زیان لێکەوتووانی غەززە نزیک دەبێتەوە لە ١١٩ هەزار کەس

وەزارەتی تەندروستی غەززە، نوێترین ئاماری ئاماری لە دەستپێكی شەڕەوە تا ئێستا ٣٦ هەزار و ٣٧٩ هاوڵاتیی غەززە گیان لەدەستدان و ٨٢ هەزار ٤٠٧ كەسیش برینداربوون بڵاوکردەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی تەندروستی غەززە و وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل، لە بارەی ژمارەی كوژراو و بریندارەكانی جەنگی نێوانیانەوە، لە دوو ڕاگەیاندراوی جیاوادا زانیارییان بڵاوكردەوە.

 

لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی تەندروستی غەززەدا هاتووە، بە هۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا ٣٦ هەزار و ٣٧٩ هاوڵاتیی لە غەززە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە ٨٢ هەزار و ٤٠٧ كەس، ئاماژە بەوەش كراوە، بە هۆی شەڕ و پێكدادان و بۆردوومانەكانی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا ٩٥  كەس لە غەززە گیانیان لەدەستداوە و ٣٥٠ـی دیكەش بریندار بوون.

 

هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو، ٢٣٩ ڕۆژە هێرش و بۆردوومانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوامە، هەروەها ١٠ هەزار نەخۆشی شێرپەنجە هەیە، كە بەبێ چارەسەر ماونەتەوە، لە لایەكی دیكەشەوە، وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیلیش بڵاوی كردووەتەوە، ژمارەی گیان لەدەستدانی وڵاتەكەیان بەهۆی هێرشەكانی حەماسەوە گەیشتووەتە هەزار و ٤٠٤ كەس، نزیكەی پێنج هەزاری دیكەش بریندار بوون.