قەیرانی خۆراکی ئێران... کاتێک هەڵاوسان دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر تەندروستی و داهاتوو

قەیرانی هەڵاوسان لە ئێران چیتر تەنها بە بەرزبوونەوەی نرخی بازاڕ ناپێورێت، بەڵکو بە لێکەوتە دوور مەوداکانیش دەپێورێت، لەگەڵ دابەزینی هێزی کڕین نائاسایشی خۆراک فراوانتر دەبێت و ژنان و منداڵان خۆیان دەبیننەوە کە ڕووبەڕووی کاردانەوەی ئابووری و تەندروستی دەبن.

پرشنگ دولتیاری

 

ناوەندی هەواڵ-هەڵاوسان لە ئێران چیتر تەنها نیشاندەرێکی ئابووری نییە کە لە ڕاپۆرتە فەرمییەکاندا دەخوێندرێتەوە، بەڵکو بووەتە بارگرانییەکی ڕۆژانە کە بەسەر ژیانی ملیۆنان کەسدا سەپێنراوە، ئامارەکان خێرابوونی مەترسیدار لە ڕێژەی بەرزبوونەوەی نرخەکان ئاشکرا دەکەن، بەتایبەتی لە کەرتی خۆراکدا، کە دەستەبەرکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان بووەتە ململانێیەکی ڕۆژانە بۆ زۆرێک لە خێزانەکان.

 

بەپێی داتاکانی ناوەندی ئاماری ئێران، ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانەی مانگەکانی ئادار و نیسان گەیشتووەتە نزیکەی ٧٣.٥٪، لە کاتێکدا هەڵاوسانی خۆراک بۆ ١١٥٪ بەرزبووەتەوە، کاڵا سەرەکییەکانی وەک ڕۆن و برنج و مریشک لەنێو ئەو شتانەدا بوون کە بەرزترین بەرزبوونەوەی نرخەکانیان بەخۆوە بینی، وردە وردە پاڵیان پێواوە لە دەستی بەشە گەورەکانی خێزانە کەم داهاتەکان.

 

لە ئاستێکی ئابووری فراوانتردا، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی پێشبینی دەکات کە تێکڕای هەڵاوسان لە ئێران تا ساڵی ٢٠٢٦ دەگاتە نزیکەی ٦٨.٩٪ و کەمبوونەوەی ڕاستەقینەی بەرهەمی ناوخۆیی بە ڕێژەی ٦.١٪، ئەم ئامارانە نەک تەنها ڕەنگدانەوەی قەیرانی نرخەکانن بەڵکو ئاماژەن بۆ دابەزینی ئاسایشی خۆراک و تێکچوونی تەندروستی گشتی و بچووکبوونەوەی ژیانی ئاسایی خێزانەکان.

 

هەر لەو پێوەندییەدا، ڕاپۆرتی هاوبەشی ساڵی ٢٠٢٥ی یونیسێف و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری دەدات لەوەی کە هەڵاوسانی بەردەوامی بەرزی خۆراک هەڕەشە لە توانای ملیۆنان کەس دەکات بۆ دەستڕاگەیشتن بە خۆراکی تەندروست و هاوسەنگ و ژنان و منداڵان قورسایی ئەم قەیرانە لە ئەستۆ دەگرن.

 

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک بە ڕێژەی ١٠٪ پەیوەستە بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی نائاسایشی خۆراک و مەترسی زیاتری بەفیڕۆدانی توند بەهۆی بەدخۆراکی لە نێو منداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵدا، هەروەها ژنان زیاتر بەرەوڕووی دەرئەنجامەکانی ئەم شۆکانە دەبنەوە بەهۆی نایەکسانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سنوورداربوونی دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکان و هەڵگرتنی بارگرانییەکانی چاودێریکردن.

 

هەڵاوسان قورسایی لەسەر ژنان و خێزانەکان دادەنێت

لەو چوارچێوەیەدا، شیوا.ر، توێژەر لە توێژینەوەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی لە تاران، وتی: ئەوەی ڕوودەدات تەنها بەرزبوونەوەی نرخی هەندێک کەلوپەل نییە، بەڵکو وردە وردە هەڵوەشاندنەوەی سەبەتە خۆراکییەکە کە پێشتر لە توانای خێزانەکاندا بوو بۆ ئەوەی هەڵیبگرێت، کاتێک هەڵاوسانی خۆراک لە هەڵاوسانی گشتی تێدەپەڕێت، خێزانەکان سەرەتا دەست دەکەن بە نەهێشتنی گرانترین خۆراکی وەک گۆشت، بەرهەمە شیرەمەنیەکان، میوە، سەوزە، پاشان دەچنە سەر کەمکردنەوەی کوالیتی سەرچاوەی پرۆتین و جیاوازی ژەمەکان و لە توندترین قۆناغدا، دایکان دەست دەکەن بە وازهێنان لە بەشێک لە بەشە خۆراکەکانیان بۆ ئەوەی خۆراک بۆ منداڵەکانیان بەردەست بمێنێتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە مانگەکانی یەکەمی ئەمساڵدا ئەم جیاوازییە ڕوون بووەوە، لە کاتێکدا هەڵاوسانی گشتی بە شێوەیەکی بێ وێنە بەرز بوو، بەڵام نرخی خۆراک خێراتر بەرزبووەوە، ئەمەش بە شێوەیەکی کاریگەر چەندین کاڵای بنەڕەتی لە دەستی هەژاران دوورخستەوە.

 

ڕوونیشیکردەوە، کە ژنان یەکەم کەسن کە قورسایی ئەم قەیرانانە لە ئەستۆ دەگرن، چونکە زۆرجار لە بەرامبەر قەیرانەکاندا هێڵی بەرگری یەکەمن لەناو خێزانەکەدا،  بەرپرسیارن لە بەڕێوەبردنی بودجەی خۆراک و بازاڕکردن و چێشت لێنان و چاودێریکردنی ڕۆژانە و لە هەمان کاتدا زۆرێکیان ڕووبەڕووی بارودۆخی ئابووری ناجێگیرتر دەبنەوە بەهۆی کەم یان ناجێگیری داهات.

 

جەختی لەوەکردەوە، ڕاپۆرتی "دۆخی ئاسایشی خۆراک و خۆراک لە جیهاندا ٢٠٢٥" ئاماژەیە بە سنووردارکردنی پەیوەندیدار بە ڕەگەزەوە، لە سنوورداربوونی دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە ئابوورییەکان تا بارگرانی نایەکسانی چاودێریکردن، توانای ژنان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەرزبوونەوەی نرخەکان کەمدەکاتەوە و ڕەنگە ناچاریان بکات زووتر لەوانی دیکە، بەکارهێنانی خۆراکیان کەمبکەنەوە.

 

بەدخۆراکی دایکان مەترسی لەسەر تەندروستی نەوەکانی داهاتوو دروست دەکات

دووپاتیکردەوە، کە لایەنی کولتووری کێشەکە گەورەتر دەکات، زۆرجار وازهێنانی دایک لە پێداویستییە خۆراکیەکانی وەک بەرخۆدان یان چاکەیەک سەیر دەکرێت، لەکاتێکدا لە ڕاستیدا ڕەنگدانەوەی فشارە ئابووری و کۆمەڵایەتییە کۆبووەوەکانە.

 

سەبارەت بە کاریگەری ئەم قەیرانانە لەسەر ژنانی دووگیان وتی: بۆ ژنی دووگیان، قەیرانەکە تەنها لەسەر کەمی خۆراک نییە، بەڵکو پەیوەندی بە لەدەستدانی توخمە گرنگەکانی گەشەی تەندروستەوە هەیە، وەک ئاسن و یۆد و فۆلیک ئەسید و کالسیۆم و زینک، یونیسێف ڕوونیدەکاتەوە، کە بەدخۆراکی لەکاتی دووگیانیدا دەبێتە هۆی ئاڵۆزی جددی وەک کەمخوێنی، پێش ئیکلەمپسیا، خوێنبەربوون، هەروەها دەتوانێت کاریگەری لەسەر کۆرپەلە هەبێت بە زیادکردنی مەترسی لەدایکبوونی مردوو، کەمی کێشی لەدایکبوون، بەفیڕۆدانی توند و دواکەوتنی گەشەکردن.

 

شیوا. ر وتیشی: ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پشتڕاستی دەکاتەوە کە کەمی کێشی لەدایکبوون تەنها کێشەیەکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو نیشاندەری قەیرانی تەندروستی گشتییە کە پەیوەندی بە بەدخۆراکی دایکان و نەخۆشی و چاودێری نەکردنی پێویست لە کاتی دووگیانیدا هەیە.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە لە ئێراندا نائاسایشی خۆراک لە نێو ژنانی دووگیاندا، ئیتر تەنها ئەگەرێکی داهاتوو نییە، شیکارییەکی مێتا لە توێژینەوەکان لەسەر ژنانی دووگیانی ئێرانی دەریخستووە کە ڕێژەی نائاسایشی خۆراک لە دەوروبەری ٤٥٪ بووە، لە کاتێکدا لێکۆڵینەوەیەکی ئەم دواییە لە قەزوین ڕێژەیەکی زیاتری تۆمارکردووە کە ٧١.٤٪ بووە.

 

قەیرانی خۆراک مەترسی لەسەر داهاتووی منداڵانی ئێران دروست دەکات

سەبارەت بەوەی ئایا کۆمەڵگەی ئێرانی ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی بێدەنگ دەبێتەوە بۆ نەوەی داهاتوو، وتی: بەڵێ، کاتێک دووگیانی لە نێوان نائاسایشی خۆراکدا دەست پێدەکات، زیانەکان لە تەندروستی ئێستای دایک زیاتر درێژدەبێتەوە بۆ گەشەکردن و داهاتووی منداڵ.

 

ڕوونیکدەوە، کە ڕاپۆرتە جیهانییەکانی ئاسایشی خۆراک ئاماژە بەوە دەکەن، کە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک پەیوەندی بە زیادبوونی ڕێژەی بەدخۆراکی و بەفیڕۆدانی توندەوە هەیە لەنێو منداڵانی بچووکدا، یونیسێف جەخت لەوە دەکاتەوە  کە دڵنیابوون لە دەستڕاگەیشتن بە خۆراکی ژنان و منداڵان لە پێشینەی کارە، چونکە کوالیتی خۆراکەکانیان دەتوانێت بە خێرایی لە کاتی قەیرانە ئابوورییەکاندا تێکبچێت.

 

شیوا.ر وتی: هەڵاوسانی خۆراک تەنها بە واتای مێزی بچوکتر نییە، واتە داهاتووی منداڵ ناجێگیرتر دەبێت، لە گەشەی جەستەییەوە بۆ توانای فێربوون، بەرگری و تەندروستی گشتی، قەیرانی خۆراک لە ئێراندا تەنها بەو شتانە ناپێورێت کە لە بازاڕەکاندا دەردەکەوێت، بەڵکو بەو شتانەش دەپێورێت کە لە ناو جەستە و ماڵەکاندا ڕوودەدەن، کە تەواوی خێزانەکان ناچارن ڕۆژ بە ڕۆژ پێداویستییەکانیان کەم بکەنەوە تەنها بۆ ئەوەی بژین.