MKG: لە مانگی ئاداردا فشارەکانی سەر ژنانی ڕۆژنامەنووس بەردەوام بووە

بەپێی ڕاپۆرتی پێشێلکردنی مافی ڕۆژنامەنووسانی ژن کە لەلایەن کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژن لە میزۆپۆتامیا MKG دەرچووە، لە مانگی ئاداردا دوو ڕۆژنامەنووس دەستگیرکران و سێ ڕۆژنامەنووسی دیکەش خراپ مامەڵەیان لەگەڵدا کرا و ڕۆژنامەنووسێکیش هەڕەشەی لێکرا.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژنی میزۆپۆتامیاMKG  ڕاپۆرتی مانگی ئاداری ٢٠٢٤ی سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی ژنانی ڕۆژنامەنووس بڵاوکردەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕێژەیەکی زۆر پێشێلکاری مافی مرۆڤی تۆمارکراوە کە ڕۆژنامەنووسان لەکاتی ئەنجامدانی چالاکییە پیشەییەکانیاندا تووشی بوون.

 

ڕاپۆرتی MKG ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوانەی لە بواری ڕۆژنامەگەریی ئازادا کاردەکەن، ڕووبەڕووی چەندین میکانیزمی فشار و سانسۆر دەبنەوە، بە مەبەستی زەوتکردنی مافی وەرگرتنی هەواڵ لە خەڵک، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەو پێشێلکاریانەی لە مانگی ئاداردا ئەنجامدراون، لە شێوەی ڕێگریکردندا دەردەکەون چالاکی ڕۆژنامەوانی و دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەنووسان و گەیاندنیان بۆ دادگا، و ئەم دۆخە تیشک دەخاتە سەر یەکێک لە ئاستەنگە گەورەکانی بەردەم ئازادی ڕۆژنامەگەری و ئازادی ڕادەربڕین.

 

"7 ژنە ڕۆژنامەنووس دەستگیرکران"

 

لە ڕاپۆرتەکەدا دووپاتیکردەوە هێرشکردنە سەر ئازادی ڕۆژنامەگەری بە واتای بەرتەسککردنەوەی ماف و ئازادیەکانی کۆمەڵگە دێت، هەروەها لە مانگی ئاداردا دوو ڕۆژنامەنووس دەستگیرکراون، سێ کەسی دیکەش مامەڵەی خراپیان لەگەڵ کراوە، هەڕەشە لە ڕۆژنامەنووسێک کراوە، ڕێگری لە ڕۆژنامەنووسێک کراوە، لێکۆڵینەوەیەک لە دژی ڕۆژنامەنووسێک کرایەوە، دادگاییکردنی ١٠ ڕۆژنامەنووسیش بەردەوام بوو.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، 7 ژنە ڕۆژنامەنوس دەستگیرکراون و داوا لە دامەزراوە و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان کراوە هەنگاو بنێن بۆ کۆتاییهێنان بە فشارەکانی سەر ڕۆژنامەنوسان، جەختیشی لەوە کردەوە کە ڕۆژنامەگەری تاوان نییە، بەڵکو خزمەتێکی کۆمەڵایەتییە و دەبێت ئەم خزمەتگوزارییە بەبێ بەربەست بەردەوام بێت.