پیاوێک کە هاوژین و دوو منداڵی کوشتبوو لە سلێمانی دەستگیر کرا

ئاسایشی سلێمانی پیاوێکی دەستگیرکرد کە ساڵی ڕابردوو لە بەغدا، بە دەمانچە هاوژین و دوو منداڵی هاوژینەکەی کوشتوون و هەڵاتبوو.

بەشی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکان لە ئاسایشی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا زانیاری لەسەر پیاوێکی بکوژ بڵاوکردەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکراوە، لە ڕۆژی ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ لە ناوچەی دۆرەی شاری بەغدا، کەسێک بەناوی (م. ت. ح) بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە، هاوژینەکەی بە ناوی (ب. ع. ح) و دوو منداڵی هاوژینەکەی بە دەمانچە کوشتن.

 

ئەوەشخراوەتەڕوو، دواتر تۆمەتبارەکە چەند ناسنامەیەکی ساختەی درووست کردووە و خۆی لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق شاردووەتەوە بەرەو هەرێمی کوردستان هەڵهاتووە، ئاسایش دوای لێکۆڵینەوە، توانیویەتی شوێنی خۆحەشاردانی تۆمەتبارەکە بدۆزێتەوە کە  هۆتێلێک بووە لەنێو شاری سلێمانی دا.

 

تۆمەتبارەکە چەند "ناسنامەیەکی ساختە"ی پێبووە و لە رۆژی ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ دەستگیرکراوەو پەڕاوی لێکۆڵینەوەی  بۆ کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.