"پێویستە سی پی تی ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات"

سی پی تی وەڵامی نامەکەی تاژێی دایەوە بۆ زانینی دۆخی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، لە وەڵامی نامەکەدا، لاڤا شەنگالی، ئەندامی دیپلۆماسی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی "تاژێ" وتی: دەبێت سی پی تی ئەرکی خۆی جێبەجێبکات.

بێریڤان چیا

 

شەنگال-  کۆمیتەی دیپلۆماسی تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی "تاژێ" لە ١٤ی کانوونی دووەم نامەیەکی نارد بۆ سی پی تی بۆ زانینی بارودۆخی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، لەم نامەیەدا کۆمیتەی دیپلۆماسی سەرنجی بۆ گۆشەگیریی توندی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد ڕاکێشا، کە ئیمراڵی بووەتە ناوەندی گۆشەگیرییەکی تەواو و شەڕێکی سیاسی تایبەت، باس لەو ئەرک و بەرپرسیارێتییانەش کراوە، کە دەبێت سی پی تی بیگرێتە ئەستۆ، دواتر سی پی تی وەڵامی نامەکەی دایەوە و تیایدا هاتووە، "سەرەتا سوپاس بۆ نامەکە، سی پی تی ڕاپۆرتی خۆی لە هەموو سەردانەکانی بۆ تورکیا ناردووە، پێویستە تورکیا ڕازی بێت بە ئاشکراکردنی ڕاپۆرتەکانی سەردانەکەمان بۆ ئیمراڵی، لە دۆخێکدا نین کە ڕاپۆرتەکە لەگەڵ هیچ کەسێک هاوبەش بکەین هەتا ئەو کاتەی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە پەسەند دەکرێت.

 

لاڤا شەنگالی، ئەندامی دیپلۆماسی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی "تاژێ" ، دەربارەی وەڵامی سی پی تی بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو ڕەخنەی لە ڕێوشوێنەکەی سی پی تی گرت و وتی: ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتییانەی کە دەکەونە سەر سی پی تی دەبێت بەزوویی جێبەجێ بکرێن.

 

"ئەگەر بکوژی ناگیهان سزا بدرایە فریال تیرۆر نەدەکرا"

لاڤا شەنگالی هێرشەکەی کەرکوکی بۆ سەر سیاسەتمەدار فەریال سلێمان خالید شەرمەزار کردو وتی: پێش هەموو شتێک، هاوڕێ فەریال  چالاکوان و شۆڕشگێڕ بەبیردەهێنمەوە کە لە کەرکوک لەلایەن پەدەکە و میتی تورکیاوە شەهید کرا، بەداخەوە ئەمە یەکەم جار نییە ئەم ڕیبازە ناڕەوشتی و نامرۆڤانەیە ئەنجام دەدرێت، ماوەیەکی زۆر نییە کە هاوڕێ ناگیهان بەهەمان شێوە لە سلێمانی شەهید بوو، ئامانجی ئەم هێرشانە ڕێگریکردنە لە خەباتی ژنان، ئەگەر بکوژی ناگیهان سزا بدرایە ئەمڕۆ هەمان تاوان دووبارە نەدەبووەوە، بەڵام هیچ شتێک ڕێگری لە خەباتی ژنان ناکات، ئەو هێرشانەی کە ڕوودەدات ئاستی تێکۆشانمان بەهێزتر و بەرزتر دەکاتەوە، بە تایبەتی بۆ ئێمەی ژنانی ئێزدی، تێکۆشانی هاوڕێ فەریال و ناگیهان ئاستی تێکۆشانمان بەهێزتر دەکات.

 

"ماوەی سێ ساڵە هیچ زانیارییەک دەربارەی ڕێبەر وەرنەگیراوە"

لاڤا شەنگالی تیشکی خستە سەر گۆشەگیریی توندی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و وتی:  ٢٥ ساڵە ڕێبەر ئاپۆ لە زیندانی ئیمرالی دەستبەسەرە. ماوەی سێ ساڵە هیچ زانیارییەک لە ڕێبەر ئاپۆوە نەگەیشتووە،  لە هەمان کاتدا، لە ١٠ی تشرینی یەکەم، هەڵمەتەکە بە دروشمی "ئازادی جەستەیی بۆ ڕێبەر ئاپۆ و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" دەستی پێکرد، نامەیەکمان بۆ سی پی تی نارد بۆ پشتگیریکردنی ئەم هەڵمەتە و نزیکبوونەوە لە هەڵمەتی ١٥ی شوبات، ئەمە یەکەم نامەی ژنانی ئێزدی بوو کە بۆ سی پی تی نووسرا. لە نامەکەدا نووسراوە "گۆشەگیرکردنی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان گۆشەگیریی سەر ژنان و کۆمەڵگای ئێزدییە".

 

ئاماژەی بەوەشکرد، نامەکە زۆر گرنگ بوو، بیری ڕێبەر ئاپۆ بۆ ژنان و کۆمەڵگەی ئێزدی زۆر گرنگە لە هەمان کاتدا، لە ناوەڕۆکی نامەکەدا ڕەخنە لە سی پی تی و بێخەمییەکەی گیرا، ئەو چەندین جار سەردانی ئیمراڵی کردووە، بەڵام ڕاپۆرتەکانی هەرگیز بڵاونەکراونەتەوە، لە هەمان کاتدا، سێ خاڵی سەرەکی لە نامەکەدا داواکرا. یەکەم خاڵ ئەوەیە کە "سی پی تی ئەنجامی سەردانەکەی بۆ ئیمراڵی بۆ خەڵک هاوبەش دەکات" خاڵی دووەم ئەوەیە " سەردانی پزیشک بۆ ئیمراڵی هەبێت، هەروەها ڕێبەر لەگەڵ خێزان و هێزەکانی کۆببێتەوە، خاڵی سێیەم ئەوە بوو کە "مافی هیوا بەگوێرەی یاساکانی دادگای مافی مرۆڤ جێبەجێ بکرێت".

 

"ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بوونی ئێمەیە"

لاڤا شەنگالی ئاماژەی بەوەکرد، هەرچی لە توانایاندایە دەیکەن بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و وتی: کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمیتەی دیپلۆماسیی تاژێ و کۆبوونەوەی ساڵی تاژێ بەڕێوەچوو، لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا پلانی زۆر گرنگ بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دانرا، یەکێک لەو پلانانە ناردنی نامە بوو بۆ سی پی تی، خەباتمان لەسەر ئاستی جیهانی وزەدارتر و فراوانتر دەبێت، لە ڕووی دیپلۆماسی و یاسای کۆمەڵایەتییەوە، کارێکی زۆر فراوان ئەنجام دەدرێت، بۆ ئێمەی ژنانی ئێزیدی، ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بوونی ئێمەیە، ئەو هەناسەیەی کە ڕۆژانە دەیدەین هیوای ژیانێکی ئازادی داهاتووە.

 

 

"پێویستە سی پی تی ڕێز لە یاساکانی خۆی بگرێت"

لاڤا شەنگالی تیشکی خستە سەر یاساکانی سی پی تی، کە لە ئێستادا لە خزمەتی دەسەڵاتداراندایە و وتی: دوای ئەوەی نامەکە بۆ سی پی تی نێردرا، دەتوانین بڵێین کە وەڵامیان داوەتەوە لە نێوان ٢٤ کاتژمێردا، هەڵوێستی ئەوان ڕوون و ئاشکرایە و دەڵێت ناتوانین ئاشکرای بکەین هەتا دەوڵەتی تورکیا ڕێگەمان پێنەدا ئەنجامی ڕاپۆرتەکەمان لەسەر سەردانەکەی ئیمراڵی ڕابگەیەنین، بەڵام ئەگەر سی پی تی بیەوێت، دەتوانێت لێدوانێک بۆ دۆخی ڕێبەر ئاپۆ بدات، لەبەر ئەوەی بەپێی یاساکانیان، یاسایەک هەیە کە دەڵێت ئەگەر مەترسییەک هەبێت، سی پی تی دەتوانێت بەیاننامەیەک بدات بەبێ ئەوەی مۆڵەت لەو وڵاقتە وەربگرێت، پێویستە ئەم یاسایە جێبەجێبکەن و ڕێز لە یاساکانی خۆی بگرێت.

 

"پێویستمان بە سوپاسی سی پی تی نییە، پێویستە بە ئەرکی خۆی هەستێت"

لە کۆتایی قسەکانیدا، لاڤا شەنگالی ڕایگەیاند، پێویستمان بە سوپاسی سی پی تی نییە، بەڵام پێویستە ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن، ئامانجی نامەکەمان ئەوە نییە کە سوپاسمان بکەن، ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتییانەی کە دەکەونە سەر سی پی تی پێویستە بە زووترین کات جێبەجێ بکرێن، دەبێت بە زووترین کات بەیاننامەیەک بڵاو بکاتەوە.