نووسەرێک لە بەرگریکردن لە پرسەکانی ژنانی تونس دیواری بێدەنگی دەشکێنێت
حەبیبە مەحرەزی، نووسەری تونسی بێدەنگی دەوروبەری پرسی ژنانی شکاند و جەختی لەوە کردەوە، کە ژنان نیوەی کۆمەڵگە پێکدەهێنن و نەبوونی ئەوان مەترسی لەسەر خۆشگوزەرانی و سەقامگیریی ئەو کۆمەڵگەیە دروست دەکات.
نەزیهە بوسەعیدی
تونس – لە نێو ئەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییانەی کە تونس لە دوای سەربەخۆییەوە شاهیدی بووە، یاسای باری کەسی وەک یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتە مێژووییەکان سەریهەڵدا، کە پێگەی ژنانی و سەقامگیری خێزان و کۆمەڵگەی چەسپاند، ئەم کۆدە بناغەیەکی تۆکمەی بۆ ڕەتکردنەوەی فرەژنی و پێدانی مافی بێ وێنەی بە ژنان پێکهێنا.
حەبیبە مەحرەزی، نووسەری تونسی هەڵیبژارد کە دیواری بێدەنگی بشکێنێت و بەرگری لەم مافە نەوتراوانەی ژنان بکات و دووپاتیکردەوە، کە ژنان نیوەی کۆمەڵگەن و هەر پێشێلکارییەک بۆ سەر دەستکەوتەکانیان هەڕەشەی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر هاوسەنگی خێزان و پێشکەوتنی کۆمەڵگە.
بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی نووسینەکانی و هەڵوێستە بوێرەکانی و کاریگەرییەکانی لەسەر بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان لە کاتێکدا کە هەوڵەکان بۆ گەڕانەوە بۆ فرەژنی و پاشەکشە سەرهەڵدەداتەوە- بابەتێک کە بە هێڵی سووری دەزانێت کە ناتوانرێت ببڕدرێت- ئاژانسەکەمان ئەم چاوپێکەوتنەی خوارەوەی لەگەڵ مم حەبیبە مەحرەزی، نووسەر ئەنجامدا، کە خولیای نووسینی هەر لە منداڵییەوە هاوڕێیەتی بووە و خۆشی لە خوێندنەوەی ئەدەبیاتی ژناندا دەبینێتەوە.
گەشتی نووسینی حەبیبە مەحرەزی چۆن دەستی پێکرد؟
ڕۆمان و چیرۆک و داهێنان خولیا و هەستێکە کە لەناو نووسەردا نیشتەجێیە، وتی: هەر لە منداڵییەوە ویستم هەموو شتێک بنووسم، وەک چۆن هەست دەکەم نووسین ئازادکردنێک دابین دەکات، کە گەیشتمە زانکۆ، ئەو بابەتە لە ناومدا گەشەی کرد و لە نووسینی کورتە چیرۆکێکەوە پەرەی سەند بۆ نووسینی چیرۆکێکی درێژ کە تا بتوانێت لە پەراوێزی کۆمەڵگەڤو شتی دیکە کۆبکاتەوە، بەم شێوەیە من وا دەزانم نووسین دوای چل و پەنجا و شەست نایەت و دەبێ هەر لە منداڵییەوە ڕەگ و ڕیشەی هەبێت.
من لە منداڵیدا خۆمم بە فێربوونەوە چەسپاند، چونکە ئاگادار بووم کە دراوسێکەمان لە دەستی هاوژینە توندوتیژەکەی هەڵنەهاتبوو، لەبەر ئەوە نەبوو کە خۆشی دەویست، بەڵکو لەبەر ئەوەی هیچ پشتیوانییەکی نەبوو، نە داهات و هیچ پەروەردەیەکی نەبوو کە نیشانی بدات کە لە پیاو کەمتر نییە، هەروەها لە کۆمەڵە چیرۆکی "قرار أخرس" "بڕیارێکی ناگۆ" و "شيطان وحجاب" "شەیتانە و باڵاپۆشی" و ڕۆمانەکانی "كفارة الحبس للنساء" "کفرە بۆ زیندانیکردنی ژنان" و دوا ڕۆمانم "حلم في جسدي" "خەونێک لە جەستەمدا" باسم کردووە، کە من تاکە کچ بووم لە ناوچەی کایروانمان کە تا ئاستی "پۆلی شەشەم" خوێندووە و پەیوەندیم بە خوێندنی ناوەندییەوە کرد، کۆمەڵگە لەو سەردەمەدا درکی بەوە نەدەکرد کە پەروەردە ژن و کۆمەڵگە دەپارێزێت.
کام نووسەرانی ژن کاریگەرییان لەسەر نووسینەکەت هەبووە لەسەر پرسەکانی ژنان؟ پێت وایە دادپەروەریت لەگەڵدا کردوون؟ وە ئایا ڕووبەڕووی ڕەخنە بویتەوە لەسەر بوێری خۆت لە ئاشکراکردنی بارودۆخی ژنان لە نووسینەکەتدا؟
هەمیشە کاریگەری لەو ژینگەیەدا سەرچاوە دەگرێت کە نووسەر تێیدا دەژی، دەبێت ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانە و هەڵوێستێکی هەبێت لەسەر دۆخێکی دیاریکراو، وەک دۆخی ژنان، لە کۆمەڵگەیەکدا دەژیام کە ژنان ستەمیان لێدەکرا و دەموت: خۆزگە دەمتوانی ئەمە بەڵگە بکەم و لەسەری بنووسم، یان بە بڕگەیەکی کورت یان دەقێکی درێژتر، وەک شیعرێکی ڕەخنەگری.
یەک وشەش نییە کە فەدوا توقان نووسیبێتی نەمخوێندبێتەوە، من زۆر سەرسام بووم پێی، چونکە توانی بەسەر هەموو ئەو سەختییانەدا زاڵ بێت کە ڕووبەڕووی بووەوە، هەروەها لە ژێر کاریگەری شاعیرانی نازک مەلایکە و مەی زیادە و عائیشە عەبدل رحمان "کچی کەنار دەریا" بووم، لە قۆناغی ئامادەییدا هەموویانم خوێندەوە.
کاتێک "سبع لافتات" "حەوت دروشم"م نووسی، ڕەخنەیەکی زۆرم لێ گیرا، کە تێیدا باسم لە دۆخی ژنان لە قەیروان کرد لە قۆناغێکی دیاریکراودا، بەتایبەتی دوای سەربەخۆیی، کاتێک نەخوێندەواری لەنێو منداڵانی کچ بەربڵاو بوو. هەروەها پرسی میراتم خستەڕوو و ڕووبەڕووی ڕەخنەی بەرچاو بوومەوە، دوای ئەوە "كفارة"م نووسی کە بەهێزتر بوو و قووڵ بووەوە لە دڵی بابەتەکەدا، قسەی لەسەر ئەو شتانە کرد کە زۆرجار بەبێ قسەکردن بەجێدەهێڵران.
یاسای باری کەسی چۆن بەشداری کرد لە چەسپاندنی پێگەی ژنانی تونس؟ چۆن وەڵامی هەوڵەکان دەدەیتەوە بۆ گەڕانەوە بۆ فرەژنی و پاشەکشە؟
یاسای باری کەسی ئەو دەستکەوتەیە کە ژنانی توانی لە چوارچێوەی خێزانێکی سەقامگیر و کۆمەڵگەیەکی تەندروستدا پێشبکەون، ئەم یاسایانە تونسیان خستۆتە ڕیزی ئەو وڵاتانەی کە ژنان لە هەموو بوارەکانی ئەدەبی و زانستی و مرۆڤایەتیدا دەگەنە لوتکە.
ژنانی تونس، بە حیکمەت و زیرەکی خۆیان، پێش یاسای باری کەسی بوون لە ڕەتکردنەوەی فرەژنی لە ڕێگەی ئەوەی کە بە "الصداق القيرواني" ناسراوە، کە ڕێککەوتنیێکی هاوسەرگیری مێژووییە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی هەشتەمی زایینی، ئەم ڕێکەوتنە فرەژنی قەدەغە دەکات و مافی جیابوونەوە بە ژنان دەبەخشێت، ئەگەر پیاوێک ژنێکی تری هێنا، دەبێت بە ڕەزامەندی ئەو ژنە بێت، هەروەها بە "مەرجی قەیروان" ناسراوە، سەرچاوەکەی لە "ئەروا قەیروان"ەوە سەرچاوەی گرتووە، کە مەرجی بۆ خەلیفە مەنصور داناوە کە ناتوانێت بەبێ ڕەزامەندی ئەو هاوسەرگیری دووەم ئەنجامبدات و ئەگەر ڕەزامەندی نەبێت ئەوا مافی جیابوونەوەی دەبێت.
تونس نموونەیەکی زیندووە بۆ سەرکەوتنی یاسای باری کەسی لە پێشخستنی کۆمەڵگالە و ڕزگارکردنی لە چنگی دواکەوتوویی قێزەون، هەر ئەمەیە کە من لە نووسینەکەمدا و لە کۆبوونەوە ئەدەبی و فیکریەکاندا بانگەشە بۆ دەکەم.