نەتەوەیەکگرتووەکان: توندوتیژیی دژی ژنانی ڕۆژنامەنووس دوو هێندە زیادی کردووە
نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، توندوتیژیی ئەلیکترۆنیی دژی ژنانی ڕۆژنامەنووس دوو هێندە زیادی کردووە، هاوکات هۆشداری دەدات کە زیرەکیی دەستکرد بووەتە هۆی زیادبوونی هەڕەشەکان بۆ سەر ژنانی میدیاکار.
ناوەندی هەواڵ
نوسینگەی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی توندوتیژییە ئەلیکترۆنیییەکان و کاریگەرییە دەروونییەکانی سەر ژنانی ڕۆژنامەنووس، ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: لە ئێستادا ڕێژەی سکاڵای ژنانی ڕۆژنامەنووس لای پۆلیس بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٠ دوو هێندە زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٢٢٪؛ لە هەر چوار ژن یەکێکیان بەهۆی ئەم توندوتیژییانەوە تووشی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ بووە. ئەم فشارانە وایکردووە ٤٥٪ـی ژنانی ڕۆژنامەنووس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چالاکییەکانی خۆیان سنووردار بکەن.
ئاماژە بەوەش کراوە، ١٢٪ـی ژنانی ڕۆژنامەنووس و پارێزەرانی مافی مرۆڤ ڕووبەڕووی بڵاوکردنەوەی وێنەی تایبەتی بێ ڕەزامەندی بوونەتەوە، هەروەها ٦٪ـیان بوونەتە قوربانیی دەستکارییەکانی وێنە و دەنگی ساختە (Deepfake) بە زیرەکیی دەستکرد، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ بێدەنگکردنی ژنان لە ژیانی گشتیدا و لەکەدارکردنی ناوبانگی پیشەیی و کەسییان دەبینرێت.
نوسینگەی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات، کە زیرەکیی دەستکرد ئاسانکاریی بۆ سووکایەتیکردن و تێکدانی مافە بەدەستهاتووەکانی ژنان کردووە؛ هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوانەدا، نزیکەی ٢٢٪ـی ژنانی ڕۆژنامەنووس لە کارە پیشەییەکانیاندا پەنا بۆ بێدەنگی دەبەن، بۆ ئەوەی لە هێرشە ڕێکخراوەکانی ناو ژینگەی ئەلیکترۆنیی پارێزراو بن.
نوسینگەی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە حکومەتەکان کرد یاسای توند بۆ ڕێگریکردن لە هەراسانکردنی ئەلیکترۆنیی دەربکەن، چونکە کەمتر لە ٤٠٪ـی وڵاتان یاسای پاراستنیان هەیە. هەروەها جەخت کرایەوە کە پێویستە سەکۆ ئەلیکترۆنیییەکان بە هەستیارییەوە وەڵامی ئەم قەیرانە بدەنەوە.
پێشتریش ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و یونسکۆ هۆشدارییان دابوو کە بەهۆی نەبوونی پاراستنی یاسایی، نزیکەی یەک ملیار و ٨٠٠ ملیۆن ژن لە جیهاندا ڕووبەڕووی هەڕەشەی ئەلیکترۆنیی دەبنەوە و بێ بەرگری ماونەتەوە.