نووسەرێک سزای زیندانی بەسەردا سەپێندرا

موژگان کاووسی، لێکۆڵەر و نووسەری کورد کە لە خۆپیشاندانەکانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادیی" دەستبەسەرکرابوو، لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە سزای یەک ساڵ زیندانی کردنی بەسەردا سەپێندرا.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی هەواڵی ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی ١١ی ئاب، سزای زیندانی بۆ موژگان کاووسی، دوای قبووڵکردنی داوای دووبارە دادگاییکردنەوەی، لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵات و گەڕاندنەوەی دۆسێیەکەی بۆ لقی دووی دادگای شۆڕشی ساری، لە ٦٢ مانگەوە بۆ یەک ساڵ زیندانی گۆڕدرا.

 

موژگان کاووسی، نووسەر و لێکۆڵەری کورد و لە پەیڕەوانی ئایینی یارسانی خەڵکی کەلاردەشت سەر بە پارێزگای مازەندەران، پێشتر لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ساری بە تۆمەتی "پێکهێنانی باند و گرووپ دژ بە ئاسایشی وڵات" سزای ٣٩ مانگ زیندانیکرا، بە تۆمەتی 'سووکایەتیکردن بە خامنەیی' سزای ١٥ مانگ و یەک ڕۆژ زیندانی و بە تۆمەتی "چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت" سزای ٨ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو، کە بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، سەختترین سزا بەرانبەر بە ٣٩ مانگ بەندکران بە هەژمارهێنانی ڕۆژانی پێشووی دەستبەسەرکرانەکەی بۆ ناوبراو بە جێبەجێکراو ڕاگەیەندرابوو.

 

موژگان کاووسی، لە سەرەتای دەستپێکی خۆپیشاندانەکانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادیی" لە ماڵەکەی خۆی لە کەلاردەشت دەستبەسەر کرابوو، پاش تێپەڕکردنی ١٠٤ ڕۆژ دەستبەسەرکران، بە دانانی بارمتەی سێ ملیار تمەنی ئێرانی و بە شێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی قائیمشار ئازاد کرابوو.