پێشێلکارییەکانی سەر ئازادییەکانی ڕاگەیاندن لە یەمەن لە ٥٠% زیادی کردووە
ڕوانگەی ئازادی ڕاگەیاندنی یەمەن لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا مانگی حوزەیرانی ڕابردوو ٥٥ پێشێلکاریی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان و ئاژانسەکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی بەڵگە کردووە، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی ٢٠٢٤دا تەنها ٣٦ کەیسی تۆمارکردووە.

یەمەن
ئازادی ڕاگەیاندن لە یەمەن شایەتی پەرەسەندنێکی مەترسیدار لە ژمارەی پێشێلکارییەکانی دژی ڕۆژنامەنووسان و ئاژانسەکانی ڕاگەیاندن بەخۆیەوە بینی، ئەم پێشێلکاریانە بریتی بوون لە کوشتن، دەستبەسەرکردنی کاتی، دەستدرێژی جەستەیی و چەندین دەستدرێژی دیکە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی نوێ کە ڕۆژی ١ی حوزەیران لەلایەن ڕوانگەی ئازادییەکانی ڕاگەیاندنوە بڵاوکراوەتەوە، لەنێوان مانگی یەک و حوزەیرانی ٢٠٢٥دا ٥٥ پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان و ئاژانسەکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی بەڵگەدار کراوە، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی ٢٠٢٤دا تەنها ٣٦ کەیسی تۆمارکراوە، کە نزیکەی ٥٣% زیادیکردووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە پێشێلکارییەکان بریتین لە کوشتنێک، یەک برینداربوون، ٧ دەستبەسەرکردنی کاتی، یەک دەستدرێژی جەستەیی و ١٤ دەستگیرکردن، هەروەها چوار کەیسی هەڕەشەکردن و ٧ کەیسی هاندان و ناوزڕاندن، ١٤ کەیسی لێپرسینەوە یان دادگاییکردن لەلایەن دەسەڵاتە ئاسایشییەکان یان دادوەرییەوە و پێنج هەوڵی دەستگیرکردنی شکستخواردووی لەخۆگرتبوو.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە حوسییەکان بە بێ مۆڵەتی پێشوەختە، فەرمانگەیەکی نوێیان بە وێنەگرتنی مەیدانی لە ناو شاری سەنعای پایتەخت قەدەغە کردووە، ڕوانگە ئەمەی بە درێژەی سیاسەتی سنووردارکردنی کاری ڕۆژنامەوانی لە ناوچەکانی دەسەڵاتی گروپەکەدا زانی.
لە لیستی ئەو لایەنانەی بەرپرسیارن لەم پێشێلکاریانە، حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە بە ١٩ پێشێلکاری، کە نزیکەی ٣٥%ی کۆی پێشێلکارییەکان پێکدەهێنێت، دوای ئەوە حوسییەکان بە ١٨ پێشێلکاری (٣٣%)، پاشان ئەنجومەنی ئینتقالی باشوور بە ١١ پێشێلکاری، دوو پێشێلکاری لەلایەن هێزەکانی بەرخۆدانی نیشتمانی تۆمارکراوە، یەکێکیان لەلایەن لیوای گەورەکانەوە، سێ پێشێلکاری لەلایەن کەسانی کاریگەر و یەکێکیان لەلایەن تاکێکی نەناسراوەوە تۆمارکراوە.
لە ڕووی دابەشبوونی جوگرافییەوە، ئەم پێشێلکارییانە لە سەرانسەری ١٠ پارێزگاری یەمەندا ڕوویانداوە، عەدەن بە ١٢ پێشێلکاری پێشەنگی گرتووە، دواتر حەزەرماوت بە ٩ پێشێلکاری، پاشان ماریب، سەنعا و تەعز بە هەشت پێشێلکاری هەریەکەیان، هەروەها ٦ کەیس لە حەدەیدە تۆمارکراوە، هەریەکەیان یەک کەیس لە زالع، زمار، شەبوە و سوقەترا تۆمارکراون.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا ڕوانگەی ئازادی ڕاگەیاندن داوای کۆتایی هەموو جۆرەکانی هەراسانکردن و پێشێلکاری لە دژی ڕۆژنامەنووسان و ئازادکردنی دەستبەجێی دەستگیرکراوەکان و هەڵگرتنی هەموو سنووردارکردنەکان بۆ کاری ڕاگەیاندن لە سەرانسەری یەمەندا کرد، جەختی لەوە کردەوە کە ژینگەی ڕاگەیاندن لە یەمەن بە نائارامی ماوەتەوە و هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئازادی ڕادەربڕین دروست دەکات.