پاڵەوانێتی مو تای ژنان لە ئێران ڕاگیرا
یاری کۆتایی ژنان لە پاڵەوانێتی تایبەتی بەیت لە شاری قوم بە تەواوی هەڵوەشایەوە دوای ئەوەی کۆمەڵێک کەس ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە جلوبەرگی وەرزشوانان و بەردیان بەسەر کۆمەڵگە وەرزشیەکەدا هەڵدا.
ناوەندی هەواڵ
پێشبڕکێی مو تای ژنانی ئێران کە لە شاری قوم بەڕێوەچوو، لە ناوەڕاستی ڕێگاکەدا ڕاگیرا، دوای ئەوەی گروپێک ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە جلوبەرگی وەرزشوانان و لە مەیدانی کێبڕکێکەدا ئاژاوەیان هێنایە ئاراوە، یارییەکانی کۆتایی هەڵوەشایەوە، بەپێی زانیارییەکان، بەرد فڕێدراوەتە ناو هۆڵی لەشجوانی و بەشداربووانیش ڕێگەیان پێنەدراوە بچنە ژوورەوە، بەڵام تا ئێستا وردەکاری ڕووداوەکە بە تەواوی لەلایەن بەرپرسانەوە ڕوون نەکراوەتەوە.
ئەم پێشبڕکێیە کە لە ٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ بە ناوی "جامی تایبەتی بەیت کەریم" لە کۆمەڵگەی فەرهەنگ و وەرزشی ماڵی ئەندازیاران لە شاری قوم دەستی پێکرد و زیاتر لە دوو هەزار و ٣٠٠ وەرزشوان لە پارێزگا جیاوازەکانی ئێران لە بەشی پیاوان و ژنان بەشدارییان کرد، بە پێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، پێشبڕکێکانی بەشی ژنان بەر لەوەی تەواو بکرێن ڕاگیرا.
هێرشی بەرد فڕێدان
ڕۆژنامەی عیئتیماد بە پشتبەستن بە گێڕانەوەی شایەتحاڵان بڵاویکردەوە، کۆمەڵێک خۆپیشاندەر لە بەردەم گۆڕەپانەکە کۆبوونەتەوە و دروشمیان وتووە و بەردیان بۆ کۆمەڵە وەرزشیەکە فڕێداوە، هەر بەپێی هەمان ڕاپۆرت، خۆپیشاندانەکە بەشێوەیەکی کاتی ڕێگەی چوونە ژوورەوە و دەرچوونی بەشداربووانیان گرتووە، تەنانەت هەندێک منداڵ کە لەگەڵ گروپەکاندا هاتبوون، بەزەحمەت یاریگاکەیان بەجێدەهێشت.
پێشبڕکێکە بە پێی ڕێسا فەرمییەکان بەڕێوەچوو
بەپێی هەواڵەکان، ناڕەزایەتییەکە لەسەر ئەو جلوبەرگانە بووە کە وەرزشوانانی ژن لەبەریان کردووە، لە بەرامبەردا ڕێکخەرانی پێشبڕکێکە ڕایانگەیاند کە پێشبڕکێکە بە هەموو مۆڵەتی پێویست و بە پێی ڕێسا فەرمیەکان بەڕێوەچووە و وەرزشوانان جلوبەرگی پەسەندکراویان بۆ وەرزشەکە لەبەر کردووە، بە وتەی ڕێکخەرانی ئەو هۆڵەی کە پێشبڕکێی ژنانی تێدا بەڕێوەدەچوو هیچ پیاوێکی تێدا نەبووە و تەنانەت باوکی وەرزشوانانی گەنجیش ڕێگەیان پێنەدراوە بچنە ژوورەوە.
داوای لێبوردن لە سەرۆکی کۆمەڵە و داوای لێکۆڵینەوە کرا
جەواد ناسیری، سەرۆکی کۆمەڵەی مو تای ئێران دوای هەڵوەشاندنەوەی پێشبڕکێکان داوای لێبوردنی لە وەرزشوانان، ڕاهێنەران، ناوبژیوانان و بنەماڵەکانی کرد، داوای لێکۆڵینەوەی ورد و بەڵگەدار لە هۆکارەکانی ڕووداوەکە دەکات، هەروەها ئەو وەرزشوانانەی کە چەند مانگێک مەشق و ڕاهێنانیان کردووە بۆ بەشداریکردن لە پێشبڕکێیەکی نیشتمانیدا، نابێت لە دەرفەتی بەشداریکردن لە پێشبڕکێیەک بێبەش بکرێن.
پرسیاری بێ وەڵام
هەرچەندە هەواڵ لەسەر ناڕەزایەتییەکان و ڕاگرتنی پێشبڕکێکان بڵاوکراونەتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ڕوون لەبارەی ناسنامەی ئەو کەسانەی ناڕەزایەتییەکانیان ڕێکخستووە و چۆن لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی بەردبارانکردن دەکرێت و کام دەسەڵات بڕیاری کۆتایی بۆ ڕاگرتنی پێشبڕکێکان داوە نییە.
فشار لەسەر وەرزشی ژنان سەرهەڵدەداتەوە
هەڵوەشاندنەوەی ئەم پێشبڕکێیانە کە بەشێکی زۆر لە وەرزشوانانی پارێزگا جیاوازەکانی ئێران بەشدارییان تێدا کردبوو، دەرفەتی بەشداریکردنی ژنە وەرزشوانانی لە قۆناغەکانی کۆتایی پێشبڕکێکان بێبەش کرد، ئەم ڕووداوە جارێکی دیکە تیشکی خستۆتە سەر فشارە سیاسییەکان و سنووردارکردنی بەشداریکردنی ژنان لە وەرزشدا.