پاولا مایر، چالاکوانی ئەڵمانی: لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستدرێژیی سێکسیم کراوەتەسەر

پاولا مایر، وتی کە دوای سەردانیکردنی بۆ باکووری کوردستان بە مەبەستی پشتگیریکردن لە ڕۆژئاوای کوردستان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستبەسەر کراوە.و لەکاتی ڕاگرتنی لە بەشی کۆچبەراندا، لەلایەن کارمەندێکی ئەو ناوەندەوە رووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی بۆتەوە

ناوەندی هەواڵ

 

ژنە چالاکوانەکە کە ناوی خوازراوی (پاولا مایر) ـی بۆ پاراستنی ناسنامەی خۆی بەکاردێنێت، لە لێدوانێکیدا بۆ پلاتفۆڕمی میدیایی "ئامارگی" وتی: لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦دا لەگەڵ ١٦ چالاکوانی دیکەدا سەردانی باکووری کوردستانیان کردووە، بە مەبەستی پشتگیریکردنی لە تێکۆشانی ڕۆژئاوای کوردستان و پشتیوانیکردن لە سەفەربەریی، کە ڕووبەڕووی هێرشی گرووپ و چەتەکانی حکومەتی کاتی و گرووپەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک بووبووەوە.

 

لە مێردین بە گرووپ دەستبەسەرکراین

پاولا ئاماژەی بەوەش کردووە: ئێمە بەشداریمان لە خۆپێشاندانێکدا کرد بۆ پشتگیریکردنی تێکۆشان و ستاتۆی ڕۆژئاوای کوردستان، کە لە چالاکییەکەماندا ڕاگەیاندراوێکی ڕۆژنامەوانیشمان بۆ ڕای گشتی خوێندەوە، بەڵام لەپڕ لە نزیک شاری مێردین و لە ناوچە سنوورییەکانی نزیک لە ڕۆژئاوای کوردستان، ڕووبەڕووی دەستگیرکردن بووینەوە. دواتر گواستراینەوە بۆ بەشی دیپۆرتکردنەوە لە ئەستەنبوڵ.

پاولا مایر ئاماژەی بەوەشدا وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیاش لە دەستبەسەرکردنی ئەو چالاکوانانە لە تورکیا ئاگادار بوو.

 

ڕووبەڕووبوونەوەی سوکایەتی و ئەشکەنجەی جەستەیی

لە قسەکانیدا پاولا باسی لەوە کردووە کە لە کاتی دەستبەسەرکردنیان لە بەشی کۆچبەران مامەڵەیەکی زۆر خراپیان لەگەڵ کراوە؛ دەست و قاچیان بە زنجیر بەستراوەتەوە، لەلایەن پۆلیسەکانەوە تفیان لێکراوە، قژیان ڕاکێشراوە و خراونەتە ژێر پێیانەوە.

 

 ئەنجام دانی دەستدرێژی سێکسی

ژنە چالاکوانی ئەڵمانی پاولا مایر لە کۆتای قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە پێش دیپۆرتکردنەوەیان، لە کاتی گواستنەوەیان بۆ زیندانی ڕاگرتنی کاتی، لە ژوورێکی تاکەکەسیدا بە جیا ڕایانگرتووە و لەوێ لەلایەن کارمەندێکی فەرمیی ئەو شوێنەوە دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەر.