پانێڵێک بەناونیشانی "پاراستنی ژن گەرەنتی ئاسایشی کۆمەڵگەیە" بەڕێوەچوو
لە درێژەی چالاکییەکانی هەڵمەتی ۱٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، پانێڵێک بە ناونیشانی ''پاراستنی ژن گەرەنتی ئاسایشی کۆمەڵگەیە''، بە ئامادەبوونی زۆرێک لە خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی ئەنجامدرا.
سلێمانی
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لەكامپی کۆنی زانکۆی سلێمانی، پانێڵێک لە لایەن کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سلێمانی، سەبارەت بە ڕۆڵی دامەزراوە پەروەردەیی، ئایینی، یاسایی و کارگێڕییەکان، بەناونیشانی ''پاراستنی ژن گەرەنتی ئاسایشی کۆمەڵگەیە''، بۆ هەریەکە لە سانا کەمال، پانێڵست و پارێزەر، دکتۆر کەریم شەریف قەرەچەتانی، پانێڵست و پسپۆڕی دەروونی، ناسح فەتاح، پانێڵست و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی سلێمانی، هێمن عەبدولقادر، پانێڵست و بەرپرسی سەنتەری ڕاوێژکاری خێزانی، سازکرا، کە تێیدا چەندین شعر و گۆرانی بۆ ژن و دایک وترا.
سانا کەمال، پانێڵست و پارێزەر، وتی: ئێمە یاسایەکمان هەیە بۆ بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی، ئەو توندتیژیانەشی کە جەستەیی و سێکسین ڕوو لە دادگاکان دەکەن، هەروەها ئێمە یاسای توندوتیژی ئەلکترۆنیمان هەیە، کە ژنان ڕووبەڕووی هەڕەشە و بڵاوکردنەوەی وێنەکانیان دەبنەوە.
دکتۆر کەریم شەریف قەرەچەتانی، پانێڵست و پسپۆڕی دەروونی، وتی: توندوتیژییەکان لە چەندین جۆردا خۆی دەبینێتەوە، لەوانە توندوتیژی جەستەی و دەروونی و سێکسی، هەروەها ئەو بارودۆخەی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەدا خوڵقاندویەتی لە سەرجەم سێکتەرەکاندا ڕەنگیداوەتەوە، تەنانەت پەروەردە ڕۆڵی لە توندوتیژییەکان هەیە، چونکە دەبینین لە پەرتوکەکانی خوێندندا وێنەی پیاوان خراوەتە سەر پەرتوکەکان، کە ئەمەش توندوتیژییە، پاشان دراماکان کە ڕۆڵی خراپەکاری و تێکدان دەدەن بە ژنان کە ئەوەش جۆرێکە لە توندوتیژی بەرامبەر ژنان، هەروەها ئەم توندوتیژییە چێندراوە لە ناخ و دەروونی هەر تاکێکی کۆمەڵگە، ئەمە جگەلەوەی زۆرێک لە زانایان لە ڕێگەی وەسفەکانینانەوە توندوتیژیان بەرامبەر ژنان ئەنجامداوە، هەربۆیە تاوەکو ئێستا کۆمەڵگە بەوشەکانیان لە توانای ژنان دەدەن.
ناسح فەتاح، پانێڵست و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی سلێمانی، وتی: شەریعەتی ئیسلام باس لە ڕۆڵی خاوەندارێتی و هەبوونی دەسەڵاتی ژنان لە کۆمەڵگەدا دەکات، ماف بە ژنان دەدات لە هەڵبژاردنی هاوژینی ژیانیان بە بێ هیچ زۆر لێکردنێک، هەروەها ژنان مافی موڵکداری و بازرگانیکردنیان هەیە، ئەمە جگە لەوەی کە لە حەدیسەکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا باس لە هەبوونی ڕاوێژکردن بەژنان کراوە، لە شەڕەکانی ئیسلامدا ژنان ڕۆڵی گرنگیان هەبووە و ڕووبەڕووی دوژمن بوونەتەوە و چارەسەری برینی بریندارەکانیان کردووە، هەروەها شەریعەتی ئیسلام باسی لە هەبوونی مافی کارکردنی ژنان لە پێگە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا کردووە و مۆڵەتی بە ژنان داوە کار لەسەجەم سێکتەرەکانی ژیاندا بکەن، لە ئێستاشدا ژنان ڕۆڵی گرنگیان لە بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە هەیە.
هێمن عەبدولقادر، پانێڵست و بەرپرسی سەنتەری ڕاوێژکاری خێزانی، وتی: مرۆڤەکان لە دەرەوە و شوێنی کارەکانیان توشی کێشە دەبن، بەڵام خراپترین دۆخ تێکچوونی ناو خێزانەکانە، ئەو بارودۆخەی گەنجان بۆهاوسەرگیری تێڕوانینی بۆدەکەن، لە کاتی بەیەک گەیشتنیان وەک ئەو خەیاڵە نییە کە بۆیان کردووە ئەمەش وادەکات کێشەی خێزانی دروستببێت، هەروەها توندوتیژییەکان زۆرن، بەڵام چۆن ڕووبەڕووی دەبینەوە، لە ماوەی ساڵێکدا ۳٠ هەزار پەیوەندی تەلەفۆنی بۆ هێڵی گەرمی سەنتەری ڕاوێشکاری خێزانی کراوە.
"پانێڵەکان لە ناو زانکۆدا گەنجان لە مافەکانی ژنان هۆشیار دەکاتەوە"
نیان لوقمان عەبدولڕەحمان، خوێندکاری بەشی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سلێمانی، وتی: ئەم پانێڵە باس لە ڕووبەڕوبونەوەی توندوتیژییەکان بۆسەر ژنان دەکات، کە لەلایەن چەند دکتۆرێکی بەتواناوە شیکردنەوە بۆ بابەت و پێگەی ژن کرا، هەروەها چەندین شعر لە لایەن خوێندکارانەوە خوێندرایەوە، هەربۆیە هەبوونی ئەم پانێڵانە گرنگە بۆ نەوەی نوێ و پێویستە لە ناو زانکۆکاندا پەرەیپێبدەین، هەروەها لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هەبوونی ئەم پانێڵانە گرنگی خۆی هەیە، لە ٩٠٪ی کۆمەڵگە پێویستی بەم جۆرە پانێڵانە هەیە، تا ئێمەی گەنج هۆشیاربین بەرامبەر مافەکانمان و کوڕانیش زیاتر لە زانکۆکاندا مافی ژنان و هاوپۆلەکانیان بزانن.
لە کۆتاییشدا وتی: ئەم جۆرە پانێڵانە چەند ساڵێکە لە زانکۆکەمان ئەنجام دەدرێت، کە من و خوێندکارانی تر سودمان لێ بینیوە، بەوەی کە مافی ژن تەنها دانیشتن لە ماڵ و خزمەتکردن نییە، بەڵکو ژنان ڕۆڵی سەرەکی لە بازاڕی کاردا دەگێڕن، بۆیە پێویستە بێنە دەرەوە و کاربکەن.