"شارە بێ شاخەکەم"

گەزیزە عومەر، شانۆکار و دەرهێنەر، لەبارەی بڕینی شاخی گۆیژە بۆ پڕۆژەی نیشتەجێبوون دەنووسێت، "نەمان زانی ڕۆژگارێک دێت شاخ شەل و نابینا و کەڕ و کەچەڵ دەکرێت".

ناوەندی هەواڵ

 

بڕینی شاخی گۆیژە بۆ دروستکردنی پڕۆژەی نیشتەجێبوون و بازرگانی، ناڕەزایەتی هاوڵاتیانی شاری سلێمانی لێکەوتووە و ئاماژە بەوەدەکەن، بەرپرسەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان ئامادەن شاخێک لە بندا تەخت بکەن، دوێنێش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا "دەستەی داکۆکیکردن لە سروشتی سلێمانی" تیشکیان خستەسەر تێکدانی سروشتی شارەکە و بڕینەوەی هەردوو شاخی گۆیژە و ئەزمەڕ و ڕایانگەیاند، "بەپێی قسەی شارەزایان و پسپۆران ئەو پڕۆژانەى کە بڕیارە لە بناری هەردوو شاخی گۆیژە و ئەزمەڕ بکرێن، ئەوا بەتەواوی سروشتی هەردوو چیاکە و سلێمانی تێکدەدەن، کە ئەمە پێچەوانەى ماستەرپلانی شاری سلێمانییە، کە دەسەڵاتدارانى ئەمشارە پەسندیان کردووە."

 

چالاکوانان، ژینگەپارێزان، هونەرمەندان، نووسەران و سەرجەم توێژەکانی بە تایبەت شاری سلێمانی، دژی تێکدانی سروشتی شارەکە و بڕینەوەی شاخی گۆیژە و ئەزمەڕن، گەزیزە عومەر، شانۆکار و دەرهێنەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی دەنووسێت، "ئیتر منداڵان ناتوانن لە سپێدەی قوتابخانەکانیاندا سرودی شاخی ڕەنگاوڕەنگی گۆیژە بڵێنەوە".

 

دەقی نووسراوەکەی گەزیزە عومەر بەمشێوەیەیە؛

"ئیتر منداڵان ناتوانن لە سپێدەی قوتابخانەکانیاندا سروودی شاخی ڕەنگا و ڕەنگی گۆیژە بڵێنەوە. گۆیژە بە نازی زەردەوە بە ڕووخسارێکی بریندارەوە چەند بێ کەسە، لە ئێوارانێکی خەماویدا دایکان بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە لەناو دەرگای ماڵەکانیاندا دانیشتوون و ناڵە و گرمەی شۆفڵەکان تێکەڵ بە هاواری گۆیژە بووە، چاو لە ڕێی مندالێک، دایکێکی جەرگ سووتاو، خوشکێکی شەهید، عاشقێکی پڕ لە چاوەڕوانییە، تا یەکێک لەوانە پەلکێک لە پرچی بڕدراوی و یەکێ نینۆکی دەرهێنراوی و یەکێکی تر قاچی شکاوی گۆیژە بێنێتەوە.... ئای شارە بێ شاخەکە م، تا ئەمڕۆکە وامان دەزانی مرۆڤەکان بە یەک قاچ شەل دەبن و بە یەک چاویش نابینا و بە بێ پرچیش سە ر ڕووت دەبن، وەلیم نەمان زانی ڕۆژگارێک دێت شاخ شەل و نابینا و کەڕ و کەچەڵ دەکرێت، ئیدی چیت بۆ بنووسم تازە کە تۆ کەوتیتە ژێر پەستانی شۆفڵە بێ بەزەییەکان، ئاخ هەزار داخ، جارێکی تر منداڵان لە سروودی بەیانیانی قوتابخانەدا شاخی ڕەنگا و يەنگی گۆیژە ناڵێنەوە، جارێکی تریش نەخشەی جوگرافیاکەی کەریم زەند سنوری شاخەکانی گۆیژە نانووسێتەوە".