پەرەسەندنی تۆمەتەکان و داخستنی یەک لە دوای یەک، کاردانەوە لەسەر سانسۆری گشتی لە ئێراندا دەوروژێنێتەوە
ڕێبازی داخستنی فرۆشگەو قاوەخانەکان لە ئێران و دەرکردنی لیستی تۆمەت لەسەر بنەمای تۆمەتەکانی وەک "پۆشینی جلوبەرگی نەگونجاو لەگەڵ حیجاب" بەردەوامە، ڕەخنەگران دەڵێن: ئەم ڕێوشوێنانە بۆ فراوانکردنەوەی چاودێری بەسەر کەشی گشتی و کۆنترۆڵکردنە.
ناوەندی هەواڵ
ئێران لەم دواییانەدا شایەتی توندکردنەوەیەکی بەرچاو بووە لە چاودێریکردنی قاوەخانەو فرۆشگەکاندا لەگەڵ فراوانبوونەوەی بازنەی داخستنەکان و ڕێوشوێنە دادوەرییەکان بە بیانووی جیاواز، لە چوارچێوەی گەشەسەندنی کۆنتڕۆڵی فەرمی بەسەر کەشت کۆمەڵایەتی و ئابووریدا.
لە کاتێکدا پرۆسەی داخستنی قاوەخانە، چێشتخانە و یەکە بازرگانییەکانی تریش لە شارە جیاوازەکانی ئێران بە بیانووی وەک "ڕەچاونەکردنی ڕەوشتی ئیسلامی" و "پێشێلکردنی دابونەریتەکان" بەردەوامە، سەرۆکی دادوەری پارێزگای ورمێ دەرکردنی ١٤ پێڕستی تۆمەتی لە کەیسە پەیوەندیدارەکان بە "بڵاوکردنەوەی لەشفرۆشی و گەندەڵی" ڕاگەیاند.
داخستنەکە سێ قاوەخانەی لە ئەردەبیل گرتەوە بە بیانووی "پەیرەونەکردنی ڕەوشتی ئیسلامی" و "پێشێلکردنی دابونەریتەکان"، لەگەڵ دەستبەسەرکردنی ١٦ کەس کە پەیوەندییان بەو رووداوەوە هەبووە، لە مینودەشت قاوەخانەیەکی تر بە بیانووی "پەیرەونەکردنی حیجاب" داخرا، لە کاتێکدا داخستنەکە سێ قاوەخانەی بە ناوی لێکچوو لە مەشهەد، بجنورد و بیرجەند گرتەوە، هەروەها قاوەخانە و چێشتخانەیەکیش لە تاران داخرا بە بێ ئەوەی هۆکارە فەرمییەکان ڕوون ببنەوە.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لانیکەم ٢٣ یەکەی سەندیکایی لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا داخراون، بەرپرسی پشکنین و چاودێری بەسەر سەندیکاکان لە مەشهەد پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ١٠٤ یەکەی سەندیکایی لە چوار مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا داخراون، ئوموش ژمارەیەکە وەک خۆی دەڵێت بیست هێندەی هەمان ماوەی ساڵی ڕابردووە.
هەروەها سەرۆکی دادوەری شاری ورمێ ئاشکرای کرد کە ١٤ تۆمەتی لە کەیسە پەیوەندیدارەکان بە "بڵاوکردنەوەی لەشفرۆشی و گەندەڵی" دەرچوون، و ڕێوشوێنە یاساییەکان دژی "ڕفتاری نائارام" لە قاوەخانەکانیشدا بەردەوامن.
ئەم ئاراستەیە، لەگەڵ هەڵمەتی سەرکوتکردن کە شوێنە کارکردنەکان دەکاتە ئامانج، بووە هۆی نوێبوونەوەی کاردانەوە لەسەر فراوانکردنەوەی بازنەی چاودێری کۆمەڵایەتی بە بەکارهێنانی دەستەواژەکانی وەک "ئاشکراکردنی پەردەپۆش" و "پێشێلکردنی دابونەریتەکان" و "گەندەڵی و لەشفرۆشی"، ڕەخنەگران پێیان وایە کە ئەم ڕێبازە بەشێکە لە سیاسەتێکی بەرفراوانتر بۆ کۆنتڕۆڵکردن و سنووردارکردنی کەشی گشتی، کە ڕێبازێکە چەمکە ئاینی و ڕەوشتییەکان بۆ دابینکردنی بنەماکانی گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی، دەستبەسەرکردن و داخستنی کۆمپانیاکان بەکاردێنێت.
داخستنی یەکە بازرگانییەکان، لە سایەی پشتبەستنی بەشێکی گەورەی بژێوی خاوەنکار و فەرمانبەران بە بەردەوامبوونی چالاکی ئەم شوێنانە، نەک تەنها سنووردارکردنی ئازادییە کۆمەڵایەتییەکانە، بەڵکو فشاری ئابووری گەورەتریش بەسەر خێزانەکاندا دەسەپێنێت، ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بە زیادبوونی دەوەردانە دادوەری و ئەمنییەکان لە چالاکییە بازرگانی و گشتییە پەیوەندیدارەکان بە حیجابی زۆرملێ دەدەن.