، بە قەبارەیەکی گەورەتر، زیانێکە بۆ جەستەی کۆمەڵگا، کە لە ئەنجامدا توڕەیی و کاردانەوەی ڕاستەوخۆی لێدەکەوێتەوە.