پاڵپشتیکردنی ژنانی زیندانی لاکانی ڕەشت لە هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" بەردەوامە

بەندی ژنانی زیندانی لاکان لە ڕەشت، لە ڕاگەیەندراوێکدا، جەختی لە بەردەوامی پشتیوانی و هاوکاری لەگەڵ هەڵمەتی " سێشەممەکانی نا بۆ لە سێدارەدان" لە ٤٥مین هەفتەی مانگرتنی ئەم هەڵمەتەدا کردەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەندی ژنانی زیندانی لاکان لە ڕەشت، لە سەروبەندی ٤٥مین هەفتەی  مانگرتنی زیندانەکان لە ئێراندا، بەناوی هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ سێدارەدان"، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، بەردەوامن لە پاڵپشتی کردنی  ئەم هەڵمەتە و جەختیان لە گرنگی هاودەنگی و یەکگرتوویی زیندانەکان لە وەستاندنی دەرچوونی سزای لەسێدارەدان و جێبەجێکردنی لە ڕژێمی ئیسلامیدا کردەوە.

 

بەندی ژنانی زیندانی لاکان لە ڕەشت، وەک یەکێک لە ئەندامانی هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ سێدارەدان"، وێڕای ئاماژەدان بە زیادبوونی سێدارەدان لەم زیندانەدا، کە "ڕۆژانە" و بە تۆمەتی "ناسیاسی" ئەنجام دەدرێن ، وتویانە: ناتوانین ئەم هەموو دڕندەییە ببینین و بێدەنگ بین، تێکۆشانی ئێمە لە دژی سزای لەسێدارەدان، ڕاگرتنی لەسێدارەدانی هەر زیندانییەک بە هەر تۆمەتێکەوە بێت و بۆ ئەمەش زۆر کار دەکەین.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: پێداگرین لەسەر درێژەدان بە مانگرتنەکە بۆ ئەوەی نیشان بدەین کە بەرەنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدان بۆ ئێمە جدییە، باوەڕمان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ زیندانیانی دیکەو جەختکردن لەسەر هەڵمەتەکە هەیە و باوەڕمان وایە کە ئامێری لەسێدارەدان تەنها بە هاودەنگی و یەکگرتوویی کردەوەی هەرەوەزی و پشتیوانی جەماوەری دەوەستێندرێت.

 

هەڵمەتی  "سێشەممەکانی نا بۆ لە سێدارەدان"؛ مانگرتن لە خواردنە، کە سێشەممەی هەموو هەفتەیەک لەلایەن زیندانییەکانەوە ئەنجام دەدرێت، ئەم هەڵمەتە لە شوباتی ساڵی ٢٠٢٣، لە ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە بڵاوبوونەوەی دەرچوون و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی نامرۆڤانە لە زیندانی قزلحسارەوە دەستی پێکردووە و تا ئێستاش بە یەکگرتنی زیندانە جیاوازەکان بەردەوام بووە.