"پلانگێڕی نێودەوڵەتی دژی گەلی کورد بوو"
بێریڤان کایا، پلانگێڕی نێودەوڵەتی ٩ی تشرینی یەکەم دژ بە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان شەرمەزار کرد و وتی: پلانگێڕی دژی ڕێبەر بە دەستی هێزە جیهانیەکان لەدژی گەلی کورد پێکهاتووە.
نوپەلدا دەنیز
مەخموور-٢٦ ساڵ لەمەوبەر و لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ پلانێکی نێودەوڵەتی دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستیپێکرد و لە ئەنجامی ئەم پلانگێڕییەشدا ڕێبەری گەلی کورد لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ لە پایتەختی کینیا دەستگیرکرا، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ماوەی ٢٥ ساڵە لە زیندانی ئیمرالی ئەمنی باڵای جۆری F ڕاگیراوە و سەرەڕای هەموو داواکارییەکانی بنەماڵەکەی و پارێزەرانی، ماوەی ٤٣ مانگە هیچ زانیارییەکی لێ وەرنەگیراوە.
مامۆستا بێریڤان کایا لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخموور" بە بۆنەی ٢٦ەمین پلانگێڕی نێودەوڵەتی قسەی بۆ دەزگاکەمان کرد.
"پلانێک کە لە کەسایەتیی ڕێبەردا دژی گەلی کورد دروست بووە"
بێریڤان کایا، لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا پلانگێڕی نێودەوڵەتیی ٩ی تشرینی یەکەم بە هاوکاریی هێزە پلانگێڕەکان پێکهاتووە و وتی: ماوەی ٢٦ ساڵە ڕێبەر لە ئیمرالی بە دیل گیراوە، ئەم پلانگێڕییە نێودەوڵەتییە بە دەستی هێزە جیهانییەکانلە ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپاوە تا دەگاتە دەوڵەتی تورکیا بە هاوکاری دروست بووە، ١٩٩٨ پلانگێڕی نێودەوڵەتی ئەنجامدرا، بێگومان ئەم پلانگێڕییە تەنیا دژی ڕێبەر نییە، لە کەسایەتی ڕێبەردا دژی هەموو گەلی کورد بوو، تاکە ئامانجیان جیاکردنەوەی گەلی کورد بوو لە ڕێبەر ئاپۆ، هێزی دەسەڵاتدار بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتداریی خۆیان دەیانویست گەلی کورد لەناوبەرن، بەڵام ڕێبەر ئاپۆ بە بیر و فەلسەفەی خۆی گەلی ڕێکخست، ئەو خەڵکەی لە دەوری بیر و فەلسەفەی سەرکردە کۆبوونەوە، دژی هەموو هێرشەکان تێکۆشان.
"هەموو هێرشەکان دژی گەلی کورد بەشێکە لەو پلانگێڕییە"
بێریڤان کایا ئاماژەی بەوەکرد، دابڕانی ڕێبەری گەلی کورد بەشێکە لە پلانی ٩ی تشرینی یەکەم و وتی: پلانگێڕی نێودەوڵەتی تا ئەمڕۆش بە هێرش بۆ سەر ئێمە بەردەوامە، لە ناوەندی هەموو ئەو هێرشانەدا ڕێبەر هەیە، ناوەندی هەموو هێرشەکان ئیمرالییە، سزای دیسپلین و قەدەغەکردنی کۆبوونەوەکان کە ماوەی ٢٦ ساڵە بەسەر ڕێبەردا سەپێندراوە لە ئیمرالی، بەشێکە لە پلانێک، دوژمنان جار جار هێرشەکانیان دەگۆڕن بەپێی پرۆسەکە، هەموو هێرشەکان بۆ سەر گەلی کورد بەشێکە لەو پلانگێڕییە.
"کاتێک بابەتەکە ڕێبەرە بێدەنگییەکی گەورە هەیە"
بێریڤان کایا ئاماژەی بەوەشدا کە بێدەنگی سی پی تی و یەکێتی ئەوروپا و دامودەزگاکانی مافی مرۆڤ نیشانەی هاوکارییە و وتی: ڕێبەر لە ڕەوایترین مافی خۆی کە مافی هیوایە بێبەش دەکرێت، مافی هیوا بە ئارەزووی خۆیان یان بە بیانووی جیاواز بۆ ڕێبەر بەکارناهێندرێت، یەکێتی ئەوروپا و سی پی تی و دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا خۆیان وەک ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤ پێناسە دەکەن، بەڵام کاتێک باس لە دۆخی ڕێبەر دەکرێت بێدەنگن، ئەم بێدەنگییە ئەوەشمان بۆ دەردەخات کە دەستیان لەو پلانگێڕیدا هەیە، ئەوان دەیانەوێت بە ئەجێندای دەستکرد گەلی کورد لە دۆخی ڕێبەر ئاپۆ دوور بخەنەوە، بۆچی هۆکاری سزا دیسپلینییەکان و قەدەغەکردنی کۆبوونەوە لەگەڵ ڕێبەر و ڕاپۆرتی سی پی تی کۆبوونەوەکە لە ئیمرالیە لە ڕای گشتی شاراوەتەوە، ئامانجیان سەرقاڵ کردنی گەلی کورد و پاساودانی گۆشەگیرییە لەسەر ڕێبەر، ئێستا هەموو هێزە پلانگێڕەکان خۆیان لە دەرەوەی پلانگێڕی دەبینن، بەڵام ئەم پلانگێڕییە بە هاوکاری ئەو دەوڵەتانە ئەنجامدراوە، هاوکارییەکانیان ئێستاش بەردەوامە.
"دەبێت وەک ژن تەنها ئامانجمان دەستەبەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەر بێت"
لە کۆتایی قسەکانیدا، بێریڤان کایا داوای زیادکردنی خەباتی دژی گۆشەگیری کرد و وتی: ئێمە وەک گەلی کورد هەنگاو دەنێین بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەر، کەمپەینی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" خەریکە دەبێتە ساڵێک، بەڵام لە ئاستی گشتیدا کەمی دەبینین، وەک کورد پێویستە بەشداری ئەو چالاکییانە بکەین کە لە پێناو ئازادیی ڕێبەردا ئەنجام دەدرێن و خەبات بۆ مافەکانمان بکەین، هەروەها پێویستە بتوانین لە هەموو بوارێکدا دەنگی خۆمان بەرز بکەینەوە و وەک ژن تاکە ئامانجمان دەستەبەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەر بێت.