پلاتفۆرمی یەکگرتوویی ژنانی کورد دامەزرا
پلاتفۆرمی یەکگرتوویی ژنانی کورد لە شاری سلێمانی بە بەشداری نوێنەری٢٤ ڕێکخراو و دامەزراوەی ژنان دامەزرا.

ناوەندی هەواڵ
نوێنەری ٢٤ ڕێکخراو و پارتی سیاسی ژنان لە چوار پارچەی کوردستانەوە لە ژێر ناوی “کۆبوونەوەی یەکگرتوویی نەتەوەیی ژنانی کورد” بۆ پەرەپێدان و بنیاتنانی یەکێتی نەتەوەیی لە ٧ـی نیسانی ئەمساڵ کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و لە ڕاگەیاندراوێکدا دەرەئەنجامی کۆبوونەوەکەیان بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، یەکێتی نەتەوەیی لە یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکان سنووردار مەکەن و ڕێکخستنی دیمووکراسی و یەکێتی سیاسی دیمووکراسی پەرەپێبدەن و برەو بدەن بە یەکێتی نەتەوەیی لە هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگە، وەک لایەنەکانی، ئابووری، سیاسەت، ڕۆشنبیری، هونەر، پەروەردە، یاسا، شارەوانی، پەرلەمان و ناوەندە هونەرییەکان.
ئاماژە بەوەشکراوە، هەر ساڵەو لە پارچەیەکی کوردستان فێستیڤاڵی ژنانی کورد بەڕێوەدەچێت، تۆڕێکی هاوبەش بۆ منداڵانی قوربانی شەڕ و هەژاری لە چوار پارچەی کوردستان دادەمەزرێت، لە ماوەیەکی کەمدا کۆنفرانسی نەتەوەیی ژنانی کورد بەڕێوەدەچێت، بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە وەک “پلاتفۆرمی یەکگرتوویی ژنانی کورد” خۆتان بە ڕێکخستن بکەن.
باس لەوەشکراوە، داوا لە هەموو پارت و ڕێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان دەکەین بە هیوای بەرزەوە مامەڵە بکەن و قوربانی بدەن و بیر تەسک نەبن لە پێناو یەکگرتوویی نەتەوەیی. ئێمەش وەک ژن و پیاوی ئازادیی کورد، وەک هەموو گەلانی ئازاد، شایەنی ئەوەن بە یەکگرتوویی و ئازادیی و یەکسانی بژین، داوا لە هەموو نوێنەرانی ژنانی سیاسی و بزووتنەوە و ڕێکخراوەکانی ژنان لە کوردستان و دەرەوەی کوردستان دەکەین، کە بەشداری ئەم پلاتفۆرمە بکەن. با پێکەوە یەکێتی نەتەوەیی وەک خۆشەویستی بۆ ئازادیی و هەستکردن بە یەکسانی و ئەرکێکی گەورەی نیشتمانپەروەری بنیات بنێین.
هەروەها ناوی پارت و ڕێکخراوەکان بریتین لە:
یەنەکە
یەکێتی ژنانی کوردستان
ڕێکخراوی خوشکانی ئیسلامی کوردستان
کۆنگرەی ستار
تەڤگەری ژنانی ئازاد ”تاژێ”
پارتی یەکێتی دیموکراتیک”پەیەدە”
کۆمسیۆنی ژنانی کەنەکە
تەڤگەری گۆڕان
پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان "دەم پارتی"
هەرێمە دیمووکراسییەکان
ڕێکخراوی ژنانی زەحمەت کێشانی کوردستان
حزبی شیوعی
حزبی سۆسیالیت لیدەری ئاشتی
پارتی دیمۆکراتیک و سۆسیالیت “پەدەسە”
کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان "کژار"
تەڤگەری ژنانی ئێزدی
کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان
تەڤگەری ژنانی کورد لە ئەورپا
ڕێکخراوی پەیوەندیەکانی ژنانی کورد”ڕێپاک”
شەپێلا پێشەڕۆژی کوردستان
پارتی یەکێتی دیموکراتیک لە سووریا
پارتی مرۆڤایەتی و ئازادی