پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-ژینا دامەزرا

پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-ژینا کە پێکهاتووە لە پێنج ڕێکخراوی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دامەزرا، پلاتفۆرمەکە پەیڕەوی ناوخۆ و ئامانجەکانی بڵاوکردەوە.

ةاوەندی هەواڵ

 

هەوڵەکان بۆ یەکبوون و یەکڕیزیی هێز و ڕێکخراوە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا دێت فراوانتر دەبێت.

 

لە چوارچێوەی ئەم هەوڵانەدا،  پێنج ڕێکخراوی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (ڕێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان_ نینا،  ئاسۆی ژنی کورد_ ڕێکخراوی ژنانی کۆمەڵە، ڕێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران، یەکێتی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان_کەژار) لەژێر چەتری (پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-ژینا) خۆیان یەکخست و ڕایدەگەیەنن: "دوای چەندین مانگ و کۆبوونەوە، بە پێویستمان زانی کە بە تێگەیشتن لە پێویستیی یەکڕیزی و کاری پێکەوەیی،  پلاتفۆرمی  ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان_ژینا وەک چەترێکی مەدەنی_نەتەوەیی  و پارێزەر و داکۆکیکاری ڕاستەقینەی شکۆ، ئازادیی، یەکسانی و مافی ژنان ڕابگەیەنین.

 

ڕاگەیاندراوی دامەزراندنی پلاتفۆرمەکە بەم جۆرەیە:

"بۆ ئازادیی_یەکسانی_مافە ڕەواکانی ژنان.

بۆ هەموو ژنانی ئازادیخوازی کوردستان!

 تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادیی و یەکسانی!

 لە سەت ساڵی ڕابردوودا خەباتی نەتەوەیی کورد بۆ ڕزگاریی، بەردەوام و بێپسانەوەیە و بەو ڕۆڵەی ژن تێیدا گێڕاویەتی سەلماندوویەتی کە  ئازادیی نیشتمان بێ ئازادیی ژن وەدی نایەت و ژنی کوردیش تەنیا لە چوارچێوەی وڵاتی خۆیدا و دوور لە داگیرکاری و عەقلییەتی پیاو سالاری و دەسەڵات و نەریتە سەپێندراوەکان، دەگاتە مافە ڕەواکانی و هاوکات پارێزەری ڕاستەقینەی ماف و ئازادییەکانیشی دەبێت.

 

ژنی کورد بە درێژایی مێژوو، نەک هەر  بەشێک بووە لە ناسنامە و خەباتی نەتەوەیی بەڵکوو، ڕوحی ڕاپەرینیش بووە و پێشەنگایەتی و قورسایی ئەو خەباتەی خستۆتە سەرشانی خۆی، لە سەردەمی نوێی دا لووتکەی پێشەنگایەتی ژنان لە ڕاپەرینی(ژینا) ژن_ژیان_ئازادیی دەستی پێکرد کە تەواوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرانسەر جوگرافیای ئێرانی گرتەوە، ئەو قۆناغە وێنەی (ژنی وەک، قوربانی) گۆڕی بۆ (ژن وەک بزوێنەری گۆڕانکاری). ژنان نەک هەر وەک داواکار، بەڵکوو وەک ڕێبەر و داڕێژەری نەخشەی داهاتوو دەرکەوتن، ئەمەش وایکرد جیهان بە چاوێکی سیاسیی قووڵترەوە سەیری تواناکانی ژن بکات لە بەڕێوەبردنی قەیرانە گەورەکاندا.

 

ژنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان قوربانیی زوڵم و ستەمێکی دوو لایەنەیە. لە لایەکەوە وەک کورد مافە نەتەوەییەکانی لێ زەوت کراوە و لە لایەکی تریشەوە وەک ژن لەژێر یاسا کۆنەپەرستەکاندا دەچەوسێندرێتەوە.

 

ئێمە پێنج ڕێکخراوی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان " ڕێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان_ نینا،  ئاسۆی ژنی کورد_ ڕێکخراوی ژنانی کۆمەڵە، ڕێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران، یەکێتی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان_کژار

دوای چەندین مانگ و کۆبوونەوە بە شێوەی ئامادە بوون و ئۆنلاین، بە پێویستمان زانی کە بە تێگەیشتن لە پێویستیی یەکڕیزی و کاری پێکەوەیی،  پلاتفۆرمی  ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان_ژینا وەک چەترێکی مەدەنی_نەتەوەیی  و پارێزەر و داکۆکیکاری ڕاستەقینەی شکۆ، ئازادیی، یەکسانی و مافی ژنان ڕابگەیەنین.

 

 ئەم پلاتفۆرمە گرێدراویی خەباتی نەتەوەیی و تێکۆشان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان بەهێزتر دەکات و  بەرەنگاری ئەم ستەمە مێژووییە دەبێتەوە کە دژی "ژنی کورد"هەیە.

 

ئامانجە سەرەکییەکانی پڵاتفۆرمی ژینا  خۆی لە یەکخستنی ئیرادەی نەتەوەیی ژنان و بە هێز کردنی جێگەو پێگەی ژن لە نێو کۆمەڵگە، ڕووبەرووبوونەوەی داگیرکەر و ستەمی سیستماتیکی دژی ژنان، دەوڵەمەند کردنی خەباتی مەدەنی_ سیاسیی ژنان دەبینێتەوە.

 

پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان_ژینا داوا لە هەموو ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، وێڕای پێداگریی و داکۆکییەکانتان  لەسەر مافە ڕەواکانیان، لە دەوری ئەم پلاتفۆرمە کۆببنەوە.

 

  کاتی ئەوە هاتووە ژنانی نیشتمان، جیاوازییەکان وەلا بنێن و وەک یەک دەنگ و یەک ئیرادە، لە پێناو شکۆی نەتەوەیی و مافەکانیاندا بوەستنەوە".

 

هۆکاری دامەزراندن و ئامانجەکانی پلاتفۆرمەکە بەم جۆرەیە:

"بە درێژایی سەد ساڵی ڕابردوو تا دەگاتە شوڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" (ژینا) و لە زۆربەی ڕووداوەکانی دواییدا سەلمێندرا کە ڕۆڵی ژنان لە هەنگاونان بەرەو دێموکراسی و ئازادی لە کۆمەڵگەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەرچاو و شوێندانەرە. ژنان بە هێز و توانای خۆیان ئەوەیان پێشان دا کە هاوکات لەگەڵ تێکۆشان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان، دەتوانن ڕۆڵی پێشەنگایەتی بۆ چارەسەرکردنی گەلێک پرسی "سیاسی، نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و ژینگەپارێزی" بگێڕن.

ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەیان سەلماند کە لە بەرامبەر هەرجۆرە هێرشێکی پیاوسالارانەدا ڕادەوەستن و خاوەن مێژوویەکی تێکوشان بەرامبەر بە دەسەڵاتی پیاوسالاری ئێرانن. لە لایەکیتریشەوە بە ئاستێکی بەرزی وشیاریی نەتەوەیی و بەرپرسیارەتییەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ پرسی ژنان لە بەشەکانی دیکەی کوردستاندا دەکەن. بەشدار بوونی ژنان لە شەڕی دژ بە داعش، نموونەیەکی بەرچاوی دەسکەوت و ئەزموونێکی بەنرخی ئەم تێکۆشانەیە.

ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەندین ڕێکخراوی بەئەزموونی تایبەت بە ژنان بە ناسنامەی مێژوویی هەیە کە هەڵگری بەرپرسیارێتی لەسەر پرسی ژنانی کوردن.

هەریەک لەو ڕێکخراوانە بەپێی پێگەی خۆیان لە داکۆکیکردن لە پرسەکانی تایبەت بە ژنانی کوردستان و پێداگری و هەوڵیان بۆ بەرجەستەکردنی بێ‌مافی و ستەمەکانی سەر ژنانی کورد لە کۆمەڵگە و لە ژێر دەسەڵاتی سیاسیی دژە ژندا و وشیاریدان و چارەسەرکردنی ئەو ستەمە ڕۆڵیان گێڕاوە. لە لایەکیترەوە تێکۆشانی بەرفراوانی ژنان لە گۆڕەپانە جیاوازەکاندا ئەوەی سەلماندووە کە پرسی ژنان، پرسێکی بەرفراوانتر لە چوارچێوەی حیزبەکانە، بۆیە پێویستیی بە دروستکردنی پێکهاتەیەکی فەرا‌حیزبی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە. پێکهاتەیەک کە ژنانی تێکۆشەری حیزبە سیاسییەکان و نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هەروەها ژنانی چالاک لە بوارە جیاوازەکان لەخۆ بگرێت. لە سەر ئەم بنەمایە "پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-ژینا" بەپێی زەروورەت و پێویستیی چالاکی و هاوکاری و یەکخستنی زیاتری دەنگی ژنی کورد پێک‌دێت.

 

ئامانجەکان:

١. پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-ژینا، بۆ یەکخستنی هێزی بیر و تێکۆشانی ژنان پێک‌هاتووە، بۆیە بەرەنگاربوونەوەی هەر جۆرە هەڵاواردنێکی ڕەگەزی، نەتەوەیی، کولتووری و چینایەتی دژ بە ژنانی کورد لە ئێران، بە ئەرکی خۆی دەزانێت. لەم سۆنگەیەوە جگە لەوەی درێژەدەری خەباتی مافخوازانەی ژنانە، ئەو خەباتە بە خەباتی ڕزگاری خوازی نەتەوەییەوە گرێ دەدات و خۆی بە بەشێک لە بزووتنەوەی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووس دەزانێت.

٢. لەپێناو مسۆگەرکردنی بەشداریی کاریگەر و شوێندانەری ژنان لە پرسە چارەنووسسازەکاندا و لەبەرچاوگیرانی جێگە و پێگەی شیاوی ژنان لە چوارچێوەی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستی بەڕێوبەری و بڕیارداندا تێ‌دەکۆشێت.

٣. خواست و داوای ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشێوەی گەڵاڵەکراو و بەرنامە بۆ داڕێژراو بەرامبەر لایەنە پەیوەندیدارەکان و بەتایبەت حیزبە سیاسییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرز دەکاتەوە.

٤. بۆ هاوپێوەندی و کاری هاوبەش لەگەڵ ژنانی پێشکەوتنخوازی ئێرانی و هەموو نەتەوەکانیتر لە ئێران هەوڵ دەدات.

٥. بەرامبەر بە هەر چەشنە یاسا و ڕێسایەکی کۆنەپەرەستانە دەوەستێتەوە کە لە لایەن دەسەڵات یان کۆمەڵگەوە پێڕەو دەکرێ و بێ‌مافی و ژێردەستیی ژنان دەپارێزێت و هەڵگری هەڵاواردنی ڕەگەزییە.

٦. هاوهەڵوێستی و دەرکردنی بڕیار لە چوارچێوەی پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-ژینا، لەسەر ئەو پرسانەی پێویستی بە دەنگی هاوبەشی ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە، بەتایبەت بەرامبەر بە پارچەکانی دیکەی کوردستان، ژنانی نەتەوە جیاوازەکان و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بە ئەرکی خۆی دەزانێت.

٧. پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵات-ژینا بە ئەرکی خۆی دەزانێت بۆ یەکگرتوویی ژنان لەپێناو سەقامگیریی ئاشتی و دێموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەوڵ بدات.

 

پەیڕەوی ناوخۆی پلاتفۆرمەکە بەم جۆرە داڕێژراوەتەوە:

"پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-ژینا وەک چوارچێوەیەک بۆ هاوئاهەنگی، هاوکاری و بەرەوپێشبردنی کار و چالاکییەکانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دامەزراوە. ئەم پەیڕەوە بۆ ڕێکخستنی پێکهاتە، شێوازی کارکردن، ئەندامەتی و بەڕێوەبردنی پلاتفۆرم دادەنرێت.

 

ماددەی ١: پێکهاتە و بەڕێوەبردن

١. پلاتفۆرم دەستەیەکی بەڕێوەبەریی هەیە کە لە نوێنەرانی ڕێکخراوە بەشداربووەکان پێک دێت.

٢. ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری پێویستە کەسی یەکەمی ڕێکخراوەکانیان بن.

٣. بەڕێوەبردنی پلاتفۆرم بە شێوەی دەورەیی دەبێت و هەر دوو مانگ جارێک بەرپرسیارێتیی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی پلاتفۆرم لە لایەنێکەوە بۆ لایەنێکی‌تر  دەگوازرێتەوە.

تێبینیی ١: بۆنەکانی ٨ی مارس و ٢٥ی نۆڤامبر (تایبەت بە ژن) کە کارو چالاکیی تێیدا زیاترن، پێویستە هەموو لایەنەکان لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکاندا هاوکار بن.

تێبینیی ٢: لە ئەگەری ئامادەنەبوونی هەر یەک لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری (کەسی یەکەمی ڕێکخراو) ئەرک و بەرپرسیارێتی و بڕیاردان دەکەوێتە ئەستۆی کەسی دووهەم (کە لە لایەن کەسی یەکەمەوە دەستنیشان دەکرێت).

 

ماددەی ٢: بەشی پەیوەندییەکان

١. بەشی پەیوەندییەکان وەک بەشێکی کارا و سەرەکیی پلاتفۆرم دادەنرێت.

٢. ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی پلاتفۆرم بەرپرسیارن‌ لە هاوئاهەنگی و پەیوەندیگرتن بە ڕێکخراوەکانی‌ترەوە.

٣. ئەرکی ئەم بەشە پەیوەندیگرتنە لەگەڵ ڕێکخراوەکانی نێو کوردستان، دەرەوەی کوردستان و هەروەها ڕێکخراوەکان لە نەتەوەکانی‌تر.

 

ماددەی ٣: بەشی دارایی

١. بۆ بەڕێوەبردنی کار و چالاکییەکانی پلاتفۆرم، بەشی دارایی پێکدێت.

٢. هەر ڕێکخراوێکی بەشدار مانگانە بڕی ٢٥ هەزار دینار وەک ئابوونە تەرخان دەکات.

٣. هەموو تێچووەکان دەبێت بە پسوولە و فاکتۆر بدرێنە دەستەی بەڕێوەبەریی پلاتفۆرم.

تێبینی: هەر چالاکییەک کە تێچووەکەی زیاتر بوو لە بڕی ئەو پارەی لە بەردەست‌دایە، بڕە زیادەی خەرجکراو بەسەر هەر پێنج ڕێکخراوەکەدا دابەش دەکرێت.

 

ماددەی ٤: بەشی ڕاگەیاندن

١. بەشی ڕاگەیاندن لە کەسانی چالاک و شارەزا پێکدێت.

٢. بەرپرسی ڕاگەیاندنی پلاتفۆرم لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەرییەوە دەستنیشان دەکرێت، کە لە کاتی پێویستدا دەتوانێت ڕاوێژ بە بەرپرسی ڕێکخراوەکەی خۆی بکات.

٣. لە قۆناغی سەرەتادا، چالاکییەکان لە ڕێگای ئەکاونتەکانی x، ئینستاگرام، فەیسبووک، تێلێگرام و ... بەڕێوە دەبرێن.

٤. لە قۆناغەکانی داهاتوودا بەشی ڕاگەیاندنی پلاتفۆرم گۆڤارێکی ئەلێکترۆنی بۆ فراوانترکردنی چالاکییەکانی بڵاو دەکاتەوە.

 

ماددەی ٥: ئەندامێتی

١. هەر ژنێکی کوردی ڕۆژهەڵات دەتوانێت ببێتە ئەندامی پلاتفۆرم.

٢. بە ڕاوێژ لەگەڵ ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری پلاتفۆرم پێوەری دیاریکراو بۆ وەرگرتنی ئەندام دادەنرێت.

٣. هەر کەسێک خوازیاری ئەندامەتی لە پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-ژینا بێت، پێویستە سیاسەتەکانی پلاتفۆرمەکەی قبووڵ بێت.

٤. هەر ئەندامێک پێویستە فۆڕمی ئەندامەتی ئەلێکترۆنی پڕ بکاتەوە و بە یاسا و بڕیارەکانی پلاتفۆرم پابەند بێت.

 

ماددەی ٦: کۆبوونەوەکان

١. لە بارودۆخی ئاساییدا هەر دوو مانگ جارێک پلاتفۆرم کۆبوونەوەیەکی فەرمیی دەبێت.

٢. لە بارودۆخە لەناکاوەکاندا، بەپێی پێویست دەتوانرێت کۆبوونەوەی نائاسایی و تایبەت ڕێک‌بخرێت.

٣. ڕاپۆرتی هەر کۆبوونەوەیەک پێویستە ئەو لایەنەی بەرپرسی دەورەیی پلاتفۆرمە ئامادەی بکات.

 

تێبینی: هەموو مانگێک ڕاپۆرتی کاری بەشەکانی پلاتفۆرم کە لەلایەن بەرپرسی بەشەوە دەنووسرێن، ڕادەستی دەستەی بەڕێوەبەری دەکرێت