نەتەوەیەکگرتووەکان داوادەکات بە زوتریین کات هاوکاری بۆ غەززە بنێردرێت

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، پێویستە بە زووترین کات بارهەڵگرەکانی هاوکاری بۆ کەرتی غەززە بنێردرێن و فریاگوزاری بەردەوامیان بۆ دابین بکرێت.

 

ناوەندی هەواڵ - لە بەرەبەیانی ٧ی تشرینی یەکەم، گروپی چەکداری حەماس هەزاران موشەکی ئاڕاستەی ئاسمانی ئیسرائیل کرد و سەدان چەکداری چووە شارە ئیسرائیلییەکانەوە و گرژی و ئاڵۆزییە چەکدارییەکانی نێوانیان تا ئێستاش بەردەوامی هەیە.

ئەمڕۆ هەینی ٢٠ی تشرینی یەکەم، ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وتارێکدا لە دەروازەی رەفەح رایگەیاند، دەبێت بارهەڵگرەکانی هاوکاری بە زووترین کات بگەنە کەرتی غەززە.

ئاماژەی بەوەشکرد، نەتەوە یەکگرتووەکان پەیوەندی بە هەموو لایەنەکانەوە دەکەن بەمەبەستی دڵنیابوون لە ڕوونکردنەوەی ئەو مەرجانەی کە بۆ چوونە ژوورەوەی هاوکارییەکان دانراوە، بۆ ئەوەی بتوانن بارهەڵگرەکانی هاوکاری بۆ کەرتی غەززە بنێرن.

وتیشی، "پێویستە دڵنیابین لەوەی کە بارهەڵگرەکان رۆژانە دەچنە ناو غەززەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی بەردەوام فریاگوزاری بۆ دانیشتوانی ئەوێ دابین بکرێت، هەروەها پێویستە ئاگربەست ڕابگەیەندرێت چونکە ئاگربەست ئاسانکاری دەکات بۆ چوونە ژوورەوەی هاوکارییەکان بۆ کەرتی غەززە.