پزیشکانی دەرچووی دانەمەزراو لە سلێمانی گردبوونەوە
لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی پزیشکانی دەرچووی دانەمەزراو گردبوونەوەو دەڵێن: حکومەت وەڵامی داواکارییەکانمان ناداتەوە.

ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ ١١ی حوزەیران، لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی پزیشکانی دەرچووی دانەمەزراو گردبوونەوە.
بەشداربووانی گردبوونەوەکە وتیان: ئەمڕۆ بۆ دوو داواکاری سەرەکی لێرە گردبوبنەتەوە، یەکەمیان هەڵگرتن و ڕاگرتنی ئەو سزایانەی، کە بۆ پزیشکانی نیشتەجێی خولاو دەرکراون پاش ئەوەی هەفتەی ڕابردوو بایکۆتی دەوامیان کرد، لە جێگای ئەوەی ئەوەی حکومەتی کاربەڕێکەر داواکارییەکانی پزیشكانی نیشتەجێی خولاو جێ بەجێبکات سزای داون ئەمەش پێشێلکردنی مافەکانیانە و دەبێت دەست بەجێ ڕابگیرێت.
ئاماژەیان بەوەشکرد، داواکاری دووەمییان ئەوەیە کە دەرچون و خوێندنیان تەواوکردووە ئێستا حکومەت زۆر بێ پلانە بەرانبەریان لەکاتێکدا ڕێکەوتنێک هەبو بۆئەوەی لەنێوان کەرتی حکومی و تایبەتدا دابمەزرێن، بەڵام ئەوەش جێ بەجێ نەکرا.
بەپێی زانیارییەکان، نزیکەی ٧٨٨ پزیشکی دانەمەزراو کە بە فەرمی لەلایەن حکومەتەوە بڕیاری دامەزراندنیان دراوە و لەو ژمارەیەش ٢٨٨ کەسیان لە سلێمانین، بەڵام تاوەکو ئێستا دانەمەزراون.