نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدانەی ئەو بڕیارانە دەکات کە تاڵیبان بەسەر ژنانی ئەفغانستانی سەپاندووە

نەتەوە یەکگرتووەکان کۆمەڵێک بڕیاری نوێی ئیدانە کرد کە لەلایەن تاڵیبانەوە بەسەر ژناندا سەپێندراون، وەک پابەندبوون بە جلوبەرگی تەواوی ئیسلامی و دەرنەکەوتن لە شوێنە گشتییەکان.

ناوەندی هەواڵ

 

تاڵیبان بڕیاری ئارەزوومەندانەی بەسەر ژنانی ئەفغانستاندا سەپاند و ڕێگری لە قسەکردنیان لە شوێنە گشتییەکان کرد و داوای کردووە جلوبەرگێک لەبەر بکەن کە دەموچاو و جەستەیان داپۆشێت.

 

دوێنێ، بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارەکەی تاڵیبان بۆ قەدەغەکردنی قسەکردنی ژنان لە شوێنە گشتییەکان و سەپاندنی پۆشینی جلوبەرگی تەواوەتی ئیدانە کرد و ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم قەدەغەکردنە پاشەکشە بە مافەکانی ژنان و قووڵکردنەوەی قەیرانەکانی وڵات دەکات.

 

ڕۆزا ئوتونباييفا، بەرپرسی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان، وتی: ئەم یاسایانە ئەو سنووردارکردنە بەرگەنەگیراوانە زیاد دەکەن کە بەسەر مافەکانی ژنان لە ئەفغانستاندا سەپێندراون، دەنگی ژن بووەتە پێشێلکارییەک لای ئەو دەسەڵاتە.

 

چوارشەممەی ڕابردوو، بزووتنەوەی تاڵیبان کۆمەڵێک بڕیاری نوێی ڕاگەیاند کە بریتین لە پابەندکردنی ژنان بە شاردنەوەی دەم وچاو و جەستەیان و قسەنەکردن لە شوێنە گشتییەکان.

 

لە ئێستادا نەتەوە یەکگرتووەکان سەرقاڵی پێداچونەوەیە بە کاریگەریی ئەم بڕیارانە لەسەر دۆخی ئەفغانستان، لەوانەش کاریگەرییەکانیان لەسەر ئەو هاوکاریانەی پێشکەش دەکرێن، کە بەدووری دەزانێت تا ئەو کاتەی ئەم سنووردارکردنانە بەردەوام بن.

 

ڕۆزا ئوتونباييفا، ئامادەکاری دەکات بۆ پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێک بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ١٨ی ئەیلولدا، تیشک دەخاتە سەر دۆخی ئەفغانستان دوای سێ ساڵ دوای ئەوەی تاڵیبان بڕیاریدا خوێندنی ژنانی گەنج لە دوای پۆلی شەشەم ڕابگرێت.