"پێویستە ژنان ٦ مانگ جارێک یاخود ساڵی جارێک پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک بکەن"
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایدەگەیێنێت، پێویستە ژنان ٦ مانگ جارێک یاخود ساڵی جارێک پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک ئەنجام بدەن.
ناوەندی هەواڵ
شێرپەنجەی مەمک نەخۆشییەکە تیایدا خانەکانی مەمک بە شێوازێکی کۆنتڕۆڵنەکراو زیاددەکەن و گرێ دروستدەکەن، خانە شێرپەنجەییەکانی مەمک لە بۆرییەکانی شیردا دەستپێدەکەن و لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا نەخۆشییەکە چارەسەری ئاسانە، بەڵام وردە وردە خانە شێرپەنجەییەکان بڵاودەبنەوە بە شانەکانی دیکەی مەمکدا و وادەکات گرێ دروستببێت کە هەندێکجار کەسە تووشبووەکە هەستی پێدەکات.
ئەم مانگە، مانگی هۆشیارییە لەبارەی شێرپەنجەی مەمک، لە جیهاندا لەرێگەی چالاکی جیاوازەوە هەوڵدەدرێت ژنان هۆشیاربکرێنەوە لەبارەی نەخۆشییەکە.
ئەمڕۆ ٢٨ی تشرینی یەکەم، پزیشک سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر ساڵانە یاخود ٦ مانگ جارێک ژنان پشکنین بکەن، ئەوا لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا شێرپەنجەکەیان دەستنیشاندەکرێت ئەمەش ئەگەری ڕزگاربوون و چارەسەرکردنیان لە شێرپەنجەکە زیاد دەکات.