بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان بانگەواز لە ئەنجومەنی ئەوروپا کرا

ئەکادیمیستەکان، سەندیکاکانی کرێکاران، سیاسەتمەداران، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و ٦٩ کەس لە براوەی خەڵاتی نۆبڵ، بانگەوازیان ئاراستەی لیژنەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا کردووە بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەکادیمیستەکان، ئەندامانی سەندیکاکان، سیاسەتمەداران، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و ٦٩ خاوەن خەڵاتی نۆبڵ، نامەیەکیان بۆ لیژنەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا نووسیوە و داوای ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد دەکەن.

 

نامەکە بۆ سەرۆکی لیژنەکە، زاڤیر بەتەل، سەرۆکوەزیرانی لۆکسمبۆرگ نێردراوە و تێیدا داواکراوە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەستبەجێ پارێزەر و بنەماڵەکەی ببینێت و دواجار ئازاد بکرێت. هەروەها لە نامەکەدا بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپای ساڵی ٢٠١٤ سەبارەت بە مافی هیوای عەبدوڵا ئۆجالان بەبیرهێنرایەوە و تێیدا هاتووە کە جێبەجێنەکردنی بانگەوازی لیژنەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا لە مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٣دا 'بڕیارێکی کاتی' بووە.

 

"تا ئازاد نەکرێت هیچ چارەسەرێکی ڕاستەقینە نابێت"

لە نامەکەدا هاتووە کە عەبدوڵا ئۆجالان سەرەڕای مەرجەکانی زیندانیکردنی ٢٦ ساڵە، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامادەیە بۆ پرۆسەیەکی ئاشتیانە، کە ئەم پرۆسەیە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی تورکیا و پاراستنی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گرنگە.

 

واژۆکاران لە نامەکەدا ئاماژەیان بەوە کردووە، تا عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد نەکرێت، هیچ چارەسەرێک و هیچ ئاشتییەک بەدی نایەت، هاوکات داوا لە لیژنەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا کراوە هەنگاوی یاسایی و دیپلۆماسی و سیاسی بنێت، هەروەها عەبدوڵا ئۆجالان بە شێوەیەکی ڕێک چاوی بە بنەماڵەکەی و پارێزەرانی بکەوێت و دواجار ئازاد بکرێت، ئەمەش بۆ چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا گرنگە. پێویستە واژۆکاران داوای ئەوە بکەن کە لیژنەکە بەشداربێت لە پرۆسەکەدا.