پانێڵی ژنان لە حەسەکە بەردەوامە: دەبێت بکوژانی ژنان شەرمەزار بکرێن
پانێڵی ژنان کە لە شاری حەسەکە بۆ شەرمەزارکردنی تۆمەتبارانی ژنکوژی بەڕێوەدەچێت، بە خوێندنەوەی خاڵەکانی پانێڵەکە و گفتوگۆکانی نێوان بەشداربووان بەردەوامە.

حەسەکە- لە شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن نووسینگەی ژنانی سەندیکای پارێزەران و ئەنجومەنی دادپەروەری ژنان و ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە دروشمی "لەبری بەهێزکردنیان لە پێگەی بڕیاردان، داوای شەرمەزارکردنی ژنکوژان دەکەین"، پانێلێک ڕێکخرا، گفتوگۆی پانێڵەکە بە خوێندنەوەی بابەتەکان و گفتوگۆی بەشداربووان بەردەوامە.
خاڵەکانی پانێڵەکە خوێندرایەوە، خاڵی یەکەم بەناونیشانی "خەباتی ژنان دژی تیرۆر و پاراستنی دەستکەوتەکانیان"، لەلایەن ئیبلا خەلیل چالاکوانی کۆمەڵایەتی خوێندرایەوە.
لەم خاڵەدا سەرنج بۆ مێژووی خەباتی ژنان و ئەو دەستکەوتانەی کە بەدەستیان هێناوە ڕاکێشرا و ئەمانەی خوارەوە وترا: بە درێژایی مێژوو ژن لە پێناو ئازادی خۆیدا خەباتی کردووە و هەستاوە، لە بەرامبەر ئەم خەباتەدا، کۆمەڵکوژی زۆر لە لایەن دەوڵەتی پیاوسالارەوە ئەنجامدرا و سیاسەتمەداران و ژنانی پێشەنگیش کرانە ئامانج، ژنکوژەکان لەبری ئەوەی لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، دەخرێنە پۆستی بڕیاردان و کۆمەڵگە بەڕێوەدەبەن، بەم هەنگاوە هەوڵ دەدەن جارێکی تر مێژووی کۆیلایەتی ژنان بگەڕێننەوە، پێویستە ئیدارەی کاتی سووریا مافەکانی ژنان و کۆمەڵگە بپارێزێت، ڕێگە نەدات بکوژەکان جێگەی خۆیان لە حوکمڕانیدا بگرن.
'ژنانی کورد پێشەنگایەتی شۆڕشی ڕۆژئاوایان کرد'
خاڵی دووەم بە ناونیشانی "دۆخی ژنان لە هێرشە تیرۆریستییەکان و کۆمەڵکوژی و کردەوەکان کە دژیان بەردەوامی پێدەدرێ" لەلایەن ڕۆڤاند عەبدی پارێزەر خوێندرایەوە، سەبارەت بەم خاڵەش ڕاگەیەندراوە: لە سەردەمی ئەو شۆڕشەدا کە لە سووریا ڕوویدا، ژنانی سووریا هەوڵیاندا بە ماف و ئازادی خۆیان ئەزموون بکەن و لە بەرامبەر ئەو زوڵم و ستەمە یاخی ببن، لەگەڵ سەرهەڵدانی تیرۆریستان، جارێکی دیکە دەیانویست ژنان لە چوارچێوەیەکی تەسکدا بهێڵنەوە کە بەستراوەتەوە بە پیاوەوە، هیچ ڕۆڵ و ئەرکێکیان پێ نەدەن، لەبەرامبەردا شۆڕشی ڕۆژئاوا بە پێشەنگایەتی ژنانی کورد لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بوو، زۆرێک لە ژنە سیاسییەکان و پێشەنگەکان لەم شۆڕشەدا سەریانهەڵدا و بە فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی' کۆمەڵگەیان بەڕێوەبرد، سیاسەتمەدارانی وەک هەڤرین خەلەف و زەهرا بەرکڵ و دەیان ژنە سیاسەتمەدار، بە عەقڵیەتێکی پیاوسالاری کوژران، ئەوان دەیانویست بەم کۆمەڵکوژییانە زەربەیەک لە پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک بدەن.
'پێویستە یاسا نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ بکرێن'
لە چوارچێوەی ئەم خاڵە، فەرەح عەبدوڵا، پارێزەری لوبنانی و مەجدا ڕەشوان، ڕێبەری پارتی سۆسیالیست بەشدارییان لە پانێڵەکەدا کرد و سەرنجیان بۆ یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕاکێشا کە گوایە مافەکانی ژنان دەپارێزن، بەڵام دەبینین ژنان لە وڵاتانی عەرەبی بەتایبەتی لە سووریا تووشی توندوتیژی و دەستدرێژی بوون، ئەم یاسایانە لەسەر زەوی کارناکەن، پێویستە دەستبەجێ ئەم یاسایانە جێبەجێ بکرێن و مافی ژنان بپارێزرێن.
هەروەها خاڵی سێیەم بە ناونیشانی "بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری پێویسته ڕێز له یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان بگیرێت"، لەلایەن بێریڤان حاجی، دادوەری ئەنجومەندی دادپەروەری ژنان خوێندرایەوە.
لەم خاڵەدا بەئامانجکردنی ژنە سیاسەتمەدارەکان و ئامانجەکانی خوێندرایەوە و ڕاگەیەندرا: بەپێی دادگای نێودەوڵەتی، داواکارییەکانی لێپرسینەوە لەم بکوژانە ڕوون کراوەتەوە، ژنانی سووریا ڕووبەڕووی چەندین کردەوەی توندوتیژی و دەستدرێژی بوونەتەوە و تاوانباران لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و بدرێنە دادگا، هەروەها پێویستە یاسا نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە دادگاییکردنی ژنکوژی جێبەجێ بکرێت.
هەروەها پێویستە داوا بکرێت کە بکوژەکەی هەڤرین خلەف لە دادگا نێودەوڵەتییەکان دادگایی بکرێت و لە پۆستەکانی بڕیاردان دوور بخرێتەوە.
بەشداربووان سەبارەت بە هەر سێ خاڵەکە بۆچوون و داواکارییەکانیان خستەڕوو، لە نێو بۆچوونەکاندا جەخت لەوە کرایەوە کە پیاوکوژانی ژنان دادگایی بکرێن و لە پۆستەکانی بەڕێوەبردن دوور بخرێنەوە، هەروەها پێویستە ئەم بکوژانە لە دادگای باڵای نێودەوڵەتی دادگایی بکرێن، بەشداری ژنان لە پێگەی بڕیاردان زۆر گرنگە بۆ بنیاتنانی سووریایەکی نوێ و دیموکراتیک، ژنانی سووریاش دەبێ مافە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان بەدەست بهێنن، هەروەها پێویستە سیستمێکی هاوشێوە دابنرێت.
چالاکییەکانی پانێڵەکە بەردەوامن و ئەنجامەکانی پانێڵەکە بە ڕاگەیەندراوێک دەگاتە لوتکە.