پارێزەر ئیڤا شۆنڤێڵد: بانگەوازەکە ئیلهام و باوەڕییە
پارێزەر ئیڤا شۆنڤێڵد دەلیت: ئەم گۆڕانکاریانە دەرفەتێک بۆ ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و کۆتاییهێنان بە دەستبەسەرکردن و پراکتیزەکردنی ئەشکەنجەدانیش دەڕەخسێنێت،هەر بۆیە بانگەوازەکە ئیلهامبەخش و باوەڕییە.

مەلەک ئاڤجی
ئەنقەرە- بانگەوازەکەی ڕێبەری عەبدوڵا ئۆجالان بۆ "دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی" کە لە ٢٧ی شوبات کاتژمێر ٥ی ئێوارە ڕاگەیەندرا، هێشتا دەنگدانەوەی هەیە، ئەو بانگەوازە کە تا ئێستاش لە تورکیا و هەر چوار لایەنی کوردستان قسەی لەسەر دەکرێت، بە "دەربڕینێکی گەورەی ئیرادە" دادەنرێت.
پارێزەر ئیڤا شۆنڤێڵد، لە شاندی گۆشەگیری نێودەوڵەتی، کە چەندین جار لەسەر پرسی گۆشەگیری سەردانی تورکیای کردووە، باسی لەو بانگەوازە مێژووییە و گۆشەگیرییە بەردەوامەکەی کردو ڕایگەیاند، بانگەوازەکەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان گرنگە و تەڤگەری ئازادیی کورد کاریگەرییەکی نێودەوڵەتی لەنێو چالاکانی سیاسیدا دروستکردووە، بیرو ئەزموونەکانیان سەرچاوەی ئیلهامبەخشن بۆ کۆتاییهێنان بە پێشێلکارییەکان لە سەرانسەری جیهاندا.
"ئێمە بە باشی بینیمان، ئەمە شتێکی زۆر باشە"
ئیڤا شۆنڤێڵد لە وێنەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە وێنەکەدا چاکبووەتەوە و ئەمەش دڵخۆشی کردووە و دەڵێت: لە یەکەم سەردانمدا، ماوەی ساڵێک بوو هیچ هەواڵێک لە عەبدوڵا ئۆجالانەوە نەهاتبوو. ئەمە بەڕاستی جێگەی نیگەرانی بوو و خەڵک دەترسان، من سەرم سوڕمابوو، بەباشی بینیمان ئەمە شتێکی زۆر باشە.
'"ئەو بڕیارە دەبێت گۆڕانکاری سیاسیش بهێنێتە ئاراوە"
ئیڤا شۆنڤێڵد ڕایگەیاند کە ئاشتی دەبێت لە دڵەوە بێت و سەبارەت بەو بانگەوازەی کە کراوە وتی: دەتواندرێت ئاشتی لەڕێگەی دیموکراسی ڕاستەقینەوە بەدەستبهێندرێت، ئەم بڕیارە، داماڵینی چەک، دەبێت لە ڕێگەی پرۆسەی دیموکراسیەوە بێت، بانگەوازەکەی ئۆجالان گرنگە، پێویستە باسی دیموکراسی بکەین، دانانی چەک دەبێت گۆڕانکاری سیاسی بەدوای خۆیدا بهێنێت.
"دەبێت پراکتیزەکردن هەبێت نەک تەنها قسە"
ئیڤا شۆنڤێڵد جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا دەبێت پراکتیک لەم بابەتەدا نیشان بدات و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دەبێت پراکتیک هەبێت نەک تەنها قسە، چونکە بینیمان بەڵێنە سیاسییەکان چەندە دڵخۆشکەرن، ئەم گۆڕانکاریانە دەرفەتێک بۆ ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و کۆتاییهێنان بە دەستبەسەرکردن و پراکتیزەکردنی ئەشکەنجەدانیش دەڕەخسێنێت، هەر بۆیە بانگەوازەکە ئیلهامبەخش و باوەڕییە، پێویستە بناغەیەکی تۆکمە دابنرێت پێش ئەوەی بتواندرێت ڕێککەوتنێک بکرێت، ئەم بانگەوازە دینامیکی ناوچەکە دەگۆڕێت. یەک شت کە لەبارەی دەوڵەتی تورکەوە فێربووم ئەوەیە کە بە دڵنیاییەوە نابێت بە گشتی متمانەی پێ بکرێت، بۆیە پێویستە بناغەیەکی تۆکمە دابنرێت پێش ئەوەی بگەینە ڕێککەوتن، بەڕاستی ئەم بانگەوازە گرنگە، هەنگاوێکی بوێرانەیە کە پێشتر نەبیندراوە.
"تەڤگەری ئازادی کورد سەرچاوەی ئیلهامبەخشە"
ئیڤا شۆنڤێڵد هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە تەڤگەری ئازادی کورد کاریگەرییەکی نێودەوڵەتی لە نێو چالاکانی سیاسیدا دروستکردووە و بووەتە سەرچاوەی ئیلهام لە سەرانسەری جیهاندا، کاری ژنۆلۆژی بە تایبەتی کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە لەسەر مشتومڕە ئایدیۆلۆژییەکان لەنێو ئەو کەسانەی کە هەوڵی هێنانەدی گۆڕانکاری دەدەن لە زۆر وڵاتی جیاوازدا، ڕوونی و قووڵی بیرکردنەوە و ئەزموون، ڕێبازی پراگماتیک و کولتووری قووڵی گرنگیدان بە کەسانی دیکە، پێداگرییان لەسەر کۆتاییهێنان بە ئیستغلالکردن و پشتگوێخستنی یەکتر لە سەرانسەری جیهاندا ئیلهامبەخشە.
ئیڤا شۆنڤێڵد لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە ئەم بانگەوازە سەرەتای سەردەمێکی نوێیە و لە کۆتاییدا وتی: ئەگەر وابێت ئەوە زۆر باش دەبێت! کورد لە زۆر بواردا پێشەنگە و ئەم هەنگاوە کە بە ئەنقەست بەڵام بە وریاییەوە لە بواری سەربازیدا بێ بەرگری دەکات، ڕەنگە ئیلهامبەخش بێت بۆ گەلانی دیکەی ناوچەکە، بە دڵنیاییەوە ئەمە هەنگاوێکی بێ وێنە دەبێت، گرنگ دەبێت کە ئەمە تا دەتوانرێت بە ئاشکرا بە چاودێری میدیا ئەنجام بدرێت، چونکە ئەوە یەکێکە لە ڕێگاکانی دروستکردنی ڕێگایەکی پارێزراو ئەگەر لەبەردەم جیهاندا ئەنجام بدرێت.