پێنجەمین فێستیڤاڵی چاندی کوردی لە پاریس بەردەوامە
لە پاریس بە پۆشینی جلوبەرگی نەتەوەیی و چەندین چالاکی هونەری، پێنجەمین فێستیڤاڵی چاندی کوردی بەردەوامە کە بووەتە ناساندنی کولتووری کوردی و لە لایەن هاوڵاتییانەوە پیشیوازی لێکرا.
ناوەندی هەواڵ
لە ٣٠ی ئایار، لە بەردەم ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کورد لە پاریس، لە دووەمین ڕۆژدا پێنجەمین فێستیڤاڵی چاندی کوردی، بە چالاکییەکانی بۆ منداڵان و بەرنامە کەلتوورییەکانی بەردەوام بوو.
بەشدارسنی فێستیڤاڵەکە دوای نمایشە چاندی و هونەرییەکانی منداڵان، بۆ ئەوەی چاند و بەها کوردەوارییەکان بە هاووڵاتیانی ناوچەکە بناسێنن، تا پێش شارەوانی ناوچەی ١٠ـەمینی پاریس ڕێپێوانیان کرد. لە ڕێپێوانەکەدا گۆرانی کوردی گوترایەوە و هەڵپەڕکێی کوردی گیڕدرا و لە لایەن هاووڵاتییانەوە پێشوازییەکی زۆریان لێکرا.
هەروەها لە درێژەی چالاکییەکاندا لە پێش شارەوانی، چەندین چالاکی و نمایشی چاندی ئەنجام درا، کە پۆشینی جلوبەرگی کوردی و بە تایبەت جلوبەرگی ڕەسەنی باکووری کوردستان و هەڵپەڕکێی کوردیی بووە جێ سەرنجی خەڵکی شارەکە.
بڕیارە ئەم فێستڤاڵە کە بووەتە دەروازەیەک بۆ ناساندن و گواستنەوەی چاندی کوردی، لە ڕۆژانی داهاتوویشدا بە چالاکی جۆراوجۆری چاندی و هونەری بەردەوام دەبێت.