پارێزەر زیلان ئەسەن: لە زیندانەکاندا پێشیلکاری زۆر جددی هەیە
پارێزەر زیلان ئەسەن، کە سەردانی زیندانیانی زیندانی ژنانی ئامەد دەکات ڕایگەیاند، گەڕانی ڕووت بەسەر زیندانییەکاندا دەسەپێندرێت، پێشێلکارییەکان زۆر جددین، سکاڵاکان لەسەر ئەم پێشێلکاریانە بێ وەڵام ماونەتەوە.
مەدینە مامەد ئوغلو
ئامەد- توندوتیژی دژی ژنان بە چەندین شێوە بەردەوامە، بە پێی ڕاپۆرتی ئەندامانی تۆڕی دژە توندوتیژیی ئامەد لە ٢٥ی تشرینی دووەم، زیندان یەکێکە لە شوێنانە کە زۆرترین توندوتیژی تێیدا دەکرێت.
فەرمانگەی یارمەتی یاسایی بەرەنگاربوونەوەی هەراسانکردن و دەستدرێژی ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٤دا ٥٥ زیندانی ژن سکاڵایان کردووە.
پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە زیندانیانی ژن لە زیندانەکاندا ڕوو لە زیادبوون دەکات، ناوەندی مافی ژنان لە ئامەد بۆ زانینی کێشەکان لە شوێنی ڕووداوەکەدا، سەردانی زیندانی ژنانی لە ئامەد کرد.
ناوەندی مافی ژنانی ئامەد، چاوپێکەوتنی لەگەل ١٢ زیندانی ژن کردووە، کە دوو زیندانییان دادوەری و ١٠ زیندانییان سیاسی بوون، پارێزەر زیلان ئەسەن، ئەندامی دەستەی ڕێوەبەری ناوەندی بۆ مافەکانی ژنان، سەبارەت بە پێشێلکارییەکان قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد.
'لەگەڵ کۆرپەلەکەی زیندانی کراوە"
زیلان ئەسەن ئاماژەی بەوەکرد، زۆرێک لە زیندانییە ژنەکان هەن چاوپێکەوتن لەگەڵیاندا ناکرێت و پێشێلکارییەکان لە زۆر لایەنەوە ڕوودەدەن، ناڕەزایەتی زیندانیان بەرامبەر بە پێشێلکارییەکان هیچ ئەنجامێکی بەدەستنەهێنا و وتی: ئەو پێشێلکاریانەی مافەکان کە لەم دواییانەدا لە زیندانەکاندا ڕوودەدەن لە کارنامەی هەموواندایە و بە ڕوونی نایەکسانی ڕەگەزی لەوێ دەبینین، زیندانیانی ژن لە زیندانەکاندا ڕووبەڕووی هەڵسوکەوتی جیاواز دەبنەوە، بینیمان پێشێلکاریی جددی لە پەیوەندی نێوان زیندانییەکان و کەسوکارەکانیاندا هەیە، زانیمان کە لە دادگاکانی دادوەریدا کاتی چاوپێکەوتنەکان زۆر کەمە و هەمیشە تەلەفۆنەکان دەبڕدرێن، بنەماڵەی ئەو زیندانییە نوێیە، کە لەگەڵ کۆرپەلەکەی ڕەوانەی زیندان کراوە، هەرچەندە دووجار بۆ سەردان دەچنە زیندانەکە، ڕێگەیان پێنادرێت چاوپێکەوتینیان هەبێت، لەبەر ئەوەی سوری بوو، نەیدەتوانی بە تورکی قسە بکات، هەر بۆیە ئەستەمە سکاڵا لەو پێشێلکارییانە بکات کە بەرامبەری کراوە.
''دەرمانەکان یان زۆر درەنگ دێن یان هەرگیز نایەت''
زیلان ئەسەن باسی لەوەشکرد، زیندانیانی ژن لە کۆنترۆڵی نەخۆشخانەکاندا مامەڵەی ئارەزوومەندانەیان لەگەڵ دەکرێت وتی: ئاگادارکراینەوە کە سکاڵاکانی زیندانییەکان لە کاتی کۆنترۆڵکردنی پزیشکدا بە جددی وەرناگیرێن، ئەو دەرمانانەی پێیان دەدەن یان ناتەواون یان زۆر درەنگ دەگەن، تا دەرمانەکە دەگاتە دەستیان، نەخۆشییەکانیان زیاد دەکات، هەرچەندە قەدەغە نییە، بەڵام پەرتووک نادرێت بە زیندانییەکان، دیسانەوە پادەکانی سووڕی مانگانە زۆر درەنگ دەگەن یان پاکوخاوێن نین، بەهۆی پاکوخاوێنی و گرانی نرخەکانەوە، ناتوانن دەستیان بە خۆراکی پێویست و تەندروست بگات.
''ئەشکەنجەدانی گەڕانی ڕووت بەردەوامە''
زیلان ئەسەن ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو زیندانییانە و خێزانەکانیان کە دێنە لایان، ناچارن پشکنینی جل و بەرگیان بۆ بکرێت و لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "زانیمان ئەو ئەشکەنجەی گەڕانی ڕووت کە ساڵانێکە چارەسەر نەکراوە، بەردەوامە، هەم زیندانییەکان و هەم کەسوکاریان تووشی ئەم توندوتیژییە دەبن، ئەمە ڕێبازێکی زۆر نایاساییە، بڕیاری دادوەرێک بۆ ئەمە پێویستە، بەڵام بەداخەوە ئەمە بە ئارەزووی خۆیان لە زیندانەکاندا ئەنجام دەدرێت، هەروەها ئەو زیندانییانە و خێزانەکانیان کە کاردانەوەیان بەرامبەر بەم دۆخە دەبێت، هەڕەشەیان لێدەکرێت کە ڕێگەیان پێنادەن جارێکی دیکە یەکتر ببیننەوە.
"بە دەستبەندەوە پشکنینیان بۆ دەکرێت"
زیلان ئەسەن ئاماژەی بەوەدا کە زیندانییەکان بە دەستبەند مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و وتی: لە کاتی کۆبوونەوەی پارێزەران و بریکارەکاندا پاسەوانەکان بە شێوەیەک بەدوای زیندانییەکاندا دەڕۆن کە فشاری دەروونییان لەسەر دروست دەکات، هەروەها کێشەی جددی لە گواستنەوە بۆ نەخۆشخانەکاندا هەیە، زیندانییە نەخۆشەکان زۆر درەنگ ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرێن، پشکنینی بە دەستبەندەسە زۆرە، ژنان ناتوانن باسی کێشە تەندروستییەکانیان بکەن، چونکە لە نەخۆشخانە بە تەنیا لەگەڵ پزیشکدا ناهێڵدرێنەوە.
"لە دژی پێشیلکارییەکان، داواکاریی یاسایی تۆمار بکەن"
زیلان ئەسەن ڕایگەیاند، ئەوان داواکاری یاسایی لە دژی ئەو پێشێلکاریانەی مافەکان تۆمار دەکەن کە لە ئەنجامی کۆبوونەوەکاندا ڕوویانداوە لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: داواکاری پێویست سەبارەت بەو پێشێلکارییانە تۆمار دەکەین، لەم دۆخەدا زیندانییەکان ئەشکەنجە دەدرێن و ناتوانن لایەنی پەیوەندیدار ببینن، هەروەها ئەو ڕێگایانەی کە دەدۆزرێتەوە، خراپی دەکەن و بەم شێوەیە مافی زیندانییەکان پێشێل دەکرێن، ئەم ئاستەنگانەی کە باسمان کرد، بە ڕوونیتر مامەڵەی خراپ و پێشێلکردنی مافەکان لە زیندانەکاندا نیشان دەدەن، بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتانە دەکەین، سەردانیکردنی زیندانەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک ئەنجام دەدەین، لە چوارچێوەی پێشێلکاری و داواکارییەکانی زیندانیاندا، بەدواداچوون بۆ پرۆسە یاساییەکان دەکەین.