پێشانگایەکی بازاڕکردن بۆ پاڵپشتیکردنی ژنانی کامپی هۆل کرایەوە

لە شاری ڕەققە پێشانگایەکی بازاڕی پیشە دەستییەکان بە ئامانجی بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنانی گەڕاوەی کامپی هۆل لە کۆمەڵگەدا و هەروەها پاڵپشتیکردنیان لە ڕووی ئابوورییەوە بەڕێوە چوو.

ناوەندی هەواڵ

 

 دوێنێ٢٤ ی شوبات لەبەردەم مزگەوتی عائیشە لە گەڕەکی مەشلەب لە شاری ڕەققە پێشانگایەکی بازاڕی پیشە دەستییەکان بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی ٢٠ ژنی گەڕاوەی کامپی هۆل و بەهێزکردنی ئابوورییان لەلایەن ناوەندی خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی بەڕێوەچوو.

 

لە چالاكییەكەدا بەرهەمە دەستییەكانی ژنان نمایشكرا، كە بریتین لە، بەهاراتی وشککراو، کەرەستەی پاککردنەوە، چنین و مۆم درووستکردن.

 

هەروەها بە وتەی سەرپەرشتیارانی چالاكییەكە ئامانج لەم هەنگاوە بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنانی گەڕاوەی کامپی هۆلە لە کۆمەڵگەدا و پاڵپشتیکردنیانە لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتیی بە مەبەستی دەرخستنی تواناکانیان بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی دارایی و تێکەڵاوبوونی کۆمەڵگەیە.

 

بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو هەمان پێشانگا دووبارە لە شاری ڕەققە بەڕێوەبچێت وەک بەشێک لە پلانی پاڵپشتیکردنی گەڕانەوەی زیاتری دانیشتووانی کامپی هۆل و بەهێزکردنیان لە ڕووی ئابوورییەوە.