٢٦٠ تەرم لە شوێنی فێستیڤاڵی مۆسیقا بۆ ئاشتی دۆزرانەوە

ڤێستیڤاڵی مۆسیقا بۆ ئاشتی کە هەزاران هونەرمەندو هونەردۆست ڕوویان لیکردبوو، بەهۆی هێرشەوە ڕاگیرا و ٢٦٠ تەرم لە شوێنی فێستیڤاڵەکە دۆزرانەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بۆ ماوەی چەند هەفتەیەکە خۆشەویستانی مۆسیقا بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی "فێستیڤاڵی سوپەرنۆڤا" بوون کە فێستیڤاڵێکی مۆسیقای ئاشتی بوو لە بیابانی باشووری ئیسرائیل بەڕێوەچوو بۆ ئەوەی هاوکات بێت لەگەڵ ڤیستیڤاڵی جولەکەی سوکۆت.

 

ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکە پێش دەستپێکردنی ڕووداوەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیبوویان: چ خۆشییەک دەبێت، کاتی ئەوە هاتووە کە هەموو خێزانەکە جارێکی دیکە کۆببنەوە.

 

چەند کاتژمێرێک دواتر، لاپەڕەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان پڕبوون لە خەڵکێکی نائومێد کە هەوڵدەدەن خۆشەویستەکانیان بدۆزنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی چەکدارانی حەماسی فەڵەستینی هێرشیان کردە سەر فێستیڤاڵەکە و تەقەیان کرد، وەک بەشێک لە هێرشێکی گەورەی کتوپڕ بۆ سەر ئیسرائیل.

 

بەپێی ئاژانسی ڕزگارکردنی زاکا، زیاتر لە ٢٦٠ تەرم لە شوێنی فێستیڤاڵەکە دۆزراونەتەوە، شایەتحاڵەکان ئاماژەیان بەوەداوە، موشەکەکان بە خێرایی ئاڕاستە کران، کارەبایان کوژاندەوە و لەناکاو هاتن، ٥٠ چەکدار بە جلوبەرگی سەربازییەوە بوون، خەڵک هەوڵیاندا لە شوێنەکە هەڵبێن، بە ڕاکردن بەسەر لمدا و چوونە ناو ئۆتۆمبێلەکانیان، بەڵام چەند جێپێکی پڕ لە چەکدار هەبوون و تەقەیان لە ئۆتۆمبێلەکان دەکرد.

 

زۆرێک لە گەشتیارانی فێستیڤاڵەکە، بۆ چەند کاتژمێرێک لە نزیک دارستانەکان و باخچەکانی میوەدا خۆیان شاردەوە، لەو ڕووداوەدا نزیکەی سێ هەزار کەس هەبوون، هاوڕێ و ئەندامانی کەسە ونبووەکان ئێستا بە هیوای دۆزینەوەیانن.

 

ئەوە لە کاتێکدایە شانی لووکی تەمەن ٣٠ ساڵ، کە هونەرمەندێکی فۆلکلۆری ئەڵمانییە و چووە بۆ ئیسرائیل بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵێکی مۆسیقیی ئاشتی، تەرمەکەی بەدەست چەکدارانی حەماسەوە لە پشتی ئۆتۆمبێلێکدا سووکایەتی پێکرا.